راگەیەندراوی دژەتیرۆر لەبارەی رووداوەكەی قەرەداغ

08:51 - 2024-08-10
کوردستان
397 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر ئاشكرایكرد، ئەو چەكدارانەی هاتبوونە قەرەداغ و دوو ئەندامانی هێزەكانی ئاسایشییان شەهید كرد، شانەیەكی سەربە رێكخراوی داعش بوون و بۆ خۆحەشاردان هاتبوونە ناوچەكە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پاشنیوەڕۆی رۆژى هەینی لە شارۆچکەی قەرەداغ لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکی ئاسایی خۆیاندابوون لە نزیک یەکێك لەناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکە، چەند چەکدارێک رووبەڕوویان دەبنەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایش بە تەقەی چەکدارەکان شەهید دەکرێن.
دژەتیرۆر لەو راگەیەندراوەیدا ئاماژەى بەوەشکردووە، "بەگوێرەى زانیارییە کۆکراوەکان ئەو چەکدارانە شانەیەکی سەربە رێکخراویی تیرۆرستیی داعش بوون، بەمەبەستی مانەوە و خۆحەشاردان هاتبوونە ناوچەکە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر جەختیکردووەتەوە، "دەزگا ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوە لەم رووداوە تیرۆرستییە بەردەوامدەبن، تاوەکو دەستگیرکردنی چەکدارەکان و هاوکارەکانیان، لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نوێ هاونیشتمانیان ئاگاداردەکرێنەوە".

#بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر

بابەتە پەیوەندیدارەکان