زیاتر لە 100 کارگەی ناوخۆیی، بەشدارییان کردبوو

خولی دووەمی پێشانگای (صنع في العراق) لە سلێمانی سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا

09:47 - 2024-07-04
ئابووری
159 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە پیشانگاکە

راپۆرت/ زریان محەمەد

ماوەی دوو ساڵە لە ناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، پێشانگای تایبەت بە بەرهەمەکانی کارگە ناوخۆییەکانی عیراق دەکرێتەوە، وەک دەرفەتێک بۆ پیشاندانی کار و چالاکییەکانی وەبەرهێن و بازرگان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عیراق. ئەمساڵ لەسەر ئاستێکی پێشکەوتوو بە بەشداری سەدان کارگەی ناوخۆ لە ماوەی چوار رۆژدا کارەکانی سەر کەوتوانە بەڕێوەچوو.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: «لە ماوەی چوار رۆژی پێشانگاکەدا لە ناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کە زیاتر لە 100 کارگەی ناوخۆی عیراق بەشدارییان کردبوو، بەرهەمی خۆیان لە بوارە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی بیناسازی، خۆراکی، پیشەسازی، کشتوکاڵی، جلوبەرگ، شیرەمەنی و پێداویستی ئۆتۆمبێل و چەند بوارێکی دیکە خستەڕوو، پێشانگاکەش سەرکەوتووانە و بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر کۆتایی پێهات». 
شارەکانی خوارووی عیراق
راشیگەیاند: «کارگە بەشداربووەکان %95 عیراقی بوون و لەو رێژەیەش %60 کارگەی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن و لەو بەشەی هەرێمی کوردستانیش %40 کارگەکانی پارێزگای سلێمانییە، ئەوەی دیکە لە شارەکانی خوارووی عیراق بەشداربوون، بە پێی راپرسییەک کە لەگەڵ کارگە بەشداربووەکان ئەنجامدراوە %85 بەشداربووان رازین لە شێوازی کردنەوەی پێشانگاکە و خوازیارن ساڵانە ئەم پێشانگایە بکرێتەوە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان».
حەسەن رەحیم، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ، وتی: «وەک کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیڵ بۆ کردنەوەی پێشانگا توانیمان بۆ ساڵی دووهەم بە هاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی پێشانگای (صنع في العراق) بکەینەوە کە نیشاندەری توانای بەرهەمهێنانە لە ناوخۆدا، ئەمەش دەبێتە رۆڵێکی گرنگ بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان کە توانای کارگەکانی ناوخۆ بەرزن لە بەرهەمهێناندا و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕیان هەیە ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن».

 

کارگەکانی ناوخۆ توانایان بەرزە لە بەرهەمهێناندا و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕیان هەیە ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن

 

نوێترین بەرهەم 
ژیلە پێشڕەو، کارمەندی بەشی پەیوەندییەکان لە کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی لاڤارج کە بەشداربووی پێشانگاکەبوون بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: «کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە گرنگە، چونکە دەتوانین بەرهەمەکانمان بناسێنین بەو کەسانەی دێنە پێشانگاکە لە بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتییان، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە تا لە نزیکەوە کوالێتی بەرزی بەرهەمەکانمان بناسێنین».
ئاماژەی بەوەشکرد: «ئەم پێشانگایانە پێویستیی بە پشتیوانییە لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەسەردان و هاتنیان بۆ لای کۆمپانیا بەشداربووەکان، بە مەبەستی ئاشنابوون بە کۆمپانیا و کارگە بەشداربووەکان و بەرهەمەکانیان».
کڕینەوەی بەرهەمی جوتیاران 
ئەژی کەمال، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە کارگەی مینا بۆ دروستکردنی چبس و فنگر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: «کارگەکەمان لە شاری سلێمانی بەرهەمی پەتاتەی جوتیاران دەکڕێتەوە و پاشان دەیکات بە چبس و فنگر و بە کوالێتییەکی بەرز دەیخەینە بازاڕەوە. بەشداریکردنمان لەم پێشانگایەدا ئاشناکردنی بەرهەمەکانمانە بە بازرگانان و هاووڵاتییان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەرهەمە تازەکانمان ببینن و دڵنیابن لە بەرزیی کوالێتی بەرهەمەکە».
راشگەیاند: «لە کارگەکەماندا بە دەیان هەلی کارمان رەخساندووە، توانیومانە بەرهەمەکانمان بە هەموو عیراقدا بڵاوبکەینەوە، بەم نزیکانەش هەناردەی دەکەین بۆ دەرەوەی عیراق، چونکە بەرهەمەکانمان بە پێی ستانداری جیهانییە».
پێشانگای (صنع في العراق) لە شاری سلێمانی لە رۆژانی 27-30/6/2024 بە ئامادەبوونی وەزیری پیشەسازی عیراق بە وەکالەت و وەزیری بازرگانی و پیشەسایی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان و بازرگانان و وەبەرهێنەران بەڕێوەچوو، بڕیاریشە ساڵانە بەردەوامبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان