رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
دانیشتوانی بەکرەجۆ داوای تاپۆکردنی خانووەکانیان دەکەن
ناحیەی بەكرەجۆ سەر بە قائیمقامیەتی سلێمانییە، بەهۆی بەرفراوانییەكەیەوە ئێستا زیاتر لە 10 هەزار ماڵی تێدا نیشتەجێیە و ژمارەی دانیشتوانەكەی 65 هەزار كەسن.
بەختیار رەحمان موختاری بەکرەجۆ دەڵێت: بەكرەجۆ كێشەو گرفتی زۆری تێدایە، بۆ نموونە مۆڵەتی نوێكردنەوەی باخ لە ساڵێك زیاتری پێدەچێت کە پێشتر بە چەند مانگێک تەواو دەبوو، زەوی كشتوكاڵی نەماوە لە بەکرەجۆ هەمووی دابەش کراوە، چەند گەڕەکێکمان هەیە نە قیر کراوە نە تۆڕی ئاوی هەیە و بە تەنکەر ئاوی خواردنەوەی بۆ دەچێت و ئەو گەڕەکانەی تریش سێ رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە کە کەمە و بەش ناکات.
وتیشی: بەكرەجۆ پاركێكی تێدا نییە هاووڵاتیان پشووی تێدا بدەن، داوای دروستکردنی باخچەیەکی دیکەی ساوایان دەکەین و ژمارەی خوێندنگەکانیش کەمن بۆ ئەو ژمارە دانیشتوانە زۆرە و ئەوانەشی هەن بیناکانیان زۆر کۆنن.
بەختیار رەحمان باسی لەوەشکرد، تاپۆ نەکردنی خانووەکانیان گرفتی سەرەکی دانیشتوانی بەکرەجۆیە و داوا لەلایەنی بەرپرس دەکات بڕیار بدەن بە تاپۆکردنی خانووەکانیان.
گلەیی شۆفێرانی تاکسی لە سلێمانی
بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی لەناو شاری سلێمانی، گلەییان لە بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی قەزا و ناحیەکان هەیە، بەوەی کاتێک رۆژانە لە قەزا یاخود ناحیەکانی خۆیانەوە هاووڵاتیان دەگەیەننە ناو شاری سلێمانی، دێنە ناو شار و کاری گواستنەوەی هاووڵاتیانی ناو شار دەکەن.
ئەو کارەی بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لۆگۆی تایبەتی بۆ کردوون و بەپێی یاسا تەنها دەبێت لە رێگەی هاتوچۆی ناوچەکە خۆیان کار بکەن و گواستەوەی هاووڵاتیان لە ناوخۆی شار لێیان قەدەغەیە، لەبەر ئەوەی بەو کارەیان مافی شۆفێری تاکسییەکانی ناو شار دەخۆن.
شۆفێرێکی تاکسی لەناو شاری سلێمانی دەڵێت: ئەو شۆفێری تاکسییانەی ئەو کارە دەکەن پێشێلی یاسا دەکەن و لۆدێکی زۆریش دەخەنە سەر شەقامەکانی ناوخۆ، ئەوە بێجگە لەوەی مافی ئێمەش پێشێل دەکەن.
وتیشی: داوا لە لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەکەم رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو شۆفێرانە بگرنە بەر و سزایان بدەن، بۆئەوەی رێگری بکرێت لەو سەرپێچییە.
گوندنشینانی كونجرین لە بێ ئاویدا دەخنکێن
گوندی كونجرین سەر بە قەزای ماوەتە لە شارباژێر، ئێستا گوندەكە سیانزە ماڵی تێدا نیشتەجێیە و کەم ئاوی تەنگی بە گوندنشینان هەڵچنیوە.
سدیق عەلی دانیشتوی گوندی كونجرین غەمبار بوو بۆ بێنازیی گوندەکەی و وتی: دوای راپەڕین پڕۆژەی ئاومان بۆ كراوە، بیریان بۆ هەڵكەندین، بەڵام زیاتر پشتمان بە ئاوی كانی بەستبوو لەبەرئەوەی هەرگیز وشكی نەكردووە، بەڵام بەهۆی وشكە ساڵییەوە لەناكاو وشك بوو، گوندەكە بێ ئاو مایەوە جۆگەیەكیش هەبوو کە سێ کیلۆمەتر لە کونجرینەوە دوور بوو لە چەمی (ئامادینەوە) دەهات بۆ ناو گوندەكە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەکەی ناگاتە گوندەکە و ئێستا بێ ئاوی هەراسانی کردووین، داواکارین بەرپرسانی حکومەت بیرێکی ئیتیوازی 400 مەتری بۆ گوندەکەمان هەڵبکەنن و پڕۆژەی ئاوەکەمان بۆ گەورەتر بکەن تا لە بێ ئاوی رزگارمان ببێت.
وتیشی: جادەی سەرەکی گوندەکەمان چەو رێژە، لە ماوەی رابردوودا مامەڵەی قیرتاو کردنمان بۆ کرد و بڕیاریشی لێدرا، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە، کە بە قیرتاوکردنی جگە لە گوندەکەی خۆمان گوندی کوڕەداوێش لێی سوودمەند دەبن و داوا دەکەین بەرپرسان بە جێیەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان گوندنشینان ئاشت بکەنەوە کە مافی خۆمانە.
گوندنشینانی خەراجیان داوای بەهاناوەچوون دەکەن
گوندی خەراجیان دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی و سەر بە ناحیەی عەربەتە، ئێستا زیاتر لە 30 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانی 150 كەسن، گرفتی کەمی خزمەتگوزارییان هەیە.
ئارام فەتاح ئەنجومەنی گوندەكە دەڵێت: گوندی خەراجیان ساڵی 1996 لەسەر فەرمانی مام جەلال ئاوەدانكرایەوە ئەوەندە بە پەرۆش بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی هێشتا ماڵی تێ نەهاتبوو کارەبای بۆ بەسترابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی کەم ئاوییەوە خەریکە هەموو گوندەکە چۆڵ دەبێت، بیری ئاوەكان بە گشتی كەمیان كردووە و بەشی خواردنەوەشیان تێدا نییە، لە ماوەی رابردوودا بڕیاری لێدانی بیرێکی 300 مەتریمان بۆ دەرچوو، لەبەرئەوەی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی تێچووەکەی خستۆتە ئەستۆی دانیشتوانی گوند کە بڕەکەی زیاتر لە 40 هەزار دۆلار( واتا چوار دەفتەر دۆلار) ەتائێستا لێ نەدراوە، خەڵكی هەژار و كەم دەرامەتی گوندەكە ناتوانن ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن و کانییەکانیش ئاویان تێدا نییە.
وتیشی: کارەبای نیشتمانیمان باش نییە و داوای دابینکردنی موەلیدە دەکەین، هەروەها دابینکردنی مامۆستا و کەرەستەی خوێندن بۆ قۆناغی ناوەندی قوتابخانەکەمان بۆ ئەوەی خوێندکارەکانمان ناچار نەبن بۆ خوێندن بە سەرما و گەرمان بگەنە عەربەت.
جگە لەوانە گوندی خەراجیان ئاوەڕۆی نییە کە بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
دانیشتوانی هەواری شار توڕەن
هەواری شار گەڕەکێکی شاری سلێمانییە، ژمارەیەک لە کۆڵانەکانی گڵە و قیرتاو نەکراون ئەوەش دانیشتوانی ئەو گەڕەکەی توڕە کردووە.
ئەحمەد سەعید موختاری گەڕەكی هەواری شار دەڵێت: گەڕەكی 21 لە هەواری شار
تێکەڵەڕێژ کراوە و ئاو و ئاوەڕی تەواوە تەنها پێویستی بە قیر یاخود کۆنکرێت کردن هەیە و بۆی ناکرێت، دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە زۆر بێزارن لەبەرئەوەی بەهۆی چاک نەکردنی گەڕەکەکانیان پاس و تەکسی ناچێتە کۆڵانەکانیان.
وتیشی: هەر لەو ناوچەیە شەقامە 30 مەترییەكەش قیرتاو نەكراوە، وەك بازنەیەك وایە بە دەوری گەڕەكەكاندا کە گەڕەکەکانی 514 ی قەیوان، 21ی ئاسایشەكان و زەوی فۆڕمەكان بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ چەند گەڕەكێكی تردا بۆ ئەو مەبەستە چەندینجار داواكاریمان بە ئیمزا بەرزكردۆتەوە بۆ شارەوانی سلێمانی، تائێستا وەڵاممان وەرنەگرتۆتەوە.
وتیشی: دانیشتوانی گەڕەکی 111 كە دەكەوێتە نێوان كانی سپیكە و هەواری شار پێویستیان بە شەبەكەی ئاو، قیرتاوكردنی جادە و كۆڵانەكانیەتی، دانیشتوانی گەڕەکی ئاسایشەکانیش لە هەواری شار پێویستیان بە تۆڕی ئاو هەیە.