بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان، پرسی هەڵبژاردن و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی تەندروست کە وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتییان و پارێزەری مافەکانیان بێت، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەبەرەوپێشچوونی هەرێمەکەمان و رەوتی دیموکراسی لە ناوچەکە کرد و راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستی بە حوکمڕانییەکی دادپەروەر و خزمەتگوزارە، هەوڵەکانی لەپێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیردا بێت، بۆیە یەکێتی لەو پێناوەدا هەموو هەنگاوێک دەنێت و دەمانەوێت ئەو حوکمڕانییەی دێتەکایەوە خزمەتکاری خەڵکەکەمان بێت نەک جیاکارییان لەنێواندا بکات.