رێکارەکانی تاپۆکردنی زەوی حەوت گوندی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنی ئەو پارچە زەوییانە ئەوەیە داواکار خۆی خاوەنی خانووی سەر زەوییەکە بێت.
لەوبارەیەوە دیلمان لەتیف رەشید سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان رایگەیاند: پاش ئەوەی رێکارەکانی تاپۆکردنی زەوییەکانی باوەگێڵدی و سەردارئاوا و دارتووی نەزەر و کەنەکەوەی خان تەواوبوون و خەریکە تاپۆکردنی مەلاداودیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، لەمەودوا بەپێی یاسای (ژمارە 3 ی ساڵی 2019 ھەموارکراو)، دەست بە تاپۆکردنی حەوت گوندی تر دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە گوندی کۆڵەبی، داربەڕووڵە، کانی پان و کانی سەفەر، کەڵەوانان و گوندی جێشانە و گوندی باڵچوخ.
هەروەها وتیشی: ئەو کەسانەی لەماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە، با کۆپی (کارتی نیشتمانی) یان (رەگەزنامە و پێناس)ی خۆیان و ھاوسەریان لە ماڵەوە ئامادە بکەن و چاوەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکان بکەن، ئەگەر ئەو ژمارە مۆبایلەتان گۆڕیوە کە پێشتر لەسەر داواکارییەکە نوسیوتانە، ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەکی سەر بە شارەوانییەکەتان بکەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەکەتان.
هاوکات باسی لەوەشکرد زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو خانووانە بە رێژەی 5%ی بەھای زەوی ژێر خانووەکە تاپۆ دەکرێت، واتە بەھای بینای خانووەکە ئەژمار ناکەن.
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە کە داواکار خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێیت و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکان کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانووەکە ڕەتدەکرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانووانەوە مەکەن ھەتا تاپۆ دەکرێت بەناوتانەوە.