شیلان شەماڵ مستەفا ئەو كچە كوردەی ناوی چووە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژووی وەرزشی كوردەوە بەوەی بوو بە یەكەم كچە كورد ئاگری مەشخەڵی ئۆڵۆمپی ئۆڵۆمپیادێك هەڵبگرێت كە ئاگری ئۆڵۆمپیادی پاریس بوو، ئەم كچە كوردە یەكێك بوو لەو وەرزشكارانەی ئاگرەكەی بەڕێكرد بۆ داگیرساندنی مەشخەڵی سەرەكی ئەم ئۆڵۆمپیادە.
شیلان تەمەنی 33 ساڵە، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە بە خێزانەوە چوونەتە فەرەنسا و لەو وڵاتە نیشتەجێبوون، باوكی پزیشكی ددانە، لەشاری فلۆری فەرەنسا نیشتەجێن، لەو شارە خولیا وەرزشییەكانی گەیاندییە ئەو ئاستەی ببێتە خاوەنی یانەیەك بۆ یاریی تایكواندۆر و منداڵان و گەنجانی ئەو شارەی لەو وەرزشەدا پێگەیاندووە و خزمەتی زۆری كردوون.
هەر ئەمە وایكرد كە لێپرسراوانی شارەكە شیلان بپاڵێون تا وەك نوێنەرێكی وەرزشكاری شارەكەیان بەشداریی بكات لە گەیاندنی ئاگری ئۆڵۆمپیاد لە ئەسیناوە بۆ پاریس تا مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی پاریسی پێدابگیرسێنن.