وتەبێژی وەزارەتی كارەبا:
دوو وێستگە كارەبا دەدەن بە پارێزگاكانی تری عیراق لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستكراون
لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی كوردستان تیشك دەخاتە سەر رەوشی كارەبا و هەوڵەكانی باشتركردنی بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی كارەبا بە ناوچەكانی تری عیراق و كاریگەریی لەسەر كارەبای ناوخۆ، هەروەها باس لە چارەسەركردنی گرفتەكانی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا و رێگەگرتن لە كوژانەوەی گشتی دەكات، هاوكات هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی قەرزەكانی سەرهاووڵاتیان و كەمبوونەوەی كارەبای بەشێك لە پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە رووندەكاتەوە.
دیداری/ تەها عەبدوڵڵا
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەبارەی پلان و بەرنامەی وەزارەت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كارەبا وتی: هەوڵدەدەین ئەو ماستەرپلانەی بۆ باشتركردنی رەوشی كارەبا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دانراوە تازەی بكەینەوە، كە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست نەتوانراوە وەك پێویست جێبەجێ بكرێت کە بەهۆیەوە بەشێكی زۆر لە پرۆژەكانی تایبەت بە كارەبا وەستاوە، لەگەڵ ئەوەش بەو توانا كەمەی لەبەردەستدا بووە توانراوە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر لە بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و تۆڕەكانی دابەشكردنی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا دەڵێت: ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان چوار هەزار مێگاواتە، لەكاتێكدا خواستی كارەبا لە وەرزی زستاندا حەوت هەزار و لە وەرزی هاویندا پێنج هەزار و 500 مێگاواتە، هەرچەندە ژێرخانی بەرهەمی كارەبا لە هەرێمی كوردستان حەوت هەزار و 400 مێگاوات تێپەڕ دەكات، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ كارپێكردنی وێستگەكان و تەرخان نەکردنی بودجەی پێویست، نەتوانراوە كار بەو وێستگانە بكرێت و بەرهەمی كارەبا بۆ ئاستی پێویست بەرزبكرێتەوە.
ژێرخانی بەرهەمی كارەبا حەوت هەزار و 400 مێگاوات تێپەڕ دەكات، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و بودجەی پێویست نەتوانراوە كار بەو وێستگانە بكرێت و بەرهەمی كارەبا بەرزبكرێتەوە
کاریگەریی پێوەری زیرەک
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەبارەی پرۆژەی پێوەری زیرەك و كاریگەریی لەسەر باشتركردنی رەوشی كارەبا دەڵێت: دوای ئەوەی دەستكرا بە جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك، توانرا سەرجەم هاوبەشان كە ژمارەیان یەك ملیۆن و 400 هەزار بوو ئەو پێوەریان بۆ دابین بكەین، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ژمارەی هاوبەشان قۆناغی دووەمی پرۆژەكە دەستپێدەكات و نزیكەی 500 هەزار پێوەری تر دابین دەكرێت، بەمەش كۆی گشتی پێوەری زیرەك دەگاتە یەك ملیۆن و 900 هەزار.
وتیشی: پێوەری زیرەك یەكێكە لە پرۆژە گرنگ و پڕ بایەخەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بەهۆیەوە توانراوە لە بواری سەرپێچی كارەبا و خوێندنەوەی وزەی بەکارهاتوو سوودی باشی هەبێت، هاوکات بۆتە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی سووتانی بگۆڕ(محاویلە) و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و چارەسەركردنی گرفتە تەكنیكییەكان، لە داهاتووشدا ئەو پێوەرە خزمەتگوزاری تر پێشكەش بە هاوبەشان دەكات.
لە بارەی وەرگرتنەوەی پارەی كارەبا لە هاووڵاتیان و بەكارهێنەران بەگشتی ئاماژەی بەوەکرد: ئەوەی پەیوەندی بە هاووڵاتیانەوە هەیە بەهۆی بارودۆخی دارایی و گرفتی مووچە لە هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆر لە بەشداربووان پارەی كارەبایان نەداوە، ئەمەش وایكردووە قەرزێكی زۆر لە سەریان كەڵەكەبێت كە دەگاتە یەك ترلیۆن و 300 ملیار دینار، لەو بڕە لە 70 %ی هاوبەشانی كارەبای ماڵ و بازرگان و كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی دەگرێتەوە، بەشێكی تر لە قەرزەكان لەلای دامودەزگاكانی حكومەتە، بۆئەوەی بتوانرێ ئەو پارەیە وەربگیرێتەوە وەزارەتی كارەبا رەچاوی باروگوزەرانی هاووڵاتیانی کردووە و شێوازی قیستی جۆراوجۆری داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری لێخۆشبوون هەیە لەكاتی گەڕانەوەی قەرزەكان، كە پێشتر لە 15 % بوو ئێستا تاكۆتایی مانگی حەوت لە 20 % دانراوە.
فرۆشتنی کارەبا بە عیراق
سەبارەت بە فرۆشتنی كارەبا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە ناوچەكانی تری عیراق و كاریگەریی لەسەر بەرهەمی ناوخۆ وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رونیكردەوە: دوو وێستگە كارەبا دەدەن بە پارێزگاكانی تری عیراق لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستكراون، ئەو كاتەی وێستگەكانیان تەواو كردووە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی نەبووە كارەبایان لێ بكڕێت یان سووتەمەنییان بۆ دابین بكات، بۆیە بەهۆی ئەوەی پارەیەكی زۆریان لە دامەزراندنی ئەو دوو وێستگەیەدا خەرج کردبوو پێویستیان بەوە دەبێت بەرهەمی كارەباكەیان بفرۆشن، بۆ ئەمەش سووتەمەنییان بۆ خۆیان دابینكردووە و كارەباكە دەفرۆشن بە حكومەتی عیراق، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرهەمی کارەبای ناوخۆی کوردستانەوە نییە، چونكە وەك ئاماژەمان بۆ كرد ئەگەر ئێمە گرفتی سوومەتەنیمان نەبێت وێستگەی پێویستمان هەیە بۆ ئەوەی رێژەی كارەبا بەرز بكەینەوە، واتا گرفتەكەی ئێمە نەبوونی وێستگە نییە، بەڵكو نەبوونی سووتەمەنی و بودجەی پێویستە بۆ كارپێكردنی ئەو وێستگانە.
جەختیشیکردەوە، هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن تا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بەرز بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین رێژەی بەرهەمی كارەبا بگەیەنینە خواستی هاوبەشان.
دابینکردنی كارەبا بۆ تۆڕەكانی ئاو
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە بارەی گرفتی تەکنیکی و نەگەیشتنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا وتی: جگە لەوەی چەند جارێك هێرشی درۆن كراوتەوە سەر كێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، جارجار گرفتی تەكنیكی دروست دەبێت، ئەمەش چاوەڕوانكراوە، كە بەهۆیەوە دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكان كەمدەبێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بتوانین كاریگەریی ئەو گرفتانە كەمبكەینەوە و بەكاتێکی زوو چارەسەر بكرێت، وەك چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا گرفتێكی لەو جۆرە روویدا و بە چەند سەعاتێك توانرا ئاستی كارەبا بگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی.
دواجار سەبارەت بە دابینكردنی كارەبا بۆ تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە باسی لەوەکرد: وەزارەتی كارەبا بەرپرسە لە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم شوێنەخزمەتگوزارییەكانی وەك نەخۆشخانەكان و تۆڕەكانی ئاو و ئەوانی تر، بەڵام هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا لەسەر هەندێك لە بیرەكانی ئاو بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرپێچی كراوتەوە سەر ئەو فیدەرەی بۆ بیرەكانی ئاو دابینكراوە، بەمەش فشاری زیاتر دەكەوێتە سەر كارەبای ئەو بیرانە و بەهۆیەوە ئاستی دابینكردنی كارەبا كەمدەكات، لەگەڵ ئەوەشدا كارەبای بیرەكانی ئاو زۆر زیاترە لەو كارەبایەی بە گەڕەكەكان دەدرێت.