تایبەتمەندیی شیعر بۆ منداڵان

12:59 - 2024-09-12
ئەدەب و هونەر
309 جار خوێندراوەتەوە

رۆستەم خامۆش

هەندێ شاعیر هەن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن هەگبەیان پڕە و دەتوانن لە هەموو بوارێکدا شیعر بنووسن، دێن شتێک دەنووسن و ناوی لێدەنێن شیعر بۆ منداڵان، گوایە شیعری منداڵان ئاسانە و ئەوانیش دەتوانن بینووسن، بێ ئەوەی شارەزاییان لە ئەدەبیاتی منداڵاندا هەبێت یان لەبارەی دەروونزانیی منداڵانەوە کەمێک زانیارییان هەبێ و شتێک بزانن، یاخود لە بواری پەروەردە و زانستی منداڵناسیدا خوێندنەوەیان هەبێت. بە کورتی خۆیان قاڵنەکردووە لەو بوارەدا و زمانی نووسینی شیعری منداڵان نازانن. هەر وەکو ئەو کەسە وان کە مەلە نازانێ و خۆی دەخاتە نێو ئاوێک و دەڵێت مەلە دەکەم!
لە رابردوودا بینیمان زۆر شاعیر شیعریان بۆ منداڵان نووسی و بڵاویان کردەوە، هەندێکیان چەند کتێبێکیشیان چاپکرد، وەلێ نەکەوتنە سەر زاری منداڵان و خودی منداڵانیش قەبوڵیان نەکردن ئەگەرچی ئەو شیعرانە بۆ ئەوانیش نووسرابوون، چونکە دوور بوون لە دنیای جوان و رەنگاڵەیی منداڵ و پەیوەندییان بە زمان و هزر و دەروونی منداڵانەوە نەبوو. ئێستاش کەسانێکی دیکە هەن، کە بە ویست و داخوازیی گەورەساڵانە دەنووسن و نازانن لە جیهانی منداڵدا چی دەگوزەرێ!
منداڵانیش باش بۆیان دەرکەوتووە و دەزانن شیعری تایبەت بە خۆیان چییە و چۆنە، بۆیە دەتوانن لەگەڵ شیعری نووسراو بۆ گەورەساڵان جیای بکەنەوە.
رەنگە کەسی شاعیر بتوانێ لە نووسینی شیعری گەورەساڵاندا بەرەوپێش بچێ و ببێتە شاعیرێکی باش و ناسراو، بەڵام مەرج نییە لە نووسینی شیعری منداڵاندا سەرکەوتوو بێت، لەبەرئەوەی یەکەم خاڵ بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونی شاعیری بواری منداڵان، پێویستە زمانی منداڵ بزانێ و بە زمانی خۆیان بۆیان بنووسێ.
چونکە هەر شیعرێک شادیی بە دڵی منداڵ نەبەخشێ و چێژ و خۆشی نەخاتە دەروونییەوە و خەیاڵی وەک باڵدار هەڵنەفڕێنێ، یان زانیاریی زیاد نەکات لە یادگەیدا، یاخود مۆسیقای شیعرەکە نەیخاتە جوڵەو پێکەنین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو شیعرە پەیوەندیی بە منداڵەوە نییە.
هەر بەڕاستی منداڵانی ئەم سەردەمە زۆر وریا و چاو کراوە و شتزانترن، چونکە ئەگەر شیعرێک رەنگدانەوەی ناخ و دەروونی خۆیان نەبێت یان لەگەڵ تێگەیشتن و بیریان ناکۆک بێت، ئەوا بێگومان چێژ لەو جۆرە شیعرانە وەرناگرن و نایخوێننەوە و گوێی لێ ناگرن.
کەواتە دەبێ شاعیرانی بواری منداڵان، لە حەز و هەست و ئەندێشەی منداڵ شارەزابن و خۆیان فێری زمانی زارۆکان بکەن. ناکرێ شاعیر خۆی چی پێخۆشە وەها بنووسێ و بڵێ ئەوە شیعری منداڵانە. زۆربەی شاعیران لە کتێب و نامیلکەکانیاندا کە تایبەتیان کردوون بە منداڵان، هەندێ شیعریان دەچنە نێو چوارچێوەی ئەدەبی منداڵان، ئەوانی دیکەش هەر ناوێکی لێدەنێی ئارەزووی خۆتە، وەلێ تەنها ئەدەبی منداڵان نەبێت.
بە پێی توێژینەوە و سەرنجدان و وردبوونەوە لە چەندان دەقە شیعری نووسراو بۆ منداڵانی کورد، لە ساڵانی رابردووەوە تا دەگاتە ئێستاش، ئەگەر چەند شیعرێکی ناسک و جوان و نوێگەرانە بە زمانی بۆ منداڵ نووسراو ببینی، ئەوا زۆر لەوە زیاتر دەکەونە بەرچاو، کە پەیوەندییان بە منداڵەوە نییە و تەنها ناویان لێنراوە بۆ منداڵان.
بە رای خۆم و بە دید و بۆچوونی شارەزایانی ئەدەبی منداڵان، بە تایبەتی ژانری شیعر، کە ئاماژەیان پێکردووە و دەڵێن: تایبەتمەندییەکانی شیعری منداڵان، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدابێ، کە بریتین لە:
1 - شیعرەکە بە زمانێکی سادە و ساکار نووسرا بێت و ڕەنگدانەوەی زمانی منداڵی پێوە دیار بێت.
2 - هەتا بکرێ ڕەگەزی خەیاڵی تێدا بێت، چونکە خەیاڵ بیرکردنەوەی منداڵ بەهێز دەکات.
3 - لە شیعری منداڵان نابێ وشەی قورس و ئاڵۆز و هێمای تێدا بێت، چونکە دەبێ تێکستی منداڵان نزیک بێ لە هزر و تێگەیشتنی خودی خۆیان، کەواتە دەبێ شاعیر تەواو شارەزا بێ لە زمانی منداڵ.
4 - پێویستە دەقەکە لە دونیای منداڵەوە هەڵقوڵاو بێت و ناکرێ و نابێ داخوازیی گەورەساڵانی تێدا تێکەڵ بکرێ.
5 - منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە و لە کاتی خوێندنەوەی، یان گوێ لێگرتنی، دڵی پێخۆش بێ.
6 - شیعرەکە ئاسان و سەر بە جیهانی منداڵ بێت، واتە منداڵ هەر زوو لە شیعرەکە تێبگات.
7 - پەیڤەکانی ناسک و جوان و مۆسیقی بن، واتە شاعیر بە لێزانیی و زیرەکییەوە وشەکان لە شوێنی پێویستدا جێ بکاتەوە و بزانێ لە کوێیان دادەنێ.
8 - ناوەڕۆکی شیعرەکە هەڵگری پەیامێک بێ و مانادار و واتای هەبێ و زانیاری بەخش بێت.
9 - شیعرەکە سوودبەخش بێ، یان منداڵ هانبدات بۆ بیرکردنەوە و داهێنان، یاخود لایەنی گەشبینی و ئومێد و هیوا بۆ سەرکەوتن لە ژیان، بەشێکی سەرەکیی بێ لە نێو دەقە شیعری منداڵان.
10 - شیعری منداڵان، دەبێ بڕگەکانی کورت بن، بۆ ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەدا منداڵ ماندوو نەکات و بە ئاسانی و بە ئاوازەوە بیخوێنێتەوە و ئەگەر ویستی زوو ئەزبەری بکات.
وەک لای هەموان زانراوە، کە شیعری منداڵان بەشێکی گرنگ و پانتاییەکی فراوان و هەرە سەرەکیی ئەدەبیاتی منداڵانە، بۆیە دەکرێ لەو چەند خاڵەی سەرەوە، کە باسمان کردن، وەک بنەماو بناغەی نووسینی شیعری منداڵان کەڵکی لێ وەربگیرێ و ببنە دەروازەیەک بۆ ناسینی شیعری منداڵان، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە تازە دەستیان داوەتە قەڵەم و دەیانەوێ خزمەتێک بە ئەدەبی منداڵانی کورد بکەن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان