کۆنفرانسی زار و رێزمانی كوردییش بەڕێوەیە

یەكەمین دیداری شیعر و چیرۆك و رەخنە لە گەرمیان

10:36 - 2024-07-03
ڕاپۆرت
279 جار خوێندراوەتەوە
لە دیدارەکەدا پانێڵێك، 30 چیرۆك و نۆ دەقی شیعری پێشكەشكران

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

ئەنجومەنی ئەدیبان و نووسەرانی كەلار بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، یەكەمین دیداری گەرمیان بۆ شیعر و چیرۆك و رەخنە لە هۆڵی رۆشنبیری گەرمیان  لە كەلار رێكخست. تێیدا پانێڵێك و 30 چیرۆك و نۆ دەقی شیعری پێشكەشكران. بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە رۆشنبیران و ئەدەب دۆستانی سنوورەكە گفتوگۆی پێویست لە بارەی بابەتە پێشكەشكراوەكانەوە كرا.

كارکردن بۆ كۆنفرانسێكی گەورە
ساڵح هەلاج سەرۆكی ئەنجومەنی ئەدیبان و نووسەرانی كەلار بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پانێڵێكی گرنگ بۆ دوو كەسی شارەزا بەڕێوەچوو دەربارەی شیعر و ئەزموون چیرۆكنووس مامۆستا ئەحمەد شاكەلی كە یەكێك بوو لە رابەرانی چیرۆكی نوێی كوردی، سێ چیرۆكنووس چیرۆكی خۆیان خوێندەوە، لەگەڵ پێشكەشكردنی دەقە شیعرییەكان لەلایەن نۆ شاعیری گەرمیان و گەرمەسێرەوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی ئەدیبان و  نووسەرانی كەلار دەڵێت: بەشێك لە شاعیرەكان بە شێوەزاری كەلهوڕی شیعریان نووسیبوو جۆرێك لە تێهەڵكێشی دروستكرابوو. دیدارەكە ئامانجی ئەوەیە گوڕوتینێكی تر بە شیعر و چیرۆك و رەخنە بدات و ئەزموونی شاعیر و چیرۆكنووس و گەنجەكان بخاتەڕوو.
وتیشی: ئەنجومەنەكەمان كۆنفرانسی تری ئەدەبی لە بەرنامەدایە، كە ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆ دەكەین سەبارەت بە زار و رێزمانی كوردی.

كەرەستەی دەقە پێشكەشكراوەكان 
دكتۆر دڵشاد عەلی كە لە پانێڵەكەدا لە بارەی سازان و نەسازان لە چنینی دەقی شیعریدا قسەی كرد بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم دیدارە هەوڵێكە بۆ كردنەوەی دەرگایەكی نوێی رەخنەیی، زیاتر بایەخ بە چنینی دەق دەدات لە دوو ئاستدا، ئاستی زمان و ئاستی واتا، لەبەرئەوەی شیعر پێش هەر شتێك دەبێت هونەرێكی جوان بێت، جوانی چنینی زمان بە جوانی چنینی واتاوەیە.
وتیشی: لە پانێڵەكەدا كۆمەڵێك دەقمان هێنایەوە كە ئەو دەقانە ئەگەرچی بە دەقی سەركەوتوو بینیومانن، بەڵام لە ناواخندا جۆرێك لە نەشازی و ناسازی لە چنینەكەیاندا دەبینین. هۆی ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی یەكێك لە كێشەكانی رەخنەی ئەدەبی لە كۆنەوە تائێستا و تازەترین تیوەر خوێنەر ئالوودە دەكەن بە بایەخدان بە واتا، نەك خوێنەر ئاڕاستە بكەن بەرەو چۆنێتی هەڵێنجانی جوانی لە دەقەدا یان چێژ وەرگرتن لە جوانی دەق.
لە بارەی رەنگدانەوی ئەنفال و ئازارەكانی گەرمیان لە دەقە ئەدەبییە پێشكەشكراوەكاندا، د.دڵشاد عەلی وتی: زۆربەی چیرۆك و شیعرەكان كە لە دیدارەكەدا پێشكەشكران كەرەستەكەی ئەنفال بوو بە زمانێكی پاراو نووسرابوون.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ رەخنەی لە دەقە پێشكەشكراوەکانیش هەبوو ئاماژەی بەوەكرد: دەبێت دەقەكان وەك شیعر بنوسرێن، نەك وەك وتاری ئاسایی ئەوەی بینیمان زیاتر وەك وتار دەردەكەوتن.

دەقی شیعری دانەبڕاوە لە رووداوەكان

كۆسار عومەر مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیدارێكی گرنگ بوو لەبەرئەوەی رەخنەی جدی و ئەكادیمی كەمە، رەخنە لەم سەردەمەدا رۆحییەت دەدات بە دەقێكی مردوو، لە بارەی رووی دەرەوەی دەقەوە لە دیدارەكەدا قسەی باشكرا.
وتیشی: پێویستە دەق دابڕاو نەبێت لە رووداو و گۆڕانكارییەكانی جیهان، كۆمەڵێك شت هەیە دەبێت لە ناوەڕۆكی شیعردا بیژیەنینەوە بۆ ئەوەی شیعرەكە بە نەمری بمێنێتەوە، دەبێت گۆڕانكاری كەش و هەوا و تێكچوونی ژینگەیی، لە شیعردا بژیەنینەوە، بابەتی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ، شیعرنووسین بە ئاقاری چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتییەكان، نایەكسانی و دادپەروەری، شیعر دەتوانێت دەنگی كپكراو و دوورخراوە بێت، شیعر دەتوانێت بەو شێوەیە خزمەت بكات كە نەمان كردووە.
ئەو مامۆستایەی ئەدەبی كوردی روونیكردەوە: لە شەڕی داعشدا ئازایی و نەبەردی پێشمەرگەمان هەبوو نەمان توانی ئەو خۆڕاگرییەی پێشمەرگە لە شیعردا دیكۆمێنت بكەین لە رووی ناوەڕۆكی باوی سەردەمەوە، لە بەرامبەردا جینۆسایدی ئەنفالمان هەیە هێشتا نەمان توانیوە وەك پێویست چیرۆكەكانی ئەنفال لە شیعردا ببوژێنینەوە. چیرۆكە تراژیدییەكانی ئەم ناوچەیەی ئێمە ناوەڕۆكی شیعری لەسەر بنیات بنرێت دەبێتە هۆی پاراستنی میرات و رۆشنبیریی و كەلتووری ئێمە. شیعر دەتوانێت رۆڵێكی چارەنووسساز لەم بوارەدا بگێڕێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا کە رۆژێکی خایاند، پانێڵیستەکان و شاعیر و چیرۆک نووسەکان خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش کرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان