د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
ئەندێشەی داهێنەرانە، یان خەیاڵ و وێناکردنی داهێنەرانە Creative Visualization ، بە عەرەبی (التطور الابداعي- الخيال الابداعي)، خانمە نووسەری ئەمریکی شاکتی گەوەین دایهێناوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو تاکێک لەناوەوەدا پڕە لە وزە و توانای داهێنان، بەڵام ئەم وزەیە شاراوەیە و لەپێشدا لەخەیاڵ و بیرکردنەوەدا پەنهانە،گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو وزەیە تەنیا لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا نەمێنێتەوە، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆ واقیع، بەو پێیەی هەموو داهێنانێک لەسەرەتادا لەنێو خەیاڵدا پەنهانە، لەدواییدا لەسەر زەویی واقیع بەرجەستە دەبێت و پراکتیک دەکرێت.
ئەندێشەی داهێنەرانە، یان خەیاڵی داهێنەرانە، یان وێناکردنی داهێنەرانە، ئەمانە هاوواتای زاراوە ئینگلیزییەکەن: Creative Visualization ، بەو واتایە دێت کە هەموو تاکێک (هەموو گەنجێک، هەموو خوێندکارێک) توانایەکی شاراوە و وزەیەکی زۆری داهێنەرانەی لە ناوەوەدا هەیە کە لە خەیاڵ و ئەندێشە و بیرکردنەوەکانیدا جێگیرن، پێویست بەوە دەکات ئەو وزە داهێنەرانەیە لە خەیاڵ و ئەندێشەدا گەورە و بەرجەستە بکرێت و پاشان لە ئەندێشەوە بهێنرێتە ناو پراکتیک و واقیعی ژیانی ئەو کەسەوە. وزە و توانای داهێنەرانە بە شێوەیەکی رێژەیی لە هەموو کەسێکدا بوونی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو وزە و توانایە لە ئەندێشەوە بهێنرێتە ناو واقیعەوە.
وزە و توانای داهێنەرانە بە شێوەیەکی رێژەیی لە هەموو کەسێکدا بوونی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو وزە و توانایە لە ئەندێشەوە بهێنرێتە ناو واقیعەوە
لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا زەمینە ڕەخساوە بۆ ئەوەی توانای داهێنان گەورە بکرێتەوە و لە واقیعدا پراکتیزە بکرێت، لەوێدا زەمینەی کۆمەڵایەتی و ژینگەی خێزان و دەرفەتەکانی فێربوون بە ئەندازەیەکی زۆر لەبەردەستدان تا تواناکانی داهێنان لە ئەندێشەی تاکدا بەرجەستە بکەن و هانی بدەن ئەو وزەیە لە واقیعدا پیشان بدات. کەچی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ئەو زەمینەیە بۆ گەنجان نەڕەخساوە، بۆیە هەمیشە لەناو نەریتی کۆمەڵایەتی و قەیرانی خنکێنەرو چەپاندنی دەروونی و سێکسیدا،تواناکان بەهەدەر دەچن، ئەندێشەی داهێنەرانە لاواز دەکرێت و ڕێگەی داهێنان دادەخرێت، (بیر لە هەرەمی ماسلۆ بکەرەوە).
سوودە پەروەردەییەکانی تێگەیشتن لە ئەندێشەی داهێنەرانەو پراکتیزەکردنی، ئیجگار زۆرن، دەشێت هەندێکیان بەم شێوەیە دیاری بکەین: یارمەتیی تاکەکەس دەدات بە ئەندازەیەکی زۆر متمانەی بەخۆی هەبێت و لە ژیانی واقیعیدا ئەم متمانەبەخۆبوونە پراکتیزە بکات، هەروەها لە ریگەی بیرکردنەوەی رێژەیی و بیرکردنەوەی رەخنەییدا دەتوانێت بیری دۆگماتیزم و توندڕەوی و رەهاگەری لەناخی خۆیدا بسڕێتەوە و پتر لە «ئێستا»دا بژی، نەک نیگەرانی لە ئاییندە و پەشیمانی لە رابردوو بیرکردنەوەی داگیر بکەن، ئینجا هەستێکی وا لەلای تاک دروست دەکات کە (ترس) و (شەرم) دوو دوژمنی گەورەن، ترس و شەرم گەورەترین کۆسپن لەبەردەم سەرکەوتندا، مەبەستم لە ترس و شەرمی سایکۆلۆجییە. هەستێکی پۆزەتیڤانە ئەندێشەی داهێنەرانەی ئەو تاکە گەورەتر دەکات و هەنگاوی خێرای پێدەنێت بۆ نێو پراکتیکی واقیعی، خاڵێکی دیکەی گرنگیی تێگەیشتن و قووڵبوونەووە لە ئەندێشەی داهێنەرانە بریتییە لە پرۆسەکردنی وەرزشێک بۆ جەستە و ماسولکە، وەرزشێک بۆ ئیرادە و خواست، بەگشتی وەرزش بکرێت بە نەریت و کولتوور، ئینجا گرنگیی یۆگا و میدیتاسیۆن، واتە ڕامان، کە تا ئەندازەیەکی زۆر سترێس کەم دەکاتەوە، ئەمەش رێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە تەندروستیی دەروونی یان دەرووندروستی کە راستەوخۆ پەیوەستە بە سیستمی تازەی خۆراک، رۆژووی زانستی، کۆنترۆڵکردنی کڕینی شتومەکی زیادە لە مۆلەکاندا، گەڕانەوە بۆ تیۆرییە و کتێبەکانی دکتۆر دیپاک چۆپرا.
ئەگەر ئەم پرۆسانە ببن بە بەشێک لە ژیانی واقیعیی مرۆڤەکان، ئەوا زەمینەیەکی گونجاو بۆ داهێنان دەخوڵقێنن و دەبن بە هاندەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی داهێنان تەنیا لە ئەندێشە و خەیاڵدا نەمێنیتەوە، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆکردار و پراکتیک.