عیراق بەرەو ئەوە دەڕوات، قەرزی درێژخایەنی بانكی نێودەوڵەتی لەسەر نەمێنێت

10:21 - 2024-07-08
ئابووری
196 جار خوێندراوەتەوە
#ئەگەر عیراق قەرزەكانی سفر بكاتەوە، ئاسۆیەكی گەشی ئابووری چاوەڕێی دەكات

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


ئاراستەی دووەم، پەیوەندیی بە چاكسازیی ئابوورییەوە هەیە، وەك باشتركردنی سیستمی دارایی و كەرتی بانكی، بەهێزكردنی شەفافیەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی لە كەرتی وزەدا


د. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیری عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند: عیراق بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت كە قەرزی گەشەپێدانی درێژخایەنی بانكی نێودەوڵەتی بداتەوە و دانەوەی ئەو قەرزەش لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نیشانەی ئاستی بەرزی متمانەی عیراقە لای بانكی نێودەوڵەتی.
عیراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، ژێرخانێكی ئابووری وێران و قەرزێكی زۆری بە میرات بۆ مایەوە، سەرباری قەرەبووی كوێت كە عیراق داگیری كردبوو، لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا عیراق قەرەبووی كوێت  قەرزی كەڵەكەبووی دایەوە، بەڵام پێویستی بە بوژانەوە و بنیاتنانەوەی وڵات هەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی هەبوو، لەو چوارچێوەیەدا و لە ساڵی 2004وە لە پێنج بەرنامەی جیاجیادا داوای یارمەتی لە بانكی نێودەڵەتی كرد، ئەو پێنج بەنامەیەش كە شێوازی جیاجیای قەرز دەگرێتەوە، تا ساڵی 2018 بەردەوام بوو.

دوو ئاراستە
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق باس لەوە دەكات، كە سێ لەو بەرنامانە تایبەت بوون بە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە متمانەی عیراق ئەو قەرزانەش كە لەو رێگەیەوە وەریگرت، بە دوو ئاراستە خزمەتیان بە سەقامگیریی و چاكسازیی ئابووری عیراق كردووە، ئاراستەی یەكەمیان پێدانی قەرزە بە عیراق بۆ ئەوەی لە قەیرانی دارایی رزگاری بێت و پشتیوانیی بودجەی پێ بكات و دۆخی ئابوورییەكەی پێ جێگیر بكات.
ئاراستەی دووەم، پەیوەندیی بە چاكسازیی ئابوورییەوە هەیە، ئەو چاكسازییانەش بانكی نێودەوڵەتی كاتێك قەرز دەداتە هەر وڵاتێك داوای دەكات، وەك باشتركردنی سیستمی ئیداریی دارایی و كەرتی بانكی، بەهێزكردنی شەفافیەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی لە كەرتی وزەدا.

پابەندبوون بە بنەما نێودەوڵەتییەكانەوە
د. مەزهەر محەمەد جەختی لەوە كردەوە، كە عیراق لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا زۆربەی قەرزەكانی داوەتەوە و ئێستا نزیكە لەوەی قەرزەكانی سفر بكاتەوە، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ عیراق، چونكە بەڵگەی لێهاتوویی و ئاستی بەرزی متمانەیە لەبەردەم كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، چونكە هەر وڵاتێك بتوانێ مەرجەكانی بانكی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات و لە ماوەی دیاریكراودا قەرزەكانی بداتەوە و چاكسازییە ئابوورییەكانی تەواو بكات، ئەوە متمانەیەكی زۆر باش بە دەست دەهێنێت.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان