کورد و بەشێک لە سوننەکان دژی بوون

هەمواری یاسای باری كەسێتی پێچەوانەی مافەكانی ژنان و منداڵانە

10:59 - 2024-08-11
ڕاپۆرت
513 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندان دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراق

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا

داخوازی  بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری كەسێتی(الاحوال الشخصیة‌)، ژمارە 188ی ساڵی 1959، ناکۆکی خستۆتە نێو ئەنجومەنی نوێنەران و بۆچوونی جیاوازی لەسەر دروستبووە، جگە لە ناڕەزایی شەقام و خۆپیشاندانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ رەتکردنەوەی هەموارکردنەوەی یاساکە، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان و یاساناسان پێیانوایە گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسێتیدا بەو  جۆرەی پێشنیازکراوە، هەوڵێکی سیاسییە و پێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و مافەكانی ژنان و منداڵانە، تەنیا لە بەرژەوەندی پێكهاتەیەكی مەزهەبی دیاریكراوە‌،  ئاماژە بەوەش دەكەن ئەو گۆڕانکارییانەی داوادەکەن لە یاساکەدا بکرێت، مەترسی لەسەر هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگەی عیراقی ‌و دابەشبوونی بۆ دوو مەزهەب (سوننە و شیعە) دروست دەكات، هاوكات لەكاتی پرۆسەی ژنهێنان و شووکردندا دەسەڵات لە دادگاكان وەردەگیرێتەوە و دەدرێت بە پیاوانی ئایینی.
سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی ژنان‌ و منداڵان و خێزان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە پەرلەمانی عیراق‌ و لیژنە تایبەتەكان، گفتوگۆیەكی زۆر لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی دەكرێت، پرۆژە یاساكە لەلایەن پێكهاتەی شیعەوە ئامادەكراوە، سەرەتا لە رێگەی كۆكردنەوەی زیاتر لە 100 ئیمزا رێگری كرا لەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساکە بکرێت، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی چواری ئەم مانگەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری پرۆژە یاساکە کرا.
ماددەکانی ناڕەزاییان دروست کردووە
وتیشی: شیعەکان لەگەڵ بەشێک لە سوننەکان رێککەوتن لە بەرامبەر یاسای لێبوردنی گشتی کە داواکاری سوننەکانە، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری پەرلەمان زیاد بکەن ئەویش هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتییە، هەر ئەمەش وایکرد خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پرۆژە یاسایە بکرێت.
هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی  لە چەند ماددەیەکدا  چڕكراوەتەوە، لەوانەی داوای دیاریكردنی مەزهەبی شیعە و سوننە  دەكرێت لەكاتی پرۆسەی ژنهێنان و شووکردندا، هەركاتێكیش ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو كەسە هەبێت، دەبێ ژنەكە بچێتە سەر مەزهەبی پیاوەكەی.
ئەندامەکەی لیژنەی ژنان‌ و منداڵان و خێزان دەڵێت: ئەمە جۆرێكە لە ناچاركردن لە دیاریكردنی مەزهەب، كە پێچەوانەی ماددەیەكی دەستوورە، چونكە لە عیراق حوكمی دیموكراسی فیدراڵییە، كاتێكیش مەزهەب فەرز دەكرێت لەناو یاسایەكدا ئەوا پێچەوانەی دیموكراسییە.
بەگوێرەی ماددەیەكی تری هەمواركردنەوەكە رێگە بە هاوسەران دەدرێت لە دەرەوەی دادگاكان پرۆسەی هاوسەریی بکەن، لەكاتێكدا بەگوێرەی دەقی یاساكە سزای لەسەرە، بەمەش دەسەڵات لە دادگاكان وەردەگیرێتەوە و دەدرێت بە پیاوانی ئایینی، هاوكات بۆ تەمەنی هاوسەریی ساڵی پێگەیشتن دیاریكراوە كە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بۆ دوانزە ساڵی دەست پێدەكات، واتا بەو هەمواركردنە رێگە دەدرێت كچان لەو تەمەنەدا شووبكات.
زیادکردنی نەهامەتی
سروە محەمەد وتی: دەستکاریکردنی یاسای باری کەسێتی نەهامەتییەکی ترە بەسەر کۆمەڵگەی عیراقی دەهێنرێت و پاشەکشەیەکە لەو مافانەی پێش زیاتر لە 60 ساڵ بۆ خێزانەکان دیاریکراوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی عیراقی خۆی لە رابردوو بەهۆی شەڕ و وێرانکاری رووبەڕووی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشانەوەی خێزان بۆتەوە.
بەهۆی ئەو مەترسییانە، كورد و بەشێكی زۆری سوننەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بوون. ئەوە لە کاتێکدایە یاساكە تایبەتە بە عیراق و هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
  د.رازاو گوڵی یاساناس‌ و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەمواركردنەوەی یاساكان بەگوێرەی پێویستیی كۆمەڵگە و ئەو گۆڕانكارییانەی لەژیانی  كۆمەڵایەتیدا دێتە كایەوە ئاساییە دەسكاری بكرێت، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە یاسای باری كەسێتی  لە عیراق لەلایەن بەشێك لە پێكهاتەی شیعە داوای گۆڕانكاری و دەستكاریكردنی دەكەن  و مەبەستی تایبەتیان هەیە لەو هەموارکردنە.
ئامانج لە هەمواركردنەوەکە
یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959  لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم دەرچووە، كە هەڵگری بیروڕای شیوعیەت بووە، بۆیە شیعەكان پێیانوایە ئەو یاسایە لەگەڵ بیروباوڕی ئەوان و رێوڕەسمە ئایینیەكانیاندا گونجاو نییە، بۆیە بەردەوام هەوڵی هەمواركردنەوەی دەدەن، لەكاتێكدا دەقی یاسای باری كەسێتی بیروبۆچوونی هەموو مەزهەبەكانی لەخۆگرتبوو، هاوكات سەرچاوەی سەرەكی ئەو یاسایە ئایینی ئیسلامە و هیچ بڕگە و ماددەیەكی تێدا نییە كە پێچەوانەی ئەو ئایینە بێت.
 د.رازاو گوڵی دەڵێت: ئامانجی ئەمجارەی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لەپێناو بەرژەوەندی خێزان و مافەكانی تاكدا نییە، بەڵكو ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكە بەرەو كۆنەپارێزی ‌و  بێ مافكردنی ژن و منداڵ‌ و هەڵوەشانەوەی خێزانەكانە، هەر بەگوێرەی ئەو هەموارکردنە رێگە بەكۆمەڵێك جۆر و شێوازی ژنهێنان و شووکردن دەدرێت، كە بەهۆیەوە منداڵێكی زۆری بێ ناسنامە لەدایك دەبن، بەبێ ئەوەی ئەو ژن و منداڵانە هیچ مافێكیان هەبێت، بەمەش كێشەیەكی زیاتری كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە.
وتیشی: ئەو هەوڵەی هەیە لەبارەی  یاسای باری كەسێتی، هەڵوەشانەوەی یاساكەیە بە تەواوەتی، بەمەش كۆمەڵگە بەسەر دوو مەزهەب(سوننە و شیعە) دابەش دەكات، لەجیاتی ئەو هەوڵە دەبوو یاساكە بە ئاڕاستەیەکی باشتر هەمواربكرێتەوە، بەتایبەت لە پرسی میرات ‌و فرەژنیدا كە پێشتر چەندین رەخنەی لەسەر هەبووە.

یاساناس د.رازاو گوڵی: 
ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكە بەرەو كۆنەپارێزی ‌و بێ مافكردنی ژن و منداڵ‌ و هەڵوەشانەوەی خێزانەكانە

 

پەرلەمانتار سروە محەمەد: 
هەمواری یاسای باری کەسێتی پاشەکشەیەکە لەو مافانەی پێش زیاتر لە 60 ساڵ بۆ خێزانەکان دیاریکراوە


#بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان

بابەتە پەیوەندیدارەکان