مامۆستای موزیك لە زانكۆی سلێمانی

ئاریۆس محەمەد: بێجگە لە هونەرمەندانی كورد، لەگەڵ هونەرمەندانی عیراقیش كارمكردووە

11:45 - 2024-07-21
دیدار
248 جار خوێندراوەتەوە

ئاریۆس محەمەد سەعید، مامۆستایە لە بەشی موزیكی زانكۆی سلێمانی كۆلێژی هونەر بەشی موزیك، ئێستاش خوێندكاری ماستەرە لە بواری موزیك.
ئاریۆس محەمەد بە دوالاپەڕەی وت: منیش هەروەك زۆربەی بەهرەمەندەكان ئەوەی لە سەرەتای منداڵییەوە حەزوخولیای هونەریان هەیە، دواتر خۆیان لە بوارێكی هونەریدا دەدۆزنەوە، هەمیشە حەزمكردووە هەموو كاتەكانم لەگەڵ موزیك بەسەربەرم، هەربۆیە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانم هەڵبژارد، دواتر لەدوا ساڵەكانی خوێندنی كۆلێژم، واتە 13 ساڵ بەر لە ئێستا دەستمكرد بە بەرهەمهێنانی كاری هونەریی لە رووی ئاوازدانان و موزیك دروستكردنەوە بۆ هونەرمەندان، ئێستاش خاوەنی (ئاریۆس پرۆداكشنم) كاری ئاوازدانان و موزیك پرۆدەكشن بۆ زۆربەی براندەكانی كوردستان و عیراق و بگرە دەرەوەی عیراقیش دەكەم.
ئاریۆس وتیشی: شارەزاییم لە بواری ئاوازدانان و تێكستیشدا هەیە، لەگەڵ چەند شاعیرێك كارم كردووە، یەكێك لەوانە هونەرمەند حەمەسەعید ئیبراهیم كە باوكمە، هەروەها كاكە مازیار فایەق و چەندین شاعیری دیکە كارم لەگەڵ كردوون، هاوكات كارم بۆ چەند كەناڵێكیش كردووە، بێگومان بە هەموو كارەكانم دڵخۆشم، زۆرم پێناخۆشە كە دەبینم هەندێك لە هاوپیشەكانم بێ‌ گوێدانە ئەوەی دەبێت موزیكەكە كوردی بێت زۆر ئاسانە بەلایانەوە كە موزیكێكی توركی بێنن لەسەر ئاوهەوای ئەوە موزیكی دیکە كە دروست بكەن، بۆ عەرەبی بەهەمان شێوە بۆ فارسی بەهەمان شێوە، هەربۆیە موزیكی كوردی رەسەن بێت باشترە، بێجگە لە هونەرمەندی كورد لەگەڵ هەریەك لە هونەرمەندانی عیراقی (موستەفا روبەیعی، عەلی جاسم، شەوبانە، دالی) كارم كردووە.
ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان