خوێنی دێوانە مەجید راپەڕینێکی بەرپاکرد

ئەو رۆژانەی راپەڕینی پێنجوێنییەکان دامودەزگاکانی بەعسی هەژاند

11:22 - 2024-07-25
ڕاپۆرت
280 جار خوێندراوەتەوە

عەلی ئارارات



دوای ئەوەی تێکۆشەرانی راستەقینەی کوردایەتی کە هەرەسی شۆڕشی ئەیلول چۆکی پێ دانەدان، شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند و بە ماوەیەکی کەم کەوتنە چالاکی و نەبەردیی دژ بە رژێمی بەعس و بوونە لەمپەر لەبەردەم سیاسەتی بە سووتماکردنی خاک و راگوێزانی خەڵکی دیهاتە سنوورییەکان و نەیانهێشت چرای هیوای کورد خامۆش ببێت، بۆیە زۆربەی خەڵکی باشووری کوردستانیش بە شار و گوندەوە، بە گەرمیان و کوێستانەوە لەدەوری ئەو شۆڕشە کۆبوونەوە و هەموو ئامادەییەکیان نیشاندا بۆ پشتیوانی و سەرخستنی. 

سێیەم رۆژ رژێم بۆ ناچارکردنی خەڵک تا واز لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکە بهێنن، بڕیاری شکاندنی قوفڵی دوکانەکانی دا، دواتریش هەندێک لە چڵکاوخۆر و بەکرێگیراوەکانیان کەوتنە تاڵانکردنی دوکانەکان و بەشێکی زۆری کەلوپەلە بەنرخەکانیان برد

 سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێ 
رژێمی بەعس وەک نەهجی سیاسیی خۆی لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە بەو پەڕی لووتبەرزییەوە کەوتە پەلاماردانی خەڵکی کوردستان و راگواستنی بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لەو رووەشەوە دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانی پێنجوێن وەک پشتوپەنای هەمیشەیی شۆڕش بوونە یەکەم قوربانیی ئەو سیاسەتە، ئەوەش گیانی بەرەنگاریی لەناخیاندا بەهێزتر کرد و لە دەرفەتێک دەگەڕان تۆڵەی ئەو ستەمە لە رژێم بکەنەوە. رژێم بەم هەنگاوانە دەستیکرد بە پیادەکردنی سیاسەتەکەی:
1-بەرتەسککردنەوەی سنووری جوگرافیی شارەکە لەڕێگەی دروستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو (محرمة).
2-شەهیدکردنی دەیان هاووڵاتی بەبیانووی جیاجیای وەک بەزاندنی هێڵی ناوچە موحەڕەمەکان، یەکێک لەو شەهیدانەش دێوانە مەجید بوو کە سەرقاڵی کاری شوانی و گاوانی بوو.
3-ئاهەنگگێڕان و شێواندنی سیمای پێنجوێن بە لافیتەی بێزراو بۆ یادکردنەوەی کودەتاکەی 17ی تەمموزی 1968 لەلایەن  دامودەزگاکانی بەعسەوە، بەشێکی تربوو لە شێوازەکانی بێزارکردنی خەڵک. 
4-خێراتر پیادەکردنی سیاسەتی بەزۆر راگواستنی دانیشتووان و  دەستگیرکردنی دەیان کەسی بێتاوان و ئەشکەنجەدانیان بەبێ هیچ پاساوێک.

خوێنی دێوانە بووە بڵێسەی راپەڕین 
هەموو ئەم رەفتارانەی رژێم دواجار بورکانی ناڕەزاییانی تەقاندەوە، چیرۆکی راپەڕینەکەش لەوێوە دەستیپێکرد کە رۆژی 17/7/1980 پێشمەرگەیەکی یەکێتی بەناوی عەبدوڵڵا بە کارێکی پێشمەرگانە بە نزیک گوندی ئاڵیاوادا تێدەپەڕ ببوو، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ مەفرەزەیەکی سوپای رژێمدا ئەفسەرێک و دوو سەرباز دەکوژێت، هێزەکەی تری رژێم، گومانی ئەوەیان کردبوو کە ئەو پێشمەرگەیە لەناو مەڕ و ماڵاتی پێنجوێندا خۆی حەشارداوە، کە دێوانە مەجید گاوان و شوانی بوو، پاش بێهیوابوونی هێزەکە لە دۆزینەوەی ئەو پێشمەرگەیە، رۆژی دواتر بەشێوەیەکی دڕندانە پەلاماری ئەو شوانە دەدەن دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، دەیبەن بۆ بارەگای لیواکەیان و لەوێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دەدات.
سەرەڕای شەهیدکردنی بەو شێوە نامرۆڤانەیە، دواتر چاوەکانیان دەرهێنابوو و لوت و گوێشیان بڕیبوو و تەرمەکەیان لە نزیک گوندی (مەسۆ) فڕێدابوو.
بەو هۆیەوە دانیشتووانی پێنجوێن رۆژی 19/7 چەند کەسێکیان دەچن تەرمەکەی دەهێننەوە و دەیبەن بۆ مزگەوتی (حاجی رەسوڵ)، کاتێک خەڵکەکە دەبینن تەرمەکە بەو جۆرە شێوێندراوە، بڕیاری خۆپیشاندان و مانگرتنیان دەدەن بۆ ماوەی سێ رۆژ.
دواتر بە رێوڕەسمێکی جەماوەری، تەرمەکە دەبەنە بەردەم دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس و لەوێوە دەیبەنە ناو بازاڕ و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن دوکان و بازاڕ دابخەن و بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکە بکەن.

رۆڵی رێکخستنەکانی کۆمەڵە
رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بەشداریی کارایان لەو خۆپیشاندانەدا کرد و هانی جەماوەریاندا بۆ بەردەوامبوون لەو  ئەندامانەی ڕێکخستنەکانیش کە رۆڵیان بینی بریتیبوون لە هەریەک لە (تۆفیق حەمە سەعید، کەمال مەحمود رەشید، عەبدولی حاجی مەجید، جەلال فەقێ مەحمود بێستانی، فاروقی رەشە چالە و... هتد).
وەک هەنگاوی یەکەمی خۆپیشاندانەکەش جەماوەری راپەڕیوو کەوتنە لێکردنەوەی دروشم و لافیتەکانی بەعس کە بەبۆنەی 17 ی تەمموزەوە هەڵواسرابوون، دواتر هەڵیانکوتایە سەر بارەگای (تەلایع) و داخستنی ئەو رێگایانەی دەچوونەوە بۆ بارەگا حزبییەکانی تر.
لە دەرێژەی خۆپیشاندانەکەدا تەرمەکەیان بە رێوڕەسمێک برد بەرەو گۆڕستانی (حاجی شێخ) بۆ ئەسپەردەکردنی، لەوکاتەدا هێزێکی زۆری رژێم لە ئەمن و ئیستیخبارات و سوپا گەمارۆی گۆڕستانەکەیان داو قایمقامی پێنجوێن و  فەرماندەی لیواکە هاتن  قسەیان بۆ خەڵکەکە کرد و پێیانوتن نەدەبوو خۆپیشاندان بکەن و دوکان و بازاڕ دابخەن، دەبوو بهاتنایە بۆ قایمقامیەت یان مونەزەمە  لەوێ کێشەکەمان چارەسەر دەکرد و سزای ئەوانەمان دەدا کە شوانەکەیان کوشتووە و وتیان بەڵێن دەدەین کە رووداوی لەو جۆرە دووبارە نابێتەوە.

لیدانی ئامر لیواکە لەلایەن ژنێکەوە 
خەڵکەکە راشکاوانە پێیان وتن: ئێمە ئێوە بە نوێنەری میللەت نازانین، هەر لەو کاتەدا ژنێک بەناوی (گەلاوێژ عەلی) بە نەعلەکانی کەوتە وێزەی فەرماندەی لیواکە و وێنەی سەدامی خستە ژێر پێیەکانییەوە، هەر لەسەر ئەو هەڵوێستەشی لەگەڵ منداڵە شیرەخۆرەکەیدا خرایە زیندانەوە و رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەیەکی بووەوە. هەر لە کاتی ناشتنی تەرمەکەدا سیخوڕەکانی بەعس وێنەی خەڵکەکەیان دەگرت تا بزانن کێ بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کردووە هەر لەوێدا جارێکی تر ئەو شێرەژنە بەردی گرتە ئەو سیخوڕەی وێنەکانی دەگرت و کامێراکەی شکاند. 
دوای ناشتنی تەرمەکە خەڵکە ئابڵوقەکەیان شکاند و بە دەم وتنەوەی دروشم و سروودەوە بەرەو ناوبازاڕ رۆیشن. 
ئیتر پیاوانی رژێم لەوە تێگەشتن کە ناتوانن خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکە کپ بکەنەوە و تازە سەرتاپای پێنجوێنی گرتۆتەوە، بۆیە پەنایان بردە بەر موختارەکان تا لەڕێی ئەوانەوە بزانن خەڵکەکە چیان دەوێت؟
 خۆپیشاندەرانیش بە نووسراو چەند داواکارییەکیان خستەڕوو کە بریتیبوون: سزای ئەوانە بدرێت کە دێوانە مجیدیان شەهید کردووە، ئازادکردنی کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی لەوکاتەدا لەزینداندا بوون،  رێگە بە هاووڵاتیان بدرێت بەئاسانی هاتوچۆی گوندەکانی چواردەوری پێنجوێن بکەن، گەڕاندنەوەی گوندنشینەکان بۆ گوندەکانیان و نەهێشتنی ناوچەی موحەڕەمە، لابردنی بۆسەی  شەوانەی ناو پێنجوێن، لابردنی رەبییەکانی بەرزاییەکانی چواردەوری شارەژە، گواستنەوەی عەقید زاجی فەرماندەی لیواکە کە بەرپرس بوو لە شەهیدکردنی (151) هاووڵاتی پێنجوێن و ئەشکەنجەدانی سەدانی تر.
رۆژی دووەم: هێنانی هێزی سەربازی بۆ پێنجوێن
لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکەدا رۆژی 20/7 رژێم هێزێکی سەربازیی زۆری هێنا و لە گەڕەکەکانی چوارباخ و بەرکێو جێگیری کرد، بەڵام خەڵکەکە کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار کەس دەبوو، سەرلەبەیانییەکەی بۆ ماوەی سێ سەعات کۆبوونەوە و بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان و مانگرتن و لەوێوە بە رێپێوان بەرەو مزگەوت بەڕێکەوتن و لەوێ پرسە و سەرەخۆشییان لە کەسوکاری دێوانە کرد، بۆ شەوەکەشی نزیکەی (50) ژن کەتەنها یەک پیاویان لەگەڵدا بوو) بە خۆپیشاندان بەرەو دائیرەی ئەمن رۆیشتن، بەڵام بەزەبری هێز بڵاوەیان پێکرا.

رۆژی سێیەم: شکاندنی قوفڵەکان و  تاڵانکردنی دوکانەکان
 21/7 ڕژێم بانگەوازی دەستپێکرد کە هەرکەسێک دوکانەکەی نەکاتەوە، ئەوا خۆیان قوفڵەکەی دەشکێنین، ئەو هەڕەشەیەش رۆڵی نەبوو، بگرە خەڵکەکە سوورتربوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان، بۆیە بڕیاری شکاندنی قوفڵەکانیان داو هەندێک لە چڵکاوخۆرو بەکرێگیراوەکانیان کەوتنە تاڵانکردنی دوکانەکان و بەشێکی زۆری کەلوپەلە بەنرخەکانیان برد.

رۆژی چوارەم: قەدەغەی هاتوچۆ (مەنع تەجەول)
رۆژی 22/7 رژێم مەنع تەجەولی راگەیاند و هێزێکی زۆری سەربازیی و ئەمنیی بەناو شاردا بڵاوکردەوە و دەستیانکرد بە گەڕان و پشکنینی ماڵەکان و کەوتنە گرتنی کەسوکاری پێشمەرگە و ژمارەیەک لەو کەسانەی بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کردبوو، لەوانەش (گەلاوێژ عەلی، عوسمانی حەمەی خواکەرەم، فاروقی حاجی ئەحمەد و... هتد.

دوا رۆژی خۆپیشاندانەکە
رۆژی 23/7 لەژێر گوشار و بەکارهێنانی هەڕەشە و هێنانی هێزێکی زۆری سەربازیی لە دەرەوەی شارەکەوە، توانیان کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکە بهێنن، ئەمەش یەکەم خۆپیشاندان بوو لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا کە رژێمی هەژاند.

یەکەمین تۆڵەی پێشمەرگانە
24/7ی 1980 هێزێکی پێشمەرگە لە سەعات 10 ی شەوەوە تا سەعات (5) ی بەرەبەیانی رۆژی دواتر ئابڵوقەی شاری پێنجوێنیان داو داستانێکی قارەمانانەیان تۆمارکرد کە تێیدا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی رژێم و لەو نەبەردییەدا زیاتر لە 100 سەرباز کوژران، بەو هۆیەشەوە رژێم بەجۆرێک شڵەژابوو، لە بروسکەیەکدا بۆ سەرووی خۆیان وتبوویان پێشمەرگە شاری پێنجوێنی داگیرکردووە، تکایە فریامان کەون.

دووبارە مەنع تەجەول  بۆ گواستنەوەی کوژراوەکانیان
بۆ رۆژی دواتر لەڕێی فڕۆکەوە رژێم سەربازێکی زۆری هێناو دووبارە  (مەنع تەجەول)ی راگەیاندەوە و لاشەی کوژراوەکانیان گواستەوە. هەر ئەوکاتیش خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ خەڵکی پێنجوێن راگەیاند. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان