ئامارەکان ترسناکن
جیابوونەوە مۆتەكەی هاوسەران
# زۆربوونی رێژەی جیابوونەوە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگە هەیە
راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
دادگای كەركوك: لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە 806 گرێبەستی هاوسەری تۆماركراون هاوکات 203 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە
ژیانی هاوسەری لە نێوان ژن و پیاودا یەكێكە لەو پرۆسە كۆمەڵایەتییانەی كە پەیوەستی كۆمەڵێك بنەمای پێكەوەژیان و گونجاوی كۆمەڵێك رێساو یاسای ئێستا و دوا رۆژن، كە پێویستە هەردوولا لەسەری رێكبكەون و پابەندی رێکارەکانی كۆمەڵگە بن، چونكە لێكترازانی یەكێك لە بنەما و رێساكان دەبێتە هۆی هەڵتەكاندنی شیرازەی خێزانەکە، ئەوكات جیابوونەوە دەبێتە مۆتەكەیەك كە هەردوولا لەیەک جیادەكاتەوە و دەبێتە هۆی لێكترازانی هەموو رێساو یاساكانی هاوسەری و كۆمەڵێك كێشەی لاوەكی و سەرەكی سەرهەڵدەدەن.
پارێزەرێک: جیابوونەوە پرۆسەیەكی ناخۆشە، بەڵام چارەسەرێكی لاوەكی و یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەوەی گرفتی گەورەتر دروست نەبێت
دەستێوەردان گرفتە
عەلی محەمەد، ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، بەڵام ئێستا دۆسیەی جیابوونەوەیان لە دادگایە و چاوەڕێی چارەسەر دەكەن، وتی: دامەزراندن و دروستکردنی ژیانی هاوبەش لە نێوان دوو کەسدا ئاسان نییە، بەڵام کاتێك کێشەکان بەردەوام گەورە دەبن و چارەسەرکردنیان ئەستەم دەبێت جیابوونەوە باشترین رێگەیە بە تایبەت کاتێک منداڵ لە نێواندا نەبێت.
وتیشی: زۆر هەوڵمدا كە پرۆسەكە نەگاتە جیابوونەوە و چارەسەری بكەم، بەڵام هەندێك جار كێشەكە لە خودی خۆماندا روونادات، بەڵكو كۆمەڵگە و خێزان رۆڵ دەبینن بەتایبەت (دایك و باوك و خوشك و برا)، بۆیە پێویستە لەسەر هەردوولا تایبەتمەندی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا بپارێزن و كێشەكان بەشێوەی عاقڵانە لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بكەن، بەڵام ئەگەر هاتوو كۆمەڵگە و کەسوکاری ژن و مێردەکە پێیانزانی و دەستێوەردانیان کرد ئەوا تێنەگەیشتن زیاتر دروست دەبێت و ناچار بە جیابوونەوەت دەکات.
ئامارەكان ترسناكن
بەپێی ئامارێكی دادگای كەركوك كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە 806 گرێبەستی هاوسەری تۆماركراون، هاوکات 203 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، ئەمە جگە لەوەی لە دەرەوەی دادگا حاڵەتی جیابوونەوەی تر هەبووە.
دەریا حەمید پارێزەر لە دادگای كەركوك، سەبارەت جیابوونەوە و ژیانی هاوسەری بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ژیانی هاوسەریدا جیابوونەوە پرۆسەیەكی ناخۆشە، بەڵام چارەسەرێكی لاوەكی و یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەوەی کێشەکان زیاتر قووڵ نەبنەوە و گرفتی گەورەتر دروست نەبێت.
وتیشی: ئەگەر سەیری ئاماری جیابوونەوە لە دادگا بکەین دەگەینە ئەو راستییەی كە لێكترازانی ژیانی هاوسەری قۆناغێكی ترسناكی بڕیوە بەراورد بە مارەکردن، بۆیە پێویستە لە سەر دەزگا پەیوەندیدارەكان كار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن بە ئامانجی كەمكردنەوەی لێكترازان و جیابوونەوە، چونكە پرۆسەی جیابوونەوە تەنیا خۆی لە نێوان دوو كەسدا نابینێتەوە، بەڵكو كۆمەڵێك كێشەی لاوەكی و سەرەكی دروست دەکات لە دەوروبەر، هەندێکجار کێشەکانی دوای جیابوونەوە گەورەتر دەبێت بەتایبەت ئەگەر منداڵ لە بەیندا هەبێت.
هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشكرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دادگای كەركوك بە دەستی كەوتووە هەندێك مانگ پرۆسەی مارەکردن و جیابوونەوە هاوسەنگ دەبنەوە کە هەندێكجار توندوتیژی تێدا روو دەدات، بارودۆخی كەركوك لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە پەیوەستی كۆمەڵێك كێشەی جۆراو جۆرە ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر خێزانەکان دروست دەکات بۆیە پێویستە دۆخەکە لەڕووی ئاینی و یاساییەوە بەوردی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ئەو لێكترازانە روونەدات.
محەمەد خورشید دەروونناس و شارەزا لە بواری كۆمەڵایەتی و دەروونناسی لە دادگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: زۆربەی كاتەكان دادوەر كێشەی جیابوونەوە دەنێرێتە لای ئێمەی دەروونناس و توانیومانە بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكەین و نەهێڵین بگاتە جیابوونەوە، بەڵام هەندێك جار كێشەكان چوارچێوەیەكی كۆمەڵایەتی دژواری هەیە و كوشتن دەكەوێتە ناو پرۆسەكەوە، بۆیە لەو رووەوە جیابوونەوە باشترین چارەسەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین كۆمەڵگە و خێزان لە كارەساتی گەورەتر بپارێزین، چونكە دەروونی نێوان دوو كەس ئەگەر دەستپێشخەری چارەسەریان نەبێت ئەوا جیابوونەوە باشترین هەنگاوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانین چارەسەری كێشەكان بكەین.