زۆریی ئۆتۆمبێل، هۆکارێک بۆ پیسبوونی هەوا

10:48 - 2024-09-22
ژینگە
108 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

بەپێی ئامارێکی دەستەی ژینگەی هەرێم نزیکی دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، 60 ٪ یان ئۆتۆمبێلی تایبەتن و زۆرینەیان رۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ هاتوچۆکردن و راپەڕاندنی کاروبارەکانی رۆژانە بەکاردەهێنرێن، ئە وەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پیسبوونی هەوا هەیە.
رەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە هەرێم یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە زۆرەیە لەسەر شەقام کە زۆرینەیان ئۆتۆمبێلی تایبەتن.

خراپیی سیستمی گواستنەوەی گشتی
خراپیی سیستمی گواستنەوەی گشتی وایکردووە هاووڵاتیان زیاتر ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکاربهێنن، ئەگەر هاووڵاتی دڵنیابێت لەوەی بە ئۆتۆمبێلی گشتی لەکاتی خۆیدا دەگاتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوا ئۆتۆمبێلی تایبەت ئیش پێ ناکات، ئەوەش دەبێتە هۆی کەم سەرفکردنی سووتەمەنی و لە ئەنجامدا هەوا کەمتر پیس دەبێت.
یەریڤان شاسوار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە كوالێتی هەوا دەڵێت: کوالێتی هەوای هەرێمی کوردستان ئەگەر لە 10 ساڵی رابردوودا باش بووبێت ئێستا باش نییە و لە زۆربەی پیسکەرەکاندا ستانداردی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە شارەکاندا و ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆربەکارهێنانی مادەی کیمیایی و سووتانی پاوان و دارستانەکانەوە هەوای گوندەکانیش پیس بووە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان کاردەکەن لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان زۆرە، بەشێکیشیان مۆدێلیان کۆنە و لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە یەکناگرنەوە و پێویستیان بە گۆڕینە.

لەگەڵ هەناسەدا دەچێتە  ناو سییەکانەوە
دەستەی ژینگەی هەرێم لە ماوەی رابردوودا نووسراویان کردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ کە هەر ئۆتۆمبێلێک بەردی گزۆزی لێ دەرهێنرابێت نابێت تۆمار بکرێت. هەروەها بە وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆرییان لە وەزارەتی پلاندانان وتووە کە نابێت ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی دوکەڵێكی زۆریان هەیە رێگەیان پێ بدرێت بهێنرێنە ناوەوە.
رەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت: ئەگەر نووسراوەکانمان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە لەبەرچاو بگیرایە نەدەبوو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئێستا لەسەر شەقامەکان هەبوونایە.
ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا WHO  کە زۆرێک لە وڵاتان ستاندارد و یاساکانی پیسبوونی هەوای وڵاتەکانیان لەسەر ئەوان دادەنێن، پێوانەیان بۆ شەش پیسکەرە سەرەکییەکەی هەوا داناوە ئەگەر لەو رێژەیە تێپەڕی ئەوا کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، پیسکەرەکان بریتین لە : گراوند ئۆزۆن، تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و قوڕقوشم.

یەریڤان شاسوار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە كوالێتی هەوا دەڵێت: سەرجەم پیسکەرەکان لە هەوای هەرێمی کوردستاندا بەرزن، بۆ نموونە تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا کە تیرەکەی لە دوو مایکرۆگرام و نیو کەمترە و بەئاسانی هەڵدەمژرێت و لەگەڵ هەناسەدا دەچێتە ناو سییەکان و لەشی مرۆڤەوە، بەپێی ستاندار دەبێت رۆژانە رێژەکەی لە هەوادا لە  10 مایکرۆ گرام تێنەپەڕێت، بەڵام لە شارەکانی هەرێم دەگاتە 65 مایکرۆ گرام.

ئیشپێکردنی موەلیدە و کارگەکان و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بەو رێژە زۆرە، واتا هەموو ئەو ئامێرانەی بەهۆی سووتانی پێکهاتەکانی نەوتەوە کاردەکەن سەرچاوەن بۆ پیسبوونی هەوا.

 

تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا بەئاسانی لەگەڵ هەناسەدا دەچێتە ناو سییەکانەوە، بەپێی ستاندار دەبێت رۆژانە رێژەکەی لە هەوادا لە 10 مایکرۆ گرام تێنەپەڕێت، بەڵام لە شارەکانی هەرێم دەگاتە 65 مایکرۆ گرام

 

 

پێویستە یاسایەک هەبێت
یەریڤان شاسوار باسی لەوەش کرد بەشێوەیەکی گشتی هەوای هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شارەکان پیسن، بۆیە پێویستە یاسایەکمان هەبێت ستانداردەکانی پیسبوونی هەوا دیاریی بکات، وەک ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتاندا هەیە و بەپێی ستانداردەکان پێوانەیەکی ناوخۆییمان هەبێت، هەروەها رێگریی بکرێت لە هێنانی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بێ کوالێتییە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی هەشت بستۆنی مەکینە گەورە.
بەپێی مادەی 25 لە  یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 8ی ساڵی 2008، هەر کەسێکی سروشتی یان مەعنەوی پابەندە بەوەی نەبێتە هۆی بەرپاکردن یان بڵاوکردنەوەی پیسی لە هەوادا، خۆ ئەگەر سەرپێچی کرد بەپێی مادەی 42 لە هەمان یاسا سزا دەدرێت بە بەندکردن کە ماوەکەی لە یەک مانگ کەمتر نەبێت یاخود غەرامەکردن کە بڕەکەی لە 150 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە دوو سەد ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان هەردوو سزاکە. هەروەها دوو ئەوەندە کردنی سزاکە لەکاتی دووبارە کردنەوەی سەرپێچییەکەدا.

هەوای شارەکان پیسن
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم پێی وایە هەوای شارەکان پیسن، بەڵام بەو رێژەیە نییە دەرفەتی ژیانی تێدا نەمابێت و وتی: ئەگەر هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بە تایبەت ئۆتۆمبێلەکان، موەلیدەکان، کارگەکان و پاڵاوگەکان وەک خۆیان بمێننەوە و بە هەمانشێوەی ئێستا کاربکەن، ئەوا هەوا بەرەو پیسبوونی زیاتر دەچێت، بۆیە لەپێناو پاکبوونەوەی هەوا پێویستە هۆکارەکانی پیسبوون رابگیرێن.
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی جیهانییە و هەرێمی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتووە، بە زیادکردنی سەوزایی لە رێگەی چاندنی دار و درەختی گەڵا ورد و زۆرەوە هەوا پاکدەبێتەوە.
یەریڤان شاسوار وتیشی: بۆ ئەوەی ژینگە و هەوای هەر شوێنێک پاک بێت پێویستە هەر رووبەرێک لە 25 ٪ ی سەوزایی بێت یان بەپێی پێوانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژینگەیەکی تەندروستدا بژی پێویستە هەر تاکێک نۆ مەتر سەوزایی بەربکەوێت، بەڵام لە سلێمانی هەر تاکێک سێ مەتر و نیوی بەردەکەوێت و رێژەکە لە هەولێر کەم دەبێتەوە بۆ دوو مەتر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان