سوپای عیراق بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك

12:55 - 2024-08-05
کوردستان
216 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد




فیرقەی 11ی سوپای عیراق بۆ فراوانكردنی سەربازگە كۆنەكەی گوندی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای كەركوك، دەستی بەسەر 100 دۆنم زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كوردی گوندەكەدا گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی مەدەنی و جووتیارانی كوردی سنوورەكە لە خۆپیشاندانێكدا ناڕەزاییان دەربڕی و داوای چارەسەركردنی ریشەیی ئەو داگیركارییە دەكەن.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: سوپای عیراق بەردەوامە لە داگیركردنی زەویی جووتیارانی كوردی گوندی تۆپزاوای كەركوك و پێشووتریش سوپا دەستی بەسەر 250 دۆنم زەویی گوندەكەدا گرتووە و ئێستاش دەیەوێت دەست بەسەر 100 دۆنم زەویی دیكەدا لە چوار دەوری بازگەكەدا بگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد كە سوپا دەست لە داگیركاریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی قەزا و ناحیە و گوندەكانی كەركوك هەڵناگرێت، بۆیە دەنگی ناڕەزایی خۆمان دەخەینە پاڵ دانیشتوانی گوندی تۆپزاوا و داوا لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق دەكەین، كە ئەو فراوانخوازییەی سوپای عیراق رابگرن و هەوڵی جددی بدەن بۆ چارەسەركردنی، چونكە ئەو زەوییانە موڵكی خەڵكی گوندەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان