ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز یەکەم کۆبوونەوەی سازکرد

09:31 - 2022-06-30
کوردستان
392 جار خوێندراوەتەوە




ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز کرد کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیە لە دوای هەموارکردنی یاسای نەوت و گاز. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی داهات و خەرجییەکانی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 کرا.

لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، داهاتی گشتی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتوو و هەناردەکراو و بەکارهێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا.

دواتر چۆنێتی خەرجکردنی داهاتی بەدەستهاتوو لەم ماوەیەدا خرایەڕوو کە بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرجکراوە، حکومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی شەش مانگی ساڵی 2022ی دابینکردووە، لە کاتێکدا حکومەت فیدرالی بۆ شەش مانگی ساڵی2022 دەبووایە ترلیۆنێک و دووسەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکومەت مووچە هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێم دابین کردووە و هەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە.

پاشان خەرجییەکانی دیکەی حکومەت تاووتوێکرا. جگە لە خەرجیی مووچە کە لە داهاتی نەوت دابینکراوە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 وا بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی وردبینی دیلۆیت لەسەر ئەم ئامار و زانیاریی و ژمارانە بۆ ری گشتی بخرێتەڕوو.

 کۆبوونەوە جەختی کردەوە لەسەر برەودان بە شەفافیەت لەم بوارەدا و هەرێم سەرجەم زانیاریی و ژمارەکانی بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی و تەنانەت رای گشتی هەرێم و عیراق و دەرەوەش خستووەتەڕوو و بەردەوامیش دەبێت و دوایین راپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداش تایبەت بەوردبینی داهات وخەرجیی و قەرز و میلاکیی وەزیفیی لە هەرێم بەڵگەی ئەم راستیەن. 

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە ناکۆکیی نەوت و گاز و ئامادەکارییە یاساییەکانی حکومەتی هەرێم پشتبەست بە دەستوور بۆ روبەڕوبونەوەی فشارەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

 کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاریی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لە‌سە‌ر كێشە‌كان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان