کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی خۆڵبارین

11:15 - 2024-07-17
ژینگە
109 جار خوێندراوەتەوە
بەرنامەیەکی گشتگیر و تۆکمە دانەنراوە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد


شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ بە یەکێك لە کێشە گەورەکانی سەرجەم ناوچەکە و دەوڵەتانی جیهان دادەنرێت، کە کاریگەریی نێگەتیڤی هەیە لەسەر تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان، هەرچەندە خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە و قورسە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام بەشێکی شەپۆلەکان لە ئەنجامی چالاکییە مرۆییەکانەوە دروستدەبن و دەتوانرێت بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك سنوور دابنرێت بۆ کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ژینگە و تەندروستی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ژیان بەگشتی.

 

 دەتوانرێت بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك سنوور دابنرێت بۆ کاریگەرییە خراپەکانی خۆڵبارین لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان بەگشتی



خۆڵبارین دیاردەیەکی جیهانییە
خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتی و جیهانییە، پێویستی بە هاوکاری سەرجەم دەوڵەتان هەیە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ رێژەی شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ دابنرێت، بەڵام دەتوانرێت لەسەر ئاستی ناوچەیی بە پلان و بەرنامەی تۆکمەی مەودا درێژ و مامناوەند شەپۆلەکان کەم بکرێنەوە و کاریگەرییە خراپەکانی نەهێڵرێت، هەروەك سعودیە کە خاوەنی رووبەرێکی فراوانی زەوی بیابانییە و سەرچاوەیەکە بۆ دروستبوونی شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ کە ساڵانە روودەکاتە عیراق و هەرێمی کودستان، توانیویەتی سنوورێك بۆ دروستبوونی ئەو شەپۆلانە دابنێت، بەپێی ئەو هەواڵەی لە پێگەی ئەلیکترۆنی رۆژنامەی (شرق الاوسط)ی رۆژی (3/7/2024) بڵاوکراوەتەوە، مانگی شەشی ئەمساڵ کەمترین خۆڵبارین لە سعودیە رویداوە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، دەوترێت کەمبوونەوەی خۆڵبارین پەیوەندی بەو بڕە زۆرەی بارانبارینەوە هەیە کە وەرزی رابردوو لە بیابانەکانی سعودیە باری، بەڵام بە وتەی ناوەندەکانی توێژینەوە، بەشێکی کەمبوونەوەی شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێوشوێنانەی سعودیە لەڕێی پرۆژەی ژینگەیی (دیدگای سعودیە 2030) بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆڵبارین گرتویەتییەبەر، کە گرنگی دەدات بە فراوانکردنی رووبەری دارستانەکان و پشتێنەی سەوزایی و گرنگیدانی زیاتر بەو زەوییانەی رووبەڕووی بەبیابان بوون بوونەتەوە، کەواتە دەتوانرێت بە پلان و بەرنامەی گونجاو ئاستێك دابنرێت بۆ دیاردەی خۆڵبارین.

زیادکردنی رووبەری سەوزایی
لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا تائێستا پرۆژە و بەرنامەیەکی گشتگیر و تۆکمە دانەنراوە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی ناوچەکان هەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی، قەزای بازیان کە ناوچەیەکی فراوانی نیمچە شاخاوییە و سنووری بە ناوچەی نیمچە بیابانی گەرمیانەوە هەیە و ژمارەیەک کارگەی پیشەسازی تێدایە کە رۆژانە بڕێکی زۆر تۆز و دوکەڵ بە ناوچەکەدا بڵاودەکەنەوە، دەتوانێت لەڕێی بەرنامەی مەودا مامناوەند و درێژخایەنەوە رووبەڕووی زیانەکانی تۆز و خۆڵ ببێتەوە، هەروەها لەسەر ئاستی تاك رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە کاریگەرییە خراپەکانی خۆڵبارین، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی لێپرسراوان و هاوکاری هاووڵاتیانەوە هەیە، لە گرنگترین ئەو رێوشوێنانە فراوانکردنی رووبەری سەوزاییە، بەتایبەت فراوانکردنی دارستانەکان و پاراستنیان و رێگریکردن لە سووتاندیان و بڕینەوەیان، ساڵانە نەمام بەشێوەیەکی فراوان بچێنرێت بۆ رێگریکردن لە وشکبوونیان، پابەندکردنی سەرجەم کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بە چواردەوری پرۆژەکانیاندا، پاراستنی سامانی ئاو و رێگریکردن لە هەڵکەندنی بیری نایاسایی بەتایبەت کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان کە ژمارەیەکی زۆر بیری قوڵیان هەڵکەندووە مەترسین بۆ سەر سامانی ئاوی ژێر زەوی، پێویستە بەپێی پێویست بێت و رێگری بکرێت لە بەفیڕۆدانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان