بەیان ئیبراهیم، خەڵكی شاری سلێمانییە، ماوەی چەند ساڵێكە لە بواری ئەدەبیاتدا دەنوسێت بە تایبەت شیعر و وتار، هەروەها لێكۆڵینەوەی ئەدەبیشی سەبارەت بە شیعر هەیە كە لە گۆڤاری دیوان بڵاوبۆتەوە.
بەیان ئیبراهیم بە دوالاپەڕەی وت: بەشداریی زۆرم لە فێستیڤاڵەكانی شیعردا كردووە و تێیدا خەڵاتم وەرگرتووە، هەروەها بەشداریی میهرەجانی بابلیشم كردووە بە چەند دەقێكی شیعری كە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و خەڵاتەكەیم پێبەخشرا، دەقە شیعرییەكانم وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی، هەروەها لە كتێبی ئەنتۆلۆژیایی شیعری ژنانی كوردستان دەقی شیعرێكم كراوەتە سەر زمانی فەرەنسی و بە كتێب بڵاوبۆتەوە، چەندین وتاری سیاسی و كۆمەڵایەتیشم هەیە لە سایت و ماڵپەرەكاندا بڵاوبوونەتەوە.
بەیان وتیشی: ئەزمونی شیعریم دەگەرێتەوە بۆ ساتی خەیاڵەكانم كەواتە لە مێژە ئەو خەیاڵەم لادروست بووە كە هەست و نەستی خۆم لە دەقی شیعریدا بنوسمەوە، چونكە شیعر رەسمكردنی ئەو دنیایە كە لە خەیاڵی شاعیردا دروست دەبێت، واتا ئەو كاتەی كە دنیا بە خواستی شاعیر نییە، ئیشی شیعر تێكشكاندن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو دنیایە كە شاعیر لە رێی زمان و وشەوە دروستی دەكات، رۆحی شیعر دیوە راستییەكەی شاعیرە، جا ئیتر چی ناو دەنێن ئەوەیان كێشەی ناو و زمانە، بەڵام رۆحیەتی شیعر ناوێكی جوانە، شیعر وەك ئاوی كانی وایە سەرچاوەكەی عەشقە، بۆیە بێ عەشق شیعریش نابێت، بێگومان شیعر بۆ منی ژن ئەو دنیایەیە كە كاتێ هاوار دەكەم ئەو گوێی لێمە، كە دەگریم فرمێسكەكانم بۆ دەسڕێ، كە چاوم تێك دەچێت پڕم دەكات لە تابلۆی رەنگ، كە دەڕوخێم شیعر دروستم دەكاتەوە، تاكە هاوڕێمە دەستی كوێریم دەگرێت، كاتێكیش دەڵێم لێرە ژن بوون قورسە، ئەو دەمباتە ماڵەكەی خۆی كە ژن بوون تێیدا پڕە لە ئازادی و پڕە لە فڕین.
یەسنا محەمەد