نزیكەی 100 ئامێری ATM لە 32 شوێن دانراوە

گلەیی مووچەخۆران لە ئامێرەكانی وەرگرتنی مووچە

10:32 - 2024-07-23
ڕاپۆرت
365 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

مانگی داهاتوو مووچەخۆرانی پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانیش لە پرۆسەی وەرگرتنی مووچە لە رێگەی ئامێری مووچە وەرگرتنەوە بەشدار دەبن

ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پەنای بردۆتە بەر دانانی ئامێری وەرگرتنی مووچە (ATM) لەسەر شەقامەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا.
 ئامێرەکان لە سەرەتادا چەند كێشەیەكی وەك پچڕانی كارەبا، نەمانی پارە تیایاندا، نەزانینی كارپێكردنی لەلایەن مووچەخۆرانەوە یان لەكاركەوتنیان بۆ دروستبوو، کە ئێستا تاڕادەیەک ئەو كێشانە چارەسەركراون و کێشەی دیکە تیایاندا سەریهەڵداوە، مووچەخۆران و كارمەندانی (هەژماری من)ی سەر ئەو ئامێرە نیگەرانن لەوەی لەکاتی دانانی ئامێرەکاندا حساب بۆ كەشوهەوا و كەمیی ژمارەی ئامێرەكان و زۆریی ژمارەی مووچەخۆران نەكراوە كە دەبێت بۆ وەرگرتنی مووچە چەندین مووچەخۆر لە هاویندا لەبەر خۆرهەتاو و لە زستاندا لەبەر باراندا سەرە بگرن.

مووچەخۆرێک: حكومەت بیری لە دانانی ئامێرەکان لە شوێنی گونجاودا نەکردۆتەوە، مووچەخۆر ناچارە لەبەر خۆرهەتاوی هاوین و بارانی زستاندا سەرە بۆ مووچە بگرێت

قەرەباڵغی بەردەم ئامێرەکانی مووچە
كەرخی عەلی كارمەندی یەكێك لە وەزارەتەكانە لە هەرێمی كوردستان، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بەشێوەی كاش مووچە لە لیژنەی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەكەی وەردەگرێت، بەڵام چاوەڕوان دەكات مانگی داهاتوو بۆ یەكەمجار بەشێوەی ئەلیكترۆنی مووچە لەو ئامێرانەی سەر شەقامەكانی هەولێر وەربگرێت و وتی: كاتێك چووم سەیری چۆنیەتی مووچە وەرگرتن لەو ئامێرانە بكەم قەرەباڵغی و سەرەیەكی زۆری مووچەخۆرانم بینی كە بۆ وەرگرتنی مووچەكەیان وەستابوون، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم ئامێری زیاتر بۆ وەرگرتنی مووچە لەسەر شەقامەكان دابنێت بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو هەموو ماوەیە نەوەستن كە زۆرجار مووچەخۆر هەیە بە تەمەنە یان نەخۆشە و ناتوانێت ئەو هەموو ماوەیە لەسەر شەقام بوەستێت، بەتایبەتی سەرەی وەستانەكە وەك ناو بانك و بەڕێوەبەرایەتییەكان نییە كە مووچەخۆر لەسەر كورسی دابنیشێت كە هیچ كورسی و شوێنێكی دانیشتنی لێ نییە.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی بە چەند رۆژێك هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرن و بڕواشیان بەوە نییە پارەكە بەبڕێكی كەم وەربگرن، بەڵكو هەموو مووچەكە بە یەكجار وەردەگرن، بۆیە ماوەی وەرگرتنی پارەكە لەناو ئامێرەكە ماوەیەكی زیاتری پێدەچێت و بەهۆیەوە سەرە و كاتی وەستانەكەش زۆر دەبێت.

نەگونجاویی شوێنی ئامێرەکانی مووچە وەرگرتن
لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە بەردەم چەند ئامێرێكی ATM كە لەسەر شەقامی كۆنی بنەسڵاوەی شاری هەولێر دانراون چەندین مووچەخۆر لەپاڵ یەك سەرەیان گرتبوو و سەریان خستبووە ناو ئامێرەكەوە، هەندێكیان ژمارەی نهێنیی كارتەكانیان لەبەرچاوی مووچەخۆرانی تر دەنووسی كە ئەمە مەترسی بۆ ئاشكرابوونی ژمارەی نهێنیی كارتی بانكی مووچەخۆران هەیە، لەوبارەیەوە یەكێك لە مووچەخۆرەكان دەڵێت: راستە لە بەردەم مووچەخۆرانی تر ژمارە نهێنییەكەم دەنووسی، بەڵام ناچارم لەبەرئەوەی هەموو هاتوونەتە بەردەم ئامێرەکە و لە تایبەتمەندی تێناگەن، خۆ ناچم شەڕیان لەگەڵ بکەم، پرۆسەكەش بەخاوی دەڕوات بۆیە هەموویان بەیەكەوە پەلە پەلیانە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە هەر شێوەیەك بێت.
یەكێكی تر لەكێشەكانی شوێنی ئامێرەكانی مووچە وەرگرتن لە شاری هەولێر و شار و شارۆچكەكانی تر نەگونجاوی شوێنەكەیانە كە بەهۆی ئەوەی ئامێرەكان هیچ سەقفێكیان نییە، مووچەخۆران بە هاوین دەبێت لەبەر خۆرهەتاوی گەرم و زستانیش لەبەر باران و سەرما بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان بوەستن لەكاتێكدا ئەو جۆرە ئامێرانە لە وڵاتانی پێشكەوتوو لەژێر باڵەخانەی كۆمپانیا و بانكەكان یان لە ناوەوەیان دادەنرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران تووشی ناڕەحەتی نەبن.
كەرخی عەلی مووچەخۆر دەڵێت: ناكرێت حكومەت پرۆسەیەكی وا گرنگی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن مووچەخۆر داناوە، بەڵام بیری لە دانانی ئامێرەکان لە شوێنی گونجاودا نەکردۆتەوە مووچەخۆر ناچارە لەبەر خۆرهەتاوی هاوین و بارانی زستاندا سەرە بۆ مووچە وەرگرتن بگرێت، بۆیە پێویستە لە داهاتوودا كەپری جوڵاو یان جێگیر لەسەر ئامێرەكانی مووچە وەرگرتن دابنرێت.

پڕۆژەی هەژماری من
سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری من بۆ یارمەتیدانی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ ئەوەی بە ئاسانی مووچەكانیان لە ئامێرەكانی سەرشەقامەكان وەرگرن چەندین كارمەندی خۆی لەسەر ئامێرەكان داناوە، یەكێك لەو كارمەندانەی كە لەبەردەم یەكێك لە ئامێرەكاندا لە بازاری گەورەی هەولێر وەستابوو بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەبەرئەوەی پرۆسە و سیستمەکە تازەیە ئێمە لێرەین تا هاوکاری ئەو مووچەخۆرانە بکەین کە لێی نازانن یان گرفتیان بۆ دروست دەبێت.
لەبارەی ئامارەكانی ئەو پڕۆژەیە ماڵپەڕی (هەژماری من) ئاشكرایكردووە، لەم مانگەدا كۆی گشتیی ئەو مووچەخۆرانەی لە پارێزگای هەولێر لەڕێگەی ئامێرەكانی وەرگرتنی مووچە، مووچەیان وەرگرتووە نزیكەی 75 هەزار مووچەخۆر بوون، ئەوەش رووندەكاتەوە كە یەكەم مانگە مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم مووچەكانیان لەڕێگەی (هەژماری من) لەپاڵ مامۆستایانی خوێندنی باڵای هەرێم وەردەگرن كە كۆی گشتی مامۆستایانی هەردوو وەزارەتەكە كە مووچەكانیان بەو پڕۆژەیە وەردەگرن نزیكەی 32 هەزار مامۆستان.
ماڵپەڕی هەژماری من روونیدەکاتەوە، ئەم مانگە واتا مانگی تەمموز، دوایین جارە تەنیا مووچەخۆرانی پارێزگای هەولێر سوودمەندبن لە پڕۆژەكە و مانگی داهاتوو مووچەخۆرانی پاریزگاكانی دهۆك و سلێمانیش لە پرۆسەی وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵیدا بەشدار دەبن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئامێر و شوێنانەی كە لە شاری هەولێر و شارۆچكەكانی دەوروبەری پارێزگاكە بۆ دابەشكردنی مووچە دانراون، ماڵپەڕەكەی هەژماری من ئاشكرایكردووە، ئێستا نزیكەی 100 ئامێر لە 32 شوێنی جیاوازی شارەكە بۆ وەرگرتنی مووچە دانراون.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان