لەمیدیای عەرەبییەوە

12:15 - 2024-07-15
جیهان
144 جار خوێندراوەتەوە

 

سوریا مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەل تورکیا
لەپاشئەوەی چەندجارێک بەرپرسانی تورکیا داوای باشكردن  و گەڕانەوەی پەیوەندییان لەگەڵ سوریا کرد، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیانێکدا  چەند مەرجێکی بۆ گەڕانەوەی ئەم پەیوەندییانە داناوەو لە بەیانەکەدا هاتووە: پێویستە تورکیا لە تەواوی خاکی سوریا بکشێتەوە، رێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگرێت، هەروەها رووبەڕووی هەموو ئەو هێزانە ببێتەوە کە دەبنە مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی سوریا و ناوچەکە. لەهەمانکاتیشدا دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دروست بێت. بەو شێوەیەش دەکرێت پەیوەندییەکان وەکو  پێش ساڵی 2011ی لێبێتەوە.

CNN

 


پزیشکیان داوای باشكردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان دەکات
سەرۆکی هەڵبژێراوی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە وتارێکیدا بەناونیشانی ״پەیامم بۆ جیهانی نوێ״ کە لە رۆژنامەی  ״تاران تایزم״ بڵاوکرایەوە و بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، تێیدا هاتووە: باشکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دەبێتە کاری سەرەکیمان. داواش لە وڵاتانی سعودیە و  تورکیا و ئیمارات و بەحرەین و کوێت و عیراق  و عومان دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە  بەهێزتر بکەن.  
الشرق الاوسط

سودانی داوای ژیانێکی شایستە بۆ منداڵانی عیراق دەکات
بە بۆنەی رۆژی منداڵانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی ״X״ رایگەیاند: لە رۆژی منداڵانی عیراقدا، هەوڵی تەواوی خۆمان دەخەینەگەڕ تا هەلومەرجێکی باشی تەندروستی و پەروەردەیی خێزانی و کۆمەڵایەتی و خوێندنی تەواو بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، ئەمەش بە پشت بەستن بە بەها مرۆیی و شارستانییەکانمان، کە هاوکاتە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و یاساکانی عیراق. 
الصباح

 


تورکیا 40 کلیۆمەتر زەوی عیراقی داگیرکردووە
محەمەد ئەلشەممەری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رۆژنامەی «المدی» ی راگەیاند: تورکیا بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی عیراقەوە. وتیشی: تورکیا نیازی خراپە و دەیەوێت خاکی عیراق داگیر بکات. داواشی لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق کرد، کە رۆڵی خۆی ببینێت  بۆ راگرتنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی عیراق و بۆ راگرتنی ئەم لەشکرکێشییەش پێویستە عیراق ئەم مەسەلەیە بباتە دادگای نێودەوڵەتی.

المدی

بابەتە پەیوەندیدارەکان