ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
گێڕانەوەی سیمای شارستانی بۆ شەقامەکان
ناوەڕاستی هەردوو سایدی زۆربەی شەقامی شار و شارۆچکەکان عامود چەقێنراوە و بۆ روناكکردنەوەی شەقامەکان بلاجکتۆر یان گڵۆپی غازیان پێوە هەڵواسراوە، ئەو کارە سیمایەکی جوان بە شەقامەکان دەبەخشێت لەو کاتانەدا کە کارەبای نیشتمانی هەبێت و گڵۆپەکانی داگیرسابێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە زۆرێك لە گڵۆپ و بلاجکتۆرەکان کارناکەن، بەتایبەت جووت سایدی شەقامی گەڕەکی هەواری شار، لە سەرەتای شەقامەکەوە تا دەگاتە فولکە گەورەکەی سەروەری لە گەڕەکی هەواری شار زۆربەی عامودەکان بلاجکتۆرەکانیان لەکارکەوتوون، پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام بەدواداچوون بکات و گڵۆپی نوێیان بۆ دابنێت.
گرفتی بێ ئاوی لە گەڕەکی عەلی کەمال
عەلی کەمال یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی سلێمانی و کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بەختیار دانیشتوویەکی گەڕەکی عەلی کەمال دەڵێت: گەڕەکەکەمان زۆرقەرەباڵغە و کێشەی کەمیی ئاومان هەیە، پێنج رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەمان بۆ بەردەدەنەوە کەمەو بەشی پێویست نییە، هەروەها بەبێ موزەخە بڕی پێویستی ئاو ناچێتە ناو تانکییەکان، لەبەرئەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکەکە کۆنە و پێویستی بە گۆڕینە.
بازیان داوای خزمەتگوزاری دەکات
گەڕەکەکانی برایەتی، شارەوانی و ئازادی لە قەزای بازیان زیاتر لە سێ هەزار ماڵ تیایدا نیشتەجێیە، بەڵام وەك پێویست خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە.
بایز حەمەبابەکر موختاری ئەو سێ گەڕەکە وتی: رێگەی دووسایدی قەزای بازیان هەمووی هەڵتەکیوە و پێویستیی بە چاککردنە، هەندێک لە کۆڵانەکانیش پێویستیی بە قیرتاوکردنە، هەروەها قەزاکە پێویستیی بە نەخۆشخانەیەکی گەورەترە، شەقامی راستە بازاڕەکەمان زۆربەی قیرەکەی تێکچووە و چاڵوچۆڵی زۆری تێدایە و پێویستی بە دووبارە قیرتاوکردنەوە هەیە.
گوندی هەنارانی سەروو بێ خزمەتە
گوندی هەنارانی سەروو 35 ماڵ زیاتری تێدایە و سەر بە ناحیەی بەکرەجۆیە، بەڵام لە زۆرینەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشە.
خەبات جەزا موختاری گوندی هەنارانی سەروو بۆ کوردستانی نوێ وتی: شەقامی سەرەکی گوندەکە یەك کیلۆمەتر و نیوە تائێستا قیرتاو نەکراوە، پرۆژەی ئاوەکەمان بچووکە و لە بیرەکەوە دوورە، داوا دەکەین ئاوی بیرەکە بخرێتە سەر پرۆژەکە و گەورە بکرێت.
وتیشی: گوندەکە پێویستیی بە بنکەی تەندروستییە، عامودی کارەبای گوندەکەمان کۆنە و پێویستیی بە گۆڕینە، تیپێکی باشی یاریکردنمان هەیە و گۆڕەپانی یاریکردنمان نییە، کچێکی گوندەکەمان نەخۆشییەکی دەگمەنی هەیە و داوا لە بەرپرسان و سەرمایەداران دەکەین بۆ چارەسەرکردن بینێرنە دەرەوەی وڵات.
گرفتی گەڕەکەکانی سەرا و جولەکان لە هەڵەبجە
ئەگەرچی لە هەڵەبجەی شەهید هەردوو گەڕەکی سەرا و جولەکان زیاتر لە 700 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 2500 کەسن، بەڵام خزمەتگوزارییەکان وەك پێویست نین.
ئاشنا شەفیق موختاری ئەو دوو گەڕەکە دەڵێت: بەشی سەرەوەی گەڕەکی سەرا قیرتاو نەکراوە و ئاوەڕۆشیان نییە، هەروەها قوتابخانە زۆر دوورە و گەڕەکەکە پێویستیی بە دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی ساوایانە، شەقام و چواردەوری پارکی گەڕەکەکە پێویستی بە قیرتاوکردنە.
وتیشی: تەعزێخانەی گەڕەکەکە کارەبای نییە و داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین کارەبای بۆ دابین بکات، شارەوانی کاری خزمەتگوزاری بۆ هەندێك گەڕەك دەکات، بەڵام وەک پێویست خزمەتگوزاری نەگەیاندووەتە ئەو دوو گەڕەکەی شارەکە و بەتایبەت لە رووی قیرتاوکردنەوە زۆر پشتگوێ خراون.
کێشەی مامۆستایانی کورد لە خورماتوو
لە خورماتوو مامۆستایانی کورد لە کرێی چاودێریکردنی هۆڵی تاقیکردنەوەکان بێبەش کران، ئەحمەد رەمەزان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و نوێنەری ئەو مامۆستایانە لە خورماتوو وتی: ئەوەی لەمساڵدا دەرهەقمان کراو لە کرێی چاودێریکردنی هۆڵی تاقیکردنەوەکان بێبەشکراین زوڵمێکی زۆر گەورەبوو لێمان کرا، پارەکە خەرج کرا، بەڵام ئێمەیان لێ بێبەش کرد.
وتیشی: داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بەدواداچوون بۆ گرفتی ئەو مامۆستایانە بکات و مافی خوراویان بۆ بگەڕێنێتەوە.