ئاڕاستەی 50 ٪ وەبەرهێنان لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ نیشتەجێبوون بووە

عەتا محەمەد: پلانی داهاتوو بەهێزکردنی وەبەرهێنانە لە کەرتەکانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییدا

09:46 - 2024-07-11
ڕاپۆرت
389 جار خوێندراوەتەوە
بۆ ئاسانكاری پرۆژەكان بڕیاردراوە بە دروستکردنی پەیوەندییەکی نۆرماڵ لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا

دیداری/ ئالان محەمەد جەزا

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاری پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی، کەمکردنەوەی رۆتین، رەخساندنی هەلی کار، پلانی داهاتووی کارکردن و ئاسانكاری زیاتر بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان، عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کوردستانی نوێ دەدوێت.

بەهۆی جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی نوێ لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و رانیە 20 هەزار هەلی کاری نوێ رەخسێنراوە

عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند، ئێستا سلێمانی بەرەو گەشەكردنێكی زیاتر دەچێت لە وەبەرهێناندا، بەپێی پلانەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و پشتگیریكردنی وەبەرهێنان ئاسانكاری زۆر لە سلێمانی كراوە و رۆتینات تێپەڕێنراوە و بۆردی پشتیوانیكردنی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی سلێمانی دروستكراوە، كە كاری ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی بە بەڕێوەبەرایەتی بەدوای مامەڵەی وەبەرهێنەراندا دەڕوات تا پرۆژەكانی وەبەرهێنان و مامەڵەکانیان بە خێرایی تەواوبێت و لە کاتێكی کەمدا  مۆڵەت وەربگرن و بە رەسمی دەست بکەن بە جێبەجێکردنی کارەکانیان.
وتیشی: ئومێدی زۆرمان هەیە جگە لەو دەستكەوتانەی لە 2023 و سەرەتای 2024 لە وەبەرهێناندا لە سلێمانی بە دەست هاتوون، كۆتایی 2024 و 2025، ساڵی گەشەپێدانی زیاتری پرۆژەكانی وەبەرهێنان بێت .

ئاڕاستەی وەبەرهێنان
بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی وتی: ئاڕاستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2023-  2024 بەڕێژەی 50 % بۆ نیشتەجێبوون بووە و رێژەی 50 % بۆ سەرجەم بوارەكانی تری پیشەسازی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزار و پرۆژەی خزمەتی یاری منداڵان و پرۆژە جۆراوجۆرەكانی تری بوارەكانی وەبەرهێنان بووە .
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوەڕاستی ساڵی 2024 بۆ 2025 پلانی قوباد تاڵەبانی  بەهێزكردنی كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە بۆیە زۆرترین كار و ئاسانكاری بۆ پڕۆژەکانی ئەم سێ بوارە دەکرێت، لەو چوارچێوەیەدا چەندین پرۆژەی گەورە دیزاین كراوە و پلانی بۆ دانراوە لە گەرمیان لەناو شاری سلێمانی و دوكان چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر بەڕێوەیە.
پڕۆژەکانی جێبەجێ دەکرێن قەبارەیان جیاوازە و عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت: ئەو پرۆژانەی گەورەن و سەرمایەی گەورەیان تێدا بەگەڕ دەخرێت زیاتر لە بوارەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانیدان، کراوە بە مەرج لە بەرامبەر وەرگرتنی زەوی پڕۆژەکە، وەبەرهێنەرەکە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری شارەکە جێبەجێ  بکات، ئەم شێوازە پێشتر لە گەرمیان تاقیكراوەتەوە و سەركەوتوو بووە ئێستا لە سلێمانیش کاری پێدەکرێت، لە رانیەش هەمان بڕیار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکان بە شێوازێكی پلان بۆ داڕێژراو و بە دیزاینێكی ئەندازیاری و بەپێی پێویستیی شارەكان زەوییان پێ دەدرێت.
نەهێشتنی رۆتین
لەبارەی نەهێشتنی رۆتین عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لە 4/9/2022 بڕیاری لێدرا بۆ ئاسانكاری و كەمكردنەوەی رۆتین لە 118 پرۆژەی وەبەرهێناندا لە سلێمانی، سەرجەم قۆناغەكانی 118 پرۆژەکە تەواو بووە و ئاسانكاری تەواوكرا بۆ تێپەڕاندنی کارەکانیان، ئێستا بەشی هەرە زۆریان لە مۆڵەت وەرگرتندان یان لە كۆتایی پرۆسەی مۆڵەت وەرگرتندان و كارەكانی ئەو پرۆژانە سەرجەمیان لە فەرمانگەكانی شاری سلێمانی تەواو بووە بەشێكیان لە هەولێر چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی كۆتایین لە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان .
جگە لەوە بۆ ئاسانكاری پرۆژەكان بڕیاریش درا بە دروستکردنی پەیوەندییەکی نۆرماڵ لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا، هەروەها رێكخستنەوەی بەخشینی وەبەرهێنەرەكان بە جێبەجێكردنی پرۆژە لەناو سەنتەری شاردا، بە گشتیی هەموو ئەو پلانانەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری لێدا بۆ باشتر راپەڕاندنی کاروباری وەبەرهێنان لە سلێمانی، جێبەجێ کراوە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا.
رەخساندنی هەلی کار و پلانی داهاتوو
لەبارەی رەخساندنی هەلی کار عەتا محەمەد بە كوردستانی نوێی راگەیاند، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانەوە بەدەستمان گەیشتوون بەهۆی جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی نوێ لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و رانیە 20 هەزار هەلی کاری نوێ بۆ بێکاران رەخسێنراوە.
وتیشی: پلانی داهاتووی كاركردن، ئاسانكاری زیاترە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە بوارەکانی پیشەسازی، دروستكرنی كارگەكان بە شێوازی وەبەرهێنان، پرۆژەی كشتوكاڵیی و گەشتیاریی گەورەیە لەناو سلێمانی و لە دوكان، لە شاری كەلار لە بواری گەشتوگوزار، چەند پرۆژەیەكیش لە قۆناغی دیزاین کردندان لە هەڵەبجە و دەوروبەری ئەمانە پرۆژەكانی داهاتووی وەبەرهێنانن كە لەم سنوورەدا قوباد تاڵەبانی ئیشی لەسەر دەكات و لە رێگەی پێكهێنانی بۆردەكانی وەبەرهێنانەوە سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێن.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان