شەهید ئەحمەد هەسنا

11:41 - 2024-09-23
ڕاپۆرت
101 جار خوێندراوەتەوە

ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی      
شەهیدی نەمر عەبدولكەریم خەلیل محەمەد، رۆژی 15/1/1985 لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەری هۆزی هەسنای شاری موسڵ لە دایكبووە، گەنجێكی خوێندەوار و ئازا و دڵسۆزی نیشتمان بوو.
ساڵی 2008  پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە سنووری كۆمیتەی رێكخستنی بەردیە، چالاكانە لەناو جەماوەردا هەڵسوڕاوە بۆ گەشەپێدانی رێكخستنەكانی یەكێتی لە سنوورەكەی خۆی، هەر لە ساڵی 2008دا بۆتە  پێشمەرگە لە دەستەی تایبەتی پاسەوانیی مەڵبەندی حەوتی رێكخستنی نەینەوا - بارەگای كۆمیتەی رێكخستنی بەردیە.
لە سەروبەندی پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان و سنووری پارێزگای موسڵ، شەهید ئەحمەد یەكێك بوو لەو تێكۆشەرانەی كە رووبەڕوویان بۆوە، هەر لەو پێناوەدا و لە رۆژی 7/10/2014 لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكی تری یەكێتی لەو سنوورە، خۆبەخشانە چوون بۆ هێنانەوەی تەرمی چەند هاووڵاتییەكی دەڤەری زاخۆ كە لەلایەن داعشەوە شەهیدكرابوون، لە میحوەری (خراب تبن) بۆمبێكی چێندراوی داعش لە سنووری ناحیەی زومار بە ئوتۆمبێلەكەیاندا تەقییەوە و لە ئەنجامدا هەردوو پێشمەرگەی چاونەترس، ئەحمەد هەسنا و محەمەد عەزیز شێخۆ  شەهید كران و هەڤاڵ فەتحی هەسنا لێپرسراوی ئەوكاتەی كۆمیتەی رێكخستنی بەردیە و دوو پێشمەرگەی تری یەكێتی، بریندار بوون.
شەهید ئەحمەد خێزاندارە و خاوەنی كچێكە بەناوی نور.
شایانی باسە هۆزی هەسنا لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت چەندین شەهیدییان لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەخشیوە، لەوانە: سابیر عەرەب كە یەكێكە لە پێشمەرگە شەهیدەكانی یەكەم دەستەی سەرەتایی شۆڕشی نوێ کە بە سەركردایەتی ئەندازیاری شەهید ئیبراهیم عەزۆ، ساڵی 1976گەڕایەوە باشووری کوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان