كتێبخانەی خانەی نیشتمانی لەشاری كەركوك رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە خزمەتكردنی رۆشنبیرانی شارەكە، بەهەموو نەتەوەكانییەوە، ئەم كتێبخانەیە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە لەلایەن خاوەنەكەی حاجی ئیبراهیم حەسەن عوفی ئەلعوبەیدی كە لە نەتەوەی عەرەبە، بەڕێوە دەچێت.
ئەم كتێبخانەیە پێشتر ساڵی 1980 بە خانەی نیشتمانی دابەشكردن و بڵاوكردنەوە ناسرابوو، ئەركی دابەشكردنی رۆژنامە و گۆڤار و كتێب و بڵاوكراوەی رۆشنبیری بوو، دەنێردران بۆ كتێبخانەكانی كەركوك.
دوای ساڵی 2003 كتێبخانەكە زیاتر كتێبی سیاسی و رۆشنبیریی و مێژووی فەلسەفی لە ئامێز گرت، زۆربەیان لەلایەن خانەكانی ئەلمەئمون و كاروباری رۆشنبیری وئەلحیكمە دەردەچوون، جگە لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بەسەرجەم زمانەكان، رۆژانەش زۆربەی رووناكبیرانی شارەكە كتێبخانەكەیان بەسەر دەكردەوە، تاكو لەنزیكەوە ئاشنای كتێب و چاپكراوەی نوێ ببن.
لەئێستادا خانەی كتێبخانەی نیشتمانی كەركوك لەلایەن عەلی كوڕی حاجی ئیبراهیم عوفی بەڕێوەدەچێت و شوێنێكی بەیەك گەیشتنی رۆژنامەنوسان و میدیاكارانە.