گوندی گردعازەبانی دەشتی هەولێر

11:48 - 2022-06-22
دووتوێ
1373 جار خوێندراوەتەوە

حسێن محەمەد سادق

گوندی گردعازەبان دەکەوێتە ناوچەی دەشتی هەولێر لە رووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی شەمامکە، هەشت کیلۆمەتر لە ناحیەکەوە دوورە، سەربە قەزای ناوەندی هەولێرە. گوندی گردعازەبان کەوتۆتە باشووری شاری هەولێرەوە بە دووریی 25 کیلۆمەتر. رووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی هەیە و تەخت و بە پیتە .
گوندی گردعازەبان لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانی سۆربەش کاکەلاو سوربەش حەوێز، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندەکانی ئاودەڵۆک و جدیدە هاوسنوورە، لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی یەدی قزلەر و سورێژە هاوسنوورە، لە خۆرئاواش لەگەڵ گوندەکانی ماستاوە و عەلیاوە و هێلەوە هاوسنوورە. بە پێی سەرژمێری ساڵی 1977   هەشت  ماڵ بووە، لە ساڵی 1987 رژێمی بەعس بە شۆفڵ تەختی کرد، دانیشتوانی گوندەکە بەرەو ناو شار کۆچیان کرد و بردیانن بۆ ئۆردوگا زۆرەملێ.

لە دوایی راپەڕینەوە
لەدوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 -ەوە گوندی گردعازەبان ئاوەدانکرایەوە و ئەو خەڵکەی ئاژەڵداربوون زووتر گەڕابوونەوە گوند بۆ بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەکانیان، ئێستا ئەم گوندە 170 خێزانی تێدا نیشتەجێیە و ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە 741 کەسە. 
خەلکی گوندەکە زیاتر خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. هەندێکیان لە دامودەزگا حکومییەکاندا کارمەندن.
جووتیارەکانیش خەریکی چاندنی گەنم و جۆ و گەنمە شامی و سەوزەواتن. کە بۆ کشتوکاڵ پشت بە ئاوی باران و بیر دەبەستن، بەڵام زۆربەی بیرەکان وشکبوون، یان ئاویان زۆر کەم بۆتەوە. هیچ پڕۆژەیەکی ئاودێریی لەلایەن حکومەتەوە لەم گوندەدا دورست نەکراوە و پێویستی بە پڕۆژەی ئاودێریی و بەنداوە .

کەرتی کشتوکاڵی 122
گرد عازەبان کەرتی کشتوکاڵی 122وە و زیاتر لە 100 جووتیار لە گوندەکەدا هەن، لەبەرئەوەی گوندەکە جووتیاری زۆر بووە، کاتی خۆی لە حەفتاکاندا لە گوندەکانی هاوسنوورەوە زەوییان پێدراوە وەک گوندی ئاودەلۆک و دۆغان و کڵیسە.
 
مێژووی دروستبوونی
سەبارەت بە دورستکردنی گوندی گردعازەبان لە سەدەی دەیەمدا دروستکراوە، واتە زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا. بە پێی لێکدانەوەکانیش ناوی گوندی گردعازەبان چوند بۆچوونێک هەیە، بۆچوونی یەکەم پێیوایە کە بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی ئەو گوندە لە سەدەی دەیەمی زاینی بەشێکبووە لە ناوچەی قەلەمڕەوی کوردە هەزبانەکان، ئەو هۆزە هەموو ناوچەکانی دەشتی هەولێر و هەتا دەگاتە بەشێک لە دەشتاییەکانی سنووری نەینەوا واتە موسڵی ئێستا.
لەو سەردەمەشدا گردی گوندی گردعازەبان قەڵای بەرگریی هەزبانەکان بووە بۆیە ناوەکەی بۆتە گردی هەزبانەکان لەوەشەوە گۆڕدراوە بۆ گردعازەبان.
بۆچوونی دووەمیش دەڵێت: لەناو گوندی گردعازەبان گردێک هەیە مەزاری لەسەرە گەنجان و لاوانی گوند بۆ راز و نیازی خۆیان چونەتە سەر ئەو گردە بۆ لای مەزارەکە، بۆیە پێیان وتووە گردی عازەبان مەبەست لە عازەبیش واتە گەنجی بێ هاوسەر لە هەردوو رەگەز.

گردعازەبان و شۆڕشی نوێ
لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا، خەڵکی گوندی گردعازەبان بەشداریی هەموو شۆڕشەکانیان کردووە، بەتایبەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، 30  رۆڵەی قارەمانی بەخشیوە بە کوردستان و شەهیدبوون لە هەموو لایەنەکان.
ئەو بنەماڵانەی لە کۆندا لە گوندی گردعازەبان ژیاون، جێڕەش تیرەیەک بووە لە عەشیرەتی شوان سیدۆ و زراری و خۆشناو لک و زەنگەنەی تێدا ژیاون.

کردنەوەی یەکەم قوتابخانە
لە ساڵی 1946 بۆ یەکەمجار  قوتابخانە لەو گوندەدا دورستکراوە و یەکەم مامۆستای گوندەکە هونەرمەندی کۆچکردوو فوئاد ئەحمەد بووە، ئێستاش قوتابخانەی تێدایە لە یەکی بنەڕەتییەوە تا شەشی ئامادەیی بەشی ئەدەبی، بەڵام قوتابخانەکە زۆر بچووکە و دوو دەوامییە، لە گوندەکانی دەوروبەری گردعازەبانەوە خوێندکاران دێنە ئەو قوتابخانەیە، بۆیە پێویستی بە قوتابخانەیەکی سەردەمیانەیە، 
نەخۆشخانەشی تێدایە، بەڵام لە رووی دەرمان و خزمەتگوزارییەوە زۆر پەراوێزخراوە.رێگاوبانی گوندەکە چەوڕێژە کە  لە زستاناندا ئاوی زۆر کۆدەبێتەوە و پێویستی بە ئاوەڕۆیە. 
هەروەها پێویستی بە باخچەی ساوایانە لەگەڵ باخچەیەک بۆ منداڵانی گوند بۆ یاریکردن و کات بەسەربردن.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان