نەجم محەمەد
بەداخەوە ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا هەستەکانی کوشتووە هەم لەگۆرانیدا هەم لەمۆزیکادا، بۆ نموونە لەڕێی تەکنەلۆجیاوە دەستکاریی دەنگی گۆرانیبێژ دەکرێ و ئامێری میوزیک دەژەنرێ، من پێموایە هەرگیز تەکنەلۆژیا ناتوانێ هەست دروستبکات
مێژوو پێمان دەڵێت هونەری گۆرانی هونەرێکە پێش قسەکردن و زمانی گفتوگۆی مرۆڤ کەوتووە، بەجۆرێک مرۆڤ پێش ئەوەی زمان بگرێت و قسە بکات، توانیویەتی بەجۆریک لەجۆرەکان گۆرانی بچڕێت. شێوە و ستایلی گۆرانییەکانی سەرەتای مرۆڤ، دەربڕینی چەند دەنگێکی بێ وشە و بێمانابووە و دەنگێکی بەرز و نزم تێکەڵ لە ئاهەکان بووە، کاتێکیش ئەم دەنگەی دەربڕیووە گوزارشت بووە لە هەستە خۆش و ناخۆش و شاراوەکانی ناخی یان کاتێک ئاژەڵێکی راوکردووە یان داهێنانێکی کردووە شتێکی نوێی دۆزیوەتەوە بەو گۆرانیە بێ وشەیە کە هەر ئا ئا بووە بۆ گوزارشت لەوخۆشیەی ئەو گۆرانییەی وتووە دوای گەشەکردن و پەرەسەندنی مرۆڤ و تێپەڕبوونی ڕۆژ و ساڵەکان و دۆزینەوەی کار و کشتوکاڵ و پیشەسازی، ئیتر مرۆڤ زمانی گەشەی کرد و بە وشە دەربڕینەکانی دەکرد و دوای دروستبوونی خێزان و زمان و دابەش بوونی چینەکان و نەتەوە و زمان و وڵاتەکان، هونەری گۆرانیش گەشەی کرد و گۆرانییەکان بەمیلۆدی و وشەوە دەردەبڕدران و گۆرانیش دابەش بوو بەسەر چینەکان و زمان ومیللەتە جیاجیاکاندا لەم خوێندنەوە خێرایەی دیالیکتیکییە مێژووییەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە گۆرانی گوتن ژەنینی هەستی مرۆڤ بووە جگە لە رەهەندی مرۆڤایەتی و هەست هیچ رەهەندێکی تر لەپشتی گۆرانییەوە نەبووە دواتر رەهەندی جیاجیای وەک زمان و نەتەوە و ئاین و هتد بۆ دروست کرا.
گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی میللەتانی دنیا بەمیللەتی کوردیشەوە ئەگەر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکەین، لە میلۆدی و وشە و تێکستەکانیەوە دەبینین ئەو گۆرانیانە بە رەهەندێکی مرۆییەوە گوتراون و دەربڕینی هەست و نەستی ناخی مرۆڤەکان بوون و خاوەنی ئەو گۆرانی و میلۆدییانە خەڵکانی جوتیار و کرێکار و وشوان و باخەوان و عاشقی دڵ شکاو و خەڵکی ئاسایی و هەژار و زەحمەتکێشی ناو کۆمەڵگەبوون و خەڵکانی مۆزیک کار و ژەنیار نەبوون، دواتر مۆزیکا و ئامێرە مۆزیکاییەکان پەیدا بوون و دەتوانم بڵێم کە دروستبوونی مۆزیکا زادەی بوونی گۆرانییە، دواتر هەردووکیان پێکەوە بوونە هارمۆنیا و ئیستاتیکای هونەری.
یۆنانییەکان لەبارەی زمانی مۆزیک او زمانی میلۆدییەکانەوە دەڵێن کە ڕێگایەکە بۆدەربڕینی هەستی خۆشەویستی و حەماس و خەمباری و شادی و سەرکەوتن و هتد.
هەربۆیە دەگوترێ گۆرانی و مۆزیکا زمانێکی جیهانین، هەموو میلەتانی جیهان لەو زمانە دەگەن ئەگەر لە وشەکانیشی نەگەن چونکە زمانی گۆرانی زمانی هەست و نەستە و هەموو مرۆڤەکانی دونیا خاوەنی هەستی مرۆیین کە خەسڵەتێکی سروشتی غەریزی مرۆڤەکانە و هەمووان هاوبەشن تێیدا، گۆرانی زمانێکە بۆ گۆڕینەوەی هەست و عاتیفە کاتێک هەست دەکەی وەک مرۆڤێک هەست دەکەی، من پێم وایە شتێک نیە بەناوی هەستی کوردی یا عەرەبی یا فارسی یا ئینگلیزی یا ئازەری هتد هەست خەسڵەتێکی مرۆییە نەک نەتەوەیی و ئاینی، بەجۆرێک کاتێک من و تۆ و عەرەبێک و تورکێک و فارسێک و ئینگلیزێک و فەرەنسییەک برسیمان دەبێ یان تینومان دەبێ وەک مرۆڤ تینومان دەبێ و برسیمان دەبێ هەست بەبرسێتی و تینیوێتی دەکەین خۆ ئێمە بەکوردی تینوو و برسی نابین، خۆ عەرەبیک بەعەرەبی برسی نابێ، فارسێ بەفارسی تینوی نابێ، ئینگلیزێک بەئینگلیزی خەوی نایە، فەرەنسییەک بەفەرەنسی هەناسە نادات بەڵکو وەک مرۆڤێک ئەو غەریزانە تێر دەکەن لێرەوە دێمەوە سەر هەست دەربڕین لەگۆرانیدا کە خۆی لە خۆیدا گۆرانی وتن ژەنینی هەستە لەلایەن گۆرانیبێژەوە ئەو هەستە دەبێ لەقوڵایی هەست و ناخ و دڵ و سنگیدا هەڵبقوڵێت نەک بەتەنها لە لێو قوڕگەوە ئەوە هەستە وادەکات کە گۆرانی زوو بچێتە دڵەوە و بەزیندووێتی بمێنێتەوە. بۆ نموونە کە گوێ لەحەیران و سیاچەمانە و قەتار و خاوکەر و ئای ئای کوردی دەگرین هەستدە کەین سەرتاپای تژییە لەهەست و لەقوڵایی ناخەوە هەڵدەقوڵێ یان گوێ لە لایەلایەی دایک و لاوانەوەی پرسە و چەمەریاکان دەگرین دەبینین کە هەستیان لێ دەڕژێ.
دەگوترێ حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابووردوو و سەردەمی ئاڵتوونیی گۆرانی و مۆزیکای کوردیدا ئەوەی ئەو سەردەمە ئاڵتونییەی دروست کردووە ئەوە بەهەستەوە گۆرانی گوتن و بەهەستەوە ژەنینی مۆزیکایە بەپێچەوانەی ئێستاوە کە بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری گۆرانییەکان و ژەنینی مۆزیکاکان خاڵین لەهەست، تاک وتەرا گۆرانیی بەدی دەکەین بەهەستەوە گوترابن، بەهەستەوە مۆزیکای بۆ ژەنرابێ جاران گۆرانی بە هەستەوە دەگوترا و چەندین بیرەوەریی و یادگاریمان پێوە دەبەستەوە بەڵام ئەمڕۆ لەبەرئەوەی گۆرانییەکان زۆربەیان بەهەستەوە ناوترێن ئەوا هەر بەزۆریش ناتوانین هیچ بیرەوەری و یادگاری پێوە ببەستین.
بەداخەوە ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا هەستی کوشتووە هەم لەگۆرانیدا هەم لەمۆزیکادا بۆنموونە لەڕێ ی تەکنەلۆجیاوە دەسکاری دەنگی گۆرانیبێژ دەکرێ ئامێری موزیکا دەژەنرێ من پێم وایە هەرگیز تەکنەلۆژیا ناتوانێ هەست دروست بکات و هەرگیز کلیپ ناتوانێ هەست دروست بکات بۆ گۆرانیی ئەگەر هەرچی کیژی جوانی دونیایە تێیدا سەما بکات یان گەورەترین تیپی سەمفۆنیا کاری مۆزیکای بۆبکات کە بەهەستەوە نەبوو ئەو گۆرانییە دەمرێ، نهێنی زیندوو مانەوەی گۆرانی بەهەستەوە چڕین و بەهەستەوە ژەنینی مۆزیکایە ئەمە با تێکستیش لەولاوە دابنێین .
من پیم وایە ئیستا گۆرانی و مۆزیکای کوردی لەقەیرانی نەبوونی هەست دایە هەربۆیە زۆربەی گۆرانییەکان بێ تام و سارد و سڕ و مردارەوەبوون و هیچ کاریگەرییەک لەسەر دڵ و دەروون دروست ناکەن کاتی خۆی ئاوازدانەری گەورەی عەرەب بەلیغ حەمدی لەبارەی هەست و دەنگ و قوڕگی هونەرمەند عەبدولحەلیم دەڵێ(قوڕگی عەبدولحەلیم ئامێرێکی مۆزیکی بوو من دەمژەند) بۆیە گرنگە و پێویستە گۆرانیبێژ بەهەستەوە گۆرانی بچڕێ و هەست تێکەڵ بە گۆرانیەکەی بکات و هەرەوەها ژەنیار بەهەستەوە مۆزیکا بژەنێ و هەست تێکەڵ بە مۆزیکا بکات. من پێم وایە گۆرانی و مۆزیکا بەبێ هەست دەبێتە کارێکی میکانیکی رەق و تەق، ئێستاش دوور لە تەکنەلۆژیا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینین کە چۆن شوانێک لەگەڵ مەڕەکانیدا بەگەورەترین هەستەوە گۆرانی دەچڕێ کە کرێکارێک حەماڵێک لەنێو بازاڕێکی بێ رەحمی شاردا چۆن بەکەف و کوڵی هەستێکی گەورەوە گۆرانی دەچڕێ، ئەمانە هونەرمەند نین بەڵکو مرۆڤی ئاسایی نێو کۆمەڵگەن بەڵام لەهەست چڕیندا زۆر لە هونەرمەندەکان واوەتر چوون، ئەمەیە نهێنی و ئیلهامی گۆرانی گوتن کەواتە گۆرانی گوتن ژەنینی هەستە.