گەشەی ئابووریی بەهێز، هۆكاری بەختەوەرییە

10:24 - 2024-07-08
ئابووری
320 جار خوێندراوەتەوە
گەشە و سەقامگیریی ئابووریی بەختەوەری بۆ خێزان فەراهەم دەکات

هاشم غەمگین


پەیڕەوكردنی سیستمێكی یاسایی بەهێز و گشتگیری ئابووری، كە یەكسانی و مافی وەك یەك دەستەبەر بكات و جیاوازیی چینایەتی نەهێڵیت، دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بخوڵقێت

لە هەر وڵاتێكدا ژیانی خەڵك لە ئاستێكی نموونەیی و باڵادا بێت، ئەوا بێگومان ئاماژەیە بۆ گەشەی ئابوورییەكەی، گەشەی ئابووریی بەهێزیش خۆی لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كاڵا و خزمەتگوزاریی سوودبەخشدا دەبینێتەوە، هەروەها رێكخستن، جوڵاندنی هێزی كار، بەرزكردنەوەی داهاتی تاك و پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و كانزایی، پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و كارگەكان، فراوانكردنی رێگاوبان ژێرخانی وڵات بە گشتی، هەموو ئەمانە دەبنە بەشێك لە گەشەی ئابووریی بەهێز.
بەفیڕۆدان نەمێنێت
پەیڕەوكردنی سیستمێكی یاسایی بەهێز و گشتگیری ئابووری، كە یەكسانی و مافی وەك یەك دەستەبەر بكات و جیاوازی چینایەتی نەهێڵیت، دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بخوڵقێت و گەندەڵی و پێشێلكاری و بەفیڕۆدان نەمێنێت.

بە بانكیی كردنیدامەزراوەكان
بە بانكیی كردنی دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و راییكردنی مامەڵە و كاروبارەكان و كەرتی تایبەت و بازاڕ و فرۆشتن وا دەكات كاروبارەكان بە خێرایی و بەبێ رۆتین بەڕێوەبچن و متمانەی خەڵك بە بانكەكان بەهێز بێت، ئەو كات داهات و سامانی تاك لەبری ئەوەی لەماڵەوە دابنرێت، بۆ پاراستن و دڵنیابوونی لە بانكەكان دادەنرێت، ئەمەش وا دەكات قەرزی درێژخایەن بۆ كڕینی هەموو پێداویستییەك بۆ هەموو چین و توێژێك دەستەبەر بێت.
هەر وڵاتێك گەشەی ئابووریی بەهێز بێت، سیستمی خوێندن و پەروەردە بەهێز و پتەو تر دەبێت، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی داهێنان و نوێگەری لە هەموو بوارەكاندا بێتە ئاراوە، كەرتی تەندروستی بەهێز دەبێت، ئاسایشی خۆراك فەراهەم دەبێت و سەرەنجام هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەختەوەر دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان