نامەیەك بۆ سودانی

* سەرۆك كۆمار داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەکات * بەرپرسان و چاودێران گومان و رەخنەیان لە جێبەجێکردنی ماددەکە هەیە

11:05 - 2024-07-02
ڕاپۆرت
180 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی / ئیدریس جەبار


ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بە ماددەی 140 بە كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند: «ماددەی 140 ماددەیەكی دەستووری عیراقە بەپێچەوانەی ئەو هەڵایانەی كاتی خۆی لەسەر ماددەكە دروستكرا، تا جێبەجێ‌ دەكرێت و ئەركەكانی یەكلایی دەبێتەوە، بەشێكە لە دەستوورەکە، ئەو قسانە راست نیین كە دەوترێت ماددەیەكە بۆ قۆناغێكی راگوزەر، بەڵكو بەشێكە لە دەستوور، مەگەر دەستووری عیراق بگۆڕدرێت، ئەمەش زۆر زەحمەتە، چونکە ئاراستەكانی گۆڕینی دەستوور بۆ ماددەی ئاساییە، نەك بۆ ماددە ئاڵۆزەكانی وەك ماددەی 140».
وتیشی: ماددەكە وەك خۆی ماوەتەوە و دەبێت لێرەدا لەسەر ئەوە هەڵوێستە بكەین كە چۆن كورد ئیشی لەسەر بكات و بیبووژێنێتەوە. ئەمەش بەشێك لە لێپرسراوێتی و ئەركەكانی حكومەتی عیراق، بە تایبەتیش کابینەکەی سودانی كە یەكێك لە مەرجەكانی پێكهاتن و بەشداریی كورد و بەتایبەتی ی.ن.ک، ئەوەبوو مەلەفی 140 ببوژێنرێتەوە بە هەموو رەهەندەكانییەوە.
روونیشیکردەوە کە ئەوەی زیاتر لەو ماددەیەدا لەو دۆسێیەدا بەرچاوە، بابەتی قەرەبووكردنەوەیە، بەڵام هەر خودی ماددەكە ئەگەر بیر لە جووڵاندنی بكرێتەوە، ئەوە دەگەیەنێت كە وەك خۆی ماوە و ئیشی لەسەر دەكرێت.

ستران عەبدوڵڵا: ئاراستەكانی گۆڕینی دەستوور بۆ ماددەی ئاساییە، نەك بۆ ماددە ئاڵۆزەكانی وەك ماددەی 140
هاوڕێ‌ تۆفیق:  سەرۆک کۆمار داوای لە سەرۆک وەزیران کردووە سیاسەتی تەوافوق رەچاو بكرێت و ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت
فەهمی بورهان: رێگری و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140 زیاتر سیاسیین

جێبەجێكردنی ماددە دەستورییەكان 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ی.ن.ک پێشیوابوو کە جێبەجێكردنی هەر ماددەیەكی دەستووری، وابەستەی هێز و مەعنەویات و پرەستیجی ئەو كەسەیە كە داوای جێبەجێكردنی دەكات، چونكە ماددە دەستوورییەكان لە دەستووری عیراق و هەر دەوڵەتێكی تر، لەبەرئەوەی ماوێتی كەلتورێكی جێبەجێكردنی دەستوور پەیدا ببێت، وابەستەی ئەو كەسەیە کە داوای دەكات و بەدواداچوونی بۆ‌ دەكات، وتیشی: ماددەكان لە دەستوور و یاساكاندا دەقێكن لەسەر كاغەز، تا ئەوكاتەی كەسێك دێت داوای دەكات و دەیجوڵێنێت، بۆیە پێموایە ئێستا ئەوە بەشێكە لە بەرنامەی حكومەتی فیدراڵ و نوێنەرەكانی كوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن کاری لەسەر بكەن و حزبە سیاسییە كوردستانییەكانیش دەتوانن وەك داواكارییەك بۆ هەر رێككەوتنێكی سیاسی ئیشی لەسەر بكەن.

حكومەتی كەركوك و ماددەی 140 
هەروەها روونیکردەوە کە پەرەسەندنی بابەتی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش، دەبنە یارمەتیدەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە، بۆ نموونە ئەگەر سبەی حكومەتی لۆكاڵیی كەركوك پێكبێت، بەپێی شایستەكانی هەڵبژاردن، رێگەیەك دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، چونكە حكومەتی كەركوك لەم وەكالەت و لەم كەفارەتە نەجاتی دەبێت و دەبێتە حكومەتێكی رەسەن و گوزارشت لە خەڵكی شارەكە دەكات و رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەویوزار خۆش دەكات و ئیدارە و ژیانی خەڵك لە كەركوك بەرەوپێش دەچێت، دواتر داواكارییە جەوهەرییەكانی تر دێنەپێشەوە، ئەگەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان باش ببێت، ئەگەر هەندێك دەڵێن جا مووچە چییە، دەكرێتە پرسێكی سەرەكی، بەڵام ئەگەر بابەتی ژیان و گوزەران و مووچە چارەسەر بوو، ئەوا خەڵك لە تێرییدا داوای مافەكانی تری دەكات، چونكە ئەگەر خەڵكی هەرێمی كوردستان ژیان و گوزەران و مووچەی لەژێر هەڕەشەدا بێت، ناچنە سەر داواكارییەكانی تر، تا ژیانی خەڵك بەرەوپێش بڕوات، رێگە زیاتر بۆ جێبەجێكردنی ماددە دەستورییەكان و بە تایبەتی ماددەی 140 خۆش دەبێت».

هەڵبژاردن لە كوردستان 
ستران عەبدوڵڵا وتیشی:»ئەگەر هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێت، ئەوا حكومەتێكی نوێ دێنێتە كایەوە و بە پشتیوانیی گەلی كوردستان دەتوانێت داوای مافەكانی گەلی كوردستان بكات، لەو چوارچێوەیەشدا ماددەی 140. 
پەرلەمانێكی نوێ و حكومەتێكی نوێ و سەركردایەتییەكی نوێ بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، وادەكات پشتیوانی گەلەکەمانی ئەوکاتە دەتوانێت بە حكومەتی عیراق بڵێت دەبێت ئەم داواكارییانەمان بۆ جێبەجێ‌ بكەیت، چونكە ئێمە نوێنەرایەتیی گەلی خۆمان دەكەین و گەلەكەمان داوای جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە دەكات.
باسیشی لە نامەیەكی تایبەتی كرد كە لەلایەن د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران نێردراوە و تێیدا داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور دەكات.

نامەكەی سەرۆك كۆمار بۆ سودانی 
سەبارەت بە نامەکەی سەرۆک کۆماریش، هاوڕێ‌ تۆفیق راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆمار، بە كوردستانی نوێ ‌-ی راگەیاند: «لەم ماوەیەی دواییدا سەرۆك كۆمار نووسراوێكی رەسمی بۆ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ نارد، لە ناوەڕۆكی نامەكەدا سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستوور، داوا لە دەسەڵاتی راپەڕاندن (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ) دەكات، ماددەی 140 وەك ماددەیەكی دەستووری، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی و چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی هاتوونەتەپێش و بۆ چارەسەركردنی كێشە كارگێڕی و هونەرییەكان كە رووبەڕووی ناوچەكانی ماددەی 140 بوونەتەوە، بەتایبەتی مەسەلەی كەركوك، هەروەها داوا دەكات سیاسەتی تەوافوقی نیشتمانیی و هاوبەشیی نیشتمانی لە دروستكردنی بڕیار و لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی دەوڵەتدا رەچاو بكرێن».
بە وتەی هاوڕێ‌ تۆفیق:»داواكارییەكەی سەرۆك كۆمار بەشێوەی رەسمی و لەشێوەی نووسراوێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ نێردراوە كە وەك ئەركی سەرۆك كۆمارە بۆ جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ماددەی 140 -ەوە هەیە كە ماددەیەكی گرنگ و هەستیاری دەستوورە».
ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەکە
لەبارەی ئاستەگەكانی بەردەم ماددەی 140یشەوە، فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە كوردستانی نوێ ‌-ی راگەیاند:»سەرۆك كۆمار لە نامەكەیدا بۆ سودانی، داوای كردووە دەستوور لە عیراقدا جێبەجێ‌ بكرێت، بەتایبەتیش ماددەی 140 كە پێویستە هەمووان پێوەی پابەندبن و هەوڵبدرێت هەنگاوەكان بخرێنەوە سەر سكەی ئاسایی خۆیان، بەوپێیەی دەستوور هەموومان كۆدەكاتەوە و ناكرێت ئەو دەستوورەش بڕگەیەكی جێبەجێ‌ بكرێت و بڕگەیەكی تری فەرامۆش بکرێت، بەوپێیەش کە سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستوورە، ئەمەش بە یەكێك لە هەوڵە گرنگەكان دادەنرێت، بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ئەو ماددە گرنگە».
سەبارەت بە رێگرییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140یش فەهمی بورهان دەڵێت: «رێگری و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پێش هەموویانەوە سیاسیین، بەوپێیەی زۆرێك لە هێز و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان، تائێستا دیدێكی روونیان نییە بۆ سەلماندنی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان، بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش ماددەی 140، ئەو جۆرە هەڵوێست تۆماركردنەش كە لەنێو نوێنەرانی عیراقدایە، وایكردووە لە دیدی نیشتمانی و كاركردن بە ئاراستەی یەك تیمی دووربكەونەوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی هەموو هێزە عیراقییەكان بەرپرسن لەبەرامبەر جێبەجێنەبوونی ماددە دەستوورییەكان».
جێی ئاماژەیە دەبوو هەرسێ قۆناغی ماددەکە بە ئاساییکردنەوە و سەرژمێریی و راپرسییەوە تا رۆژی 31/12/2007 تەواو ببووایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان