لە میدیای عەرەبییەوە

11:15 - 2024-07-24
جیهان
107 جار خوێندراوەتەوە

عیراق كارگەیەك بۆ پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دادەنێت

 عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە رۆژنامەی «الصباح»ی راگەیاندووە: ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆ بەنیازە كارگەیەك بۆ پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دابنێت، ئەمەش بەمەبەستی زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان، وتیشی: هاووڵاتییەكی زۆر داوای پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیان كردووە، چونكە ئەم پاسپۆرتە كۆمەڵێك سیفاتی گرنگیی هەیە و ئەمساڵ 631880  پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیمان داوە بە هاووڵاتیان.  
الصباح

سودانی داوای هاوئاهەنگی ئیقلیمی دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان

 لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەكان لە بەغدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: زۆر گرنگە هاوئاهەنگی و هاوكاریی لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ژەهرە كوشندەیەی كە هەموو كۆمەڵگە و ئابووریمان لەناودەبات، وتیشی: ئەركی دەوڵەتە بە هەموو دامودەزگاكانییەوە بەرەنگاریی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكان ببێتەوە. 
الصباح

ئیسرائیل، ئۆنرای وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند

 
پەرلەمانی ئیسرائیل كە بە «كنێست» ناسراوە، رێكخراوی  هاوكاریی و یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی كە بە «ئۆنرا» ناسراوە و سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە، وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند. هۆكاری ئەم بڕیارەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، كە ئیسرائیل پێیوایە، ئەم رێكخراوە  هاوكاریی و یارمەتی رێكخراوی حەماسی فەلەستینی دەدات.
سكای نیوز

لە پەكین لایەنە فەلەستینییەكان رێككەوتن


بەئامادەبوونی وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، 14 حزب و لایەنی فەلەستینی  رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد. لەناو ئەو 14 حزبەشدا بزووتنەوەی فەتح و حەماس بەشداربوون. موسا ئەبو مەرزوق سەركردەی حەماس بە رۆژنامەی «الشرق الاوسط»ی راگەیاندووە: ئێـمە هەمیشە داكۆكی لە رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی دەكەین و ئامانجی سەرەكیشـمان بووە.  لای خۆشییەوە وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند: گرنگترین خاڵ لەم رێككەوتنەدا ئەوەیە، كە هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە رێككەوتوون حكومەتێكی  نیشتمانیی كاتی بۆ ئیدارەدانی جەنگی غەزە دابنێن.  
الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان