بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم: هەوڵێك هەیە بۆ باشتركردنی بەشەخۆراك

01:01 - 2024-08-01
کوردستان
136 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت: بەشی زۆری ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە جێگای رەزامەندیی هاووڵاتیانە‌ و هەوڵیش هەیە جۆرەكەی باشتر بكرێت. ئاماژە بەوەش دەكات، بەردەوامبوونی بەشەخۆراك رێگربووە لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لە بازاڕەكاندا.
نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەردەوامە ‌ و ساڵانەی بودجەی تایبەتی بۆ دابین دەكرێت، لە ماوەی رابردووشدا چەندین گۆڕانكاری تێداكراوە، وتیشی: ماددەكانی خۆراك بەگشتی جێگای رەزامەندیی هاووڵاتیانە، جگە لە جۆری برنجەكە، بۆ ئەوەش وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاگاداركراوەتەوە بۆ ئەوەی جۆری برنجەكە بگۆڕێت یان كوالێتییەكەی باشتر بكات.
راشیگەیاند: هەوڵێك هەیە ئەوانەی مووچەیان بەرزە یان خاوەن داهاتی زۆرن بەشەخۆراكیان ببڕدرێت، بەمەش بودجەیەكی زیاتر بۆ كڕینی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەمێنێتەوە، لەم حاڵەتەشدا لەلایەك دەتوانرێ بڕەكەی زیادبكرێ لەلایەكی تر جۆرەكەی باشتربكرێت.
سەبارەت بەوە بۆچی هەندێك مانگ بەشەخۆراك دابەش ناكرێت، نەوزاد كامیل وتی: حكومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ 10 مانگ بەشەخۆراك دەكڕێت‌ و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان