شێواندنی فرانتس کافکا

12:48 - 2024-09-12
ئەدەب و هونەر
118 جار خوێندراوەتەوە

شوان ئەحمەد

خراپ تێگەیشتن و بەدحاڵی بوون لە کرۆکی تێکست و بەرهەم و تەنانەت لە هەڵسوکەوت و ساتە ئاساییەکانی ژیانی رۆژانەشیان بەبێ جیاوازیی، قەدەر و چارەنووسی هەموو گەورە داهێنەرو بلیمەتێکە. ئەمە وەك چۆن بۆ بیرمەندێکی وەكو(فردریك نیتشە و مارتن هایدیگەر و میشێل فوکۆ و ژیڵ دولۆز) راست و دروستە، بەوجۆرەش بۆ ئەدیبانێکی وەكو(فرانتس کافکا و ژۆرژ باتای و شارل بۆدلێر و ئێدگار ئالان پۆ)یش، دەست دەدات کافکا وەک تاقانە و ناوازەترین نووسەر، بەدوو سەر لەگەڵ ئەو پڕۆسەی شێواندنەدا دەرگیرو گرفتارە...بە سەرێک ئەوانەی پێی سەرسامن و لەهەوڵی لاساییکردنەوە و کۆپیکردنیدان، بەسەرێکی دیکەش، ئەوانەی تەرێزی لێدەکەن و لە کەمیندان بۆی.

وەك رۆماننووسی ژاپۆنی هارۆکی مۆراکامی دەڵێت: (هەموو لاساییکردنەوە و شوێنپێ هەڵگرتنێکی کافکا، کورت دەهێنێت و مەحکومە بە شکست و دەبێتە باعیسی شێواندنی)، پڕۆسەیەکی لەو جۆرەش زیاتر و زۆرتر ئەوانە ئەنجامی دەدەن کە بە ئەدەبیاتی کافکا ئەوقبوون و توانای ئەوەیان نییە، لەژێر سیحرو کاریگەریی وشەکانی و جیهانە سەرسوڕهێنەر و تەلیسماوییەکەیدا دەربچن.
دەستەیەکی دیکەش کە درێژە بە شێواندنی بلیمەتترین نووسەری سەدەی بیستەم دەدەن، ئەوکەسە کەم بەهرە و ئایدیۆلۆژیست و زەین کوێرانەن کە لە گەورەیی ئەدەبیاتی خاوەنی(بەدگۆڕان) تێناگەن و چەشەی ستایلی ئەو جۆرە نووسینانە ناکەن. یاخود هەیانە دێت و بەزۆری زۆردارەکی هەوڵدەدات، رۆح و داهێنانی بڵند پایەی ئەو بپەستێنێتە نێو دنیای ئایدیۆلۆژی و سیاسەتێکی پڕ لە کینە، بە جۆرێک ئەوانە دێن و وەک زایۆنیستێکی عەیارە بیست و چوار و دژە عەرەبێک، وێنای دەکەن. لەم نێوەندەدا هەوڵی دیارو بەرچاو و پشوو درێژانەی رەینەر شتاخ( وەکو کافکا ناسێکی دیارو قوڵ و پشوودرێژ)، لە پڕۆژە سێ بەرگییەکەیدا دەربارەی ژیان و ئەدەبیاتی خاوەنی (کۆشك و دادگایی) بۆ ئەوەیە لە هەموو شێواندنێکی بەدەستی ئەنقەست و ناحەقی و چەواشەکارییەک بەدووری بگرێت و وەكو خۆی چۆن هەیە، بەو جۆرە فرانتس کافکای راستەقینەمان پێ ئاشنا بکات.
 خوێندنەوەی پڕۆژە قەوارە گەورە سێ بەرگییەکەی شتاخ، تەقەللایەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەموو ئەو وێنە ناڕاست و شێوێندراوانەی، لەسەر خاوەنی (نامە بۆ باوك)، دروستکراون. لە بەرامبەریشدا دەستڕاگەیشتنە بە وێنە ئۆرژیناڵەکە، وێنەی مرۆڤێکی تەنیا و پەژموردە و سەراسیمە، وێنەی ئەدیب و داهێنەرێکی سیحربازو دەگمەن و بلیمەت کە دووبارە بوونەوەی زەحمەتە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان