ئیسماعیل مەحمود
هۆكار حەكیم وەرزشكارێكی گەنجی یارییە كوشتارییەكانە و یاریی موای تای هەڵبژاردووە و لەگەڵ تەمەنێكی كورتدا لە جیهانی ئەم یارییەدا، ئێستا دەتوانین بڵێین یاریزانێكی نێودەوڵەتییە.
هۆكار خەڵكی بازیانە و لە سلێمانی 23/3/1999 لەدایك بووە، لە ساڵی 2014 –ەوە دەستی بە یاریی موای تای كردووە، ئێستاش ماوەی دوو مانگ زیاترە لە تایلەندە و كەمپێكی مەشق و راهێنانی دەستپێكردووە بۆ بەشدارییكردن لەو پاڵەوانێتییانەدا كە بەم نزیكانە بەشدارییان تیادا دەكات.
بۆ بەسەركردنەوەی ئەم گەنجە بەتوانایە كە ئێستا لە تایلەندە، ستادیۆم چەند پرسیارێكی لێكرد و ئەوەیش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:
* چۆن بەجیهانی ئەم جۆرە وەرزشە ئاشنا بوویت؟
-من بەمنداڵی قەڵەوبووم، بۆ دابەزاندنی كێش ئەم وەرزشەم هەڵبژارد، بۆیە ئیتر نەمتوانی وازی لێبهێنم و تا ئێستا بەردەوامم.
* لەسەر دەستی كام راهێنەر گەیشتویتەتە ئەم ئاستە باشە؟
-من لەسەردەستی هەردوو راهێنەر سیروان مینە و كارزان تەها تائێستاش بەردەوامم لەم وەرزشەدا.
* ئەم جۆرە وەرزشە لای تۆ چ مانایەك دەگەیەنێت؟
-من وەك وتم سەرەتا بۆ دابەزاندنی كێش ئەم وەرزشەم هەڵبژارد، جگەلەوەش زۆر شەرمن بووم، بەڵام ئەم وەرزشە ژیانی بەتەواوی گۆڕیم، وای لێكردم ترس و شەرمنیم نەمێنێت، بەجۆرێك حەز دەکەم هەمیشە لە ژیانی ركابەریی و ململانێی سەختدا بم و بوێرییەكی زۆر لە ژیانمدا درووست بووە.
* واتا تۆ دەتەوێت بڵێیت ئەم یارییە فێری بوێریت دەكات و شەرم و ترس لە جەستەتدا ناهێڵێت؟
-بەڵێ وایە، بۆیە من داوا لە باوكان و دایكان دەكەم منداڵەكانیان چ كوڕ بێت یان كچ بۆئەوەی كەسێكی بوێر دەربچن با هەوڵ بدەن فێری یارییەك لە یارییەكانی هونەری بەرگری و كوشتارییەكانیان بكەن.
* ئێستا لە تایلەند جگە لـــــە كەمپی مەشق و راهێنـــان بەشـــداریی هیچ پاڵەوانێتــییەك دەكەیت؟
- بەڵـــــێ رۆژی شەممـــــــەی ئایندە 17/8 یارییەكی گرنگم هەیە و لەو رووبەڕووبونەوەیەدا پارێزگاری لە پشتێنە نوێیەكەم دەكەم.
* پشتێنەكەت ناوی چییە كە بەرگریی لێدەكەیت؟
-من ئێستا خاوەنی سێ پشتێنم یەكەمیان(WMC) یە كە لە سەرتاسەری عیراقدا تەنیا من ئەم پشتێنەم هەیە، دووەمیان (BFC) یە، سێیەم پشتێنیش كە رۆژی شەممەی ئایندە دەمەوێت پارێزگاریی لێبكەم (SBS) ە.
* دیارترین ئەنجامەكانت چین؟
-من لە كوردستان و عیراق و چەندین وڵاتی وەك ئوردون و جۆرجیا و تایلەند و ئیمارات بەشداری دەیان پاڵەوانێتی ناوخۆیی و عیراق و نێودەوڵەتیم كردووە، لەسەر ئاستی هوات (25) نازناوی پاڵەوانم هەیە، لەم جۆرەی ململانێیەكاندا یاریزان كڵاو و دەستكێش و مەحفەزەكانی سەر و قاچ و ئەژنۆ بەكاردەهێنێت.
بەڵام ئێستا لەئاستی پێشكەوتوواندا ئەو جۆرە شتانە بەكارنایەت، تەنیا دەستكێش لەدەست دەكەیت، لەم جۆرەشدا خاوەنی 10 نازناوی پاڵەوانم.
* دوا پاڵەوانێتی كە بەشداریت كردووە كامە پاڵەوانێتیی بووە؟
-دوا پاڵەوانێتی لە تایلەند بوو كە توانیم بە لێدانی یەكلاكەرەوە لە پاڵەوانێكی پۆڵەندی ببەمەوە و پشتێنی سیم بی-م لەپشت كرا.
* با بچینە دەرەوەی ئەم وەرزشە و ئەمەوێت پێت بڵێم جگە لە یاری موای تای، حەزت لە چ یارییەكی ترە؟
*حەزم لە هەردوو یاریی باسكە و راكردنی ماوە درێژە، لە سلێمانی لە چەندین پاڵەوانێتی راكردنە ماوە درێژەكان (ماراسۆن) بەشدارییم كردووە.
* ئەی تۆپی پێ؟
-هەرگیز حەزم لێی نەبووە، تەنانەت لە كاتێكدا كە خوێندكار بووم یان لەگەڵ هاورێكانم یاریی تۆپی پێمان دەكرد هەموو كات منیان دەردەكرد و دەیانوت تۆ یارییەكە نازانیت، ئەوەتا من لەم وەرزشەی خۆمدا بووم بــــــەم یاریزانەی ئێستا بەڵام ئەوانی تۆپی پێیان دەكرد و گاڵتەیان بە من دەكرد هیچیان لە وەرزشدا نەبوون بە وەرزشكارێكی باش.
* ئەی جگە لە وەرزش بەچی ترەوە خەریكیت؟
-خوێندكــــــاری زانكۆی ئەمریكیم لە ســــلێمانی بەشی بزنس و ئەمســـــاڵیش خوێنــــدن تەواو دەكەم.
* ئێمە هیچمان نەماوە ئەگەر تۆ شتێكت ماوە بیڵێیت؟
-منیش هیچــــــم نەمـــــاوە بیڵێم جگەلەوەی سوپــــاسی زۆرتان دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە.