قوتابخانە؛ رەخنە و ئاستەنگەكانی بەردەمی...

10:14 - 2024-07-11
کوردستان
184 جار خوێندراوەتەوە

پ. د. سەمەد ئەحمەد*


دوای ئەوەی زانستەكان لە فەلسەفە جیابوونەوە و هەریەكەیان سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا و تایبەتمەندییان بۆ پەیدابوو، شارەزایان و پسپۆرانی پەروەردە و فێركرن لەلایەك و زانا و داناكانیش لەلایەكی ترەوە، بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری زانستەكان، بیریان لە دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و فێركاری گەورەتر و فراوانتر و زانستیانەتر كردەوە، تاوەكو لە رێگەیەوە بتوانن ئامانجەكانیان باشتر بهێننە دی، بۆ ئەمە بیرۆكەی دامەزراوەی قوتابخانە هاتە كایەوە.

لە هەموو سەردەم و لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا، سەرباری كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەمی، سەرباری ئەو رەخنانەی كە لێی دەگیرێت، قوتابخانە هەڵگری پەیامی زانستی و پەروەردەیی بووە و رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و هۆشیاركردنەوەی مرۆڤدا

قوتابخانە لە سادەترین پێناسەیدا دەتوانین بڵێین: بریتییە لە دامەزراوەیەكی رەسمی و یاسایی دانپێدانراو، كە تیایدا زانستە جیاجیان، لەلایەن پسپۆران و شارەزایانەوە، كە پێیان دەگوترێت مامۆستا، بە پێی پلانێكی وردی زانستی و پەروەردەیی بە فێرخوازان دەگوترێنەوە، كە پێیان دەگوترێت فێرخواز، قوتابی، یان خوێندكار.
قوتابخانەش وەكو هەر دامەزراوەیەكی تری دەوڵەتی، لەڕووی گەیاندنی پەیامی زانستی و پەروەردەییەوە، لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەبووە و هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێن: لە هەموو سەردەم و لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا، سەرباری كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەمی، سەرباری ئەو رەخنانەی كە لێی دەگیرێت، قوتابخانە هەڵگری پەیامی زانستی و پەروەردەیی بووە و رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و هۆشیاركردنەوەی مرۆڤدا لەسەر ئاستی تاك و كۆ.
كاتێك ئەم راستییانە دەڵێین، دەبێت دان بەوەشدا بنێین كە قوتابخانەش بێ‌ كێشە و لەمەش زیاتر بێ‌ كەموكورتی و بێ‌ رەخنە نەبووە و نییە، هۆكاری ئەم كەموكورتیانەش زیاتر بۆ مامەڵەی نەشیاو و ناپەروەردەیی و نازانستی هەندێك لە مامۆستایان لەلایەك و زۆری و ئاڵۆزی و ناڕۆشنی و قورسی و ناپێویستی هەندێك لە پرۆگرامەكان لەلایەکی ترەوە دەگەڕێتەوە.
پرسیارێكی سادە، بەڵام گرنگ سەبارەت بە قوتابخانە بكرێت ئەوەیە كە: ئایا قوتابخانە بەم شێوەیەی كە ئێستا و دەمێ‌ ساڵە لە ئارادایە، توانیوێتی زانا و دانا و داهێنەر پێبگەیەنێت، یان زیاتر مرۆڤی لە نەخوێندەواری رزگار كردووە؟ ئایا پەرەپێدانی زانستەكان تەنها بەرهەمی كۆششی مامۆستای قوتابخانەكان بووە، یان لە دەرەوەی قوتابخانەكانیش هەندێ‌ كەس توانیویانە زانست بەرهەم بهێنن؟ ئەگەر قوتابخانە، لەڕووی زانستی و پەروەردەییەوە ئەوەندە گرنگە، بۆچی هەمیشە و لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا فێرخوازان لێی بێزارن و حەزیان لێی نییە و لێی هەڵدێن؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تری هاوشێوەی ئەمانە، سەبارەت بە قوتابخانە كراون و دەكرێن، ئەوەی لەمبارەیەوە جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە یەك وەڵامی بنجبڕ و یەكلاكەرەوە بۆ ئەم پرسیارانە، نەبووە و نییە، ئێستاش لە هەر كاتێك زیاتر جێگەی مشت و مڕن. هەیە قوتابخانە بەرز دەنرخێنێت و هەشە پێیوایە كە قوتابخانە دامەزراوەیەكی وشك و بێ‌ گیانە و ئەگەر ناچاری و سەپاندن نەبێت، هەرگیز فێرخواز رووی لێناكات! 
جگە لەمانە، ئەوانەی رەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی قوتابخانە هەیە، نموونەی هەندێ‌ لە زاناكان دەهێننەوە كە لەگەڵ قوتابخانە و مامەڵەی مامۆستادا ئەزموونێكی شكستخواردوویان هەیە، بەمانا تەقلیدییەكەی ئەمڕۆ، فێرخوازی تەمبەڵ بوون و هیچیان بە باشی قۆناغەكانی خوێندنیان نەبڕی، كەچی سەرئەنجام، بەزانست و زانیارییەكانیان، هەموو مرۆڤایەتییان قەرزاری خۆیان كرد و دنیایان رۆشن كردەوە، لەوانە زانایان (ئەدیسۆن) و (ئەنیشتاین) و نووسەری گەورەی ئینگلیز (شكسپیر) و دەیان زانا و نووسەر و هونەرمەند و بیرمەند و داهێنەری تر..
دەبێت دان بەو راستییە تاڵەشدا بنێین كە ئەمڕۆ لەهەر كات زیاتر ئەم دیدە رەخنەییانە چەندە روویان لە قوتابخانەكانە، لەوە زیاتر روویان لە زانكۆ و پەیمانگەكانە و پێیان وایە كە زانكۆ و پەیمانگاكان ئەوەندەی بڕوانامە دەبەخشن بە خوێندكار، ئەوەندە زانستیان پێنابەخشن!! ئەم دۆخە زیاتر لەو وڵاتانەدا بەدیدەكرێن كە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە دواكەوتوون و لەڕووی سیاسییەوە دیكتاتۆرین و ماف و یاساش لە نزمترین ئاستدان. لە سایەی دۆخێكی ناهەموواری ئاوهادا، لە هەرشتێك زیاتر پەروەردە و زانست بێ‌ بایەخ دەبێت.

* پسپۆر لە بوارى پەروەردە و دەروونزانیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان