ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری رانیە و شارۆچکەی حاجیاوا سەردانی کەسایەتی دیاری عەشیرەتی هەرکی و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال، ئەحمەد ئاغا زێڕۆ هەرکی و حاجی ئیبراهیم رۆستەم، تێکۆشەری دێرین و دۆستی سەرۆک مام جەلال-یان کرد .
لەو سەردانانەدا مەکتەبی سکرتاریەت سوپاس و پێزانینی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی-یان پێشکەشکردن و بەڕێزەوە ئاماژەیان بە مێژووی خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان کرد کە وەک دوو کەسایەتی دیار لە هەموو قۆناغەکاندا پشتیوان و هاوکاری شۆڕشی نوێ و یەکێتی بوون و دڵسۆزانە ماڵ و ژیانیان خستبووە خزمەتی یەکێتی و گەلەکەیان و ئەمڕۆش یەکێتی شانازی بە ئێوە و هەموو ئەو کەسایەتیانەوە دەکات کە بەدرێژایی خەباتی کوردایەتی پشتگیر و هەماهەنگ بوون و لە بەرەی گەلەکەیاندا مانەوە.
مەکتەبی سکرتاریەت روونیانکردەوە، تێکۆشەرەکانی کوردایەتی شایەنی هەموو رێزلێنان و ئاوەڕدانەوەیەکن و مافی ئەوەیان بەسەر هەموومانەوە هەیە کە بەدەنگیانەوە بچین و لە بەرامبەر ئەو خزمەتانەی پێشکەشیانکردووە بەڕێزەوە ناویان بهێنرێت و مێژووی درەوشاوەیان بەبیربهێنرێتەوە کە مەکتەبی سکرتاریەت درێژە بە هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال دەدات بۆ خزمەتکردنی هەموو چین و توێژەکان.