مونیر سەلیم: بەرپرسیارێتی و خۆشەویستی بۆ راگەیاندن وزەم پێدەبەخشن

11:56 - 2024-08-01
هەمەرەنگ
766 جار خوێندراوەتەوە

مونیر سەلیم ئەمین بەگ، ساڵی 1970 لە شاری (دیوانیە) ی باشوری عیراق لەدایك بووە، بەڵام خەڵكی (بەڵخە)ی هەورامانە سەر بە ناحیەی (بیارە) لە پارێزگای سلێمانی 
لەساڵی 1997 وە میدیاكارە و لەو ماوەیەدا لە بواری بیستراو و نووسراو و بینراودا لە زۆرێك لە رادیۆ و رۆژنامە و تەلەفزیۆنی حزبی و ئەهلی كاری كردووە و هەر بەردەوامە، ئێستا جگە لەوەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری دەنگی گەلی كوردستانە، بەرپرسی بەشی بەرنامەكانی رادیۆیە و ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەیەكی سیاسی رۆژانەیە. حەوت خولی رۆژنامەوانی كەناڵی (الجزیرة) و (2) خولی رۆژنامەوانی كەناڵی (ZDF) ئەڵمانی و خولێكی یەك مانگیی ئاژانسی دەنگوباسی (فرانس پرێس) ی فەرەنسا و خولێكی دوو هەفتەیی رادیۆی (BBC) ی بینیوە، بۆماوەی (3)  مانگ پەیامنێری كەناڵی (العربیة)بووە بە فریلانس و دەرچووی پەیمانگەی (پریس ناو)ی هۆڵەندییە و دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی (11ی ئازار)ی هەولێرە ، ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و عیراق و جیهانە.
ئامادە و پێشكەشكاری بەرنامەی (رای گشتی )یە كە بەرنامەیەكی سیاسی رۆژانەیە و  راستەوخۆ جگە لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لەیەك كات دا لە پەیجی (DGK) رادیۆ لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و یوتیوب و لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانیش ماوەی چوار ساڵە پەخش دەكرێت، بەڵام ماوەی مانگێكە لە تەلەفزیۆن پەخشی بەرنامەكە راگیراوە. مونیر دەڵێت: خۆشەویستی بۆ  راگەیاندن و هەست كردن بە بەرپرسیارێتی وزەی بەردەوامیم پێدەبەخشێت. 
ئەو بە دوالاپەڕەی وت: دەنگی گەلی كوردستان متمانەترین دەزگای راگەیاندنی كوردییە، چونكە زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و یەكێتی هەرحزب نییە، بەڵكو شۆڕشیشە و شۆڕشیش لە خەڵكەوە بۆ خەڵكە.
مونیر جگە لە كاری میدیایی و راگەیاندن شەیدای خوێندنەوە و نووسینە و هاوكات هۆگری سەیركردنی فیلمە، هەر وەك خۆی باسی دەكات جارجارە ورتەورتی شیعریشی هەیە. 
سەبارەت بە پیشەی پێشكەشكاریش دەڵێت:پێشكەشكاری باش و سەركەوتوو ئەو كەسەیە زیاتر لە زمانێك بزانێت، خوێنەر بێت، ئاگاداری رووداوەكان بێت و توانای تێگەشتن و شرۆڤەكردنی هەبێت و خاوەن ئەزموون بێت.
ئالان محەمەد جەزا 

بابەتە پەیوەندیدارەکان