سلێمانی، نەخۆشخانە حكومییەكان پڕن لە كارمەندی دڵسۆز..

نموونەیەکی ‎بەهاناوەچوونی حاڵەتی کتوپڕ لە نەخۆشخانەی منداڵبوون

10:31 - 2024-09-25
ڕاپۆرت
222 جار خوێندراوەتەوە

‎ئەرشەد تەحسین 


سەعات دوانزەی شەو تێپەڕیوە، نەخۆشێكمان پێیە تەنیا یەك رۆژە نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆكراوە، بارودۆخی تێكچووە و گومان دەكەین تووشی خوێنبەربوونی ناوەكی بووبێت، بە شپرزەیی و بە پەلە خۆمان دەكەین بە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانیدا، لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە ستافێكی دڵسۆز لە پزیشك، پەرستار و كارمەندی تەندروستی ئامادەن، پاش رونكردنەوەی بارودۆخەكە دەستبەجێ كاری پێویستی بۆ دەكرێت، كارمەندی تاقیگە لەوێیە و خوێنی بۆ پشكنین لێ وەردەگرێت و كاروبارەكانی خوێن پێدانی بۆ ئامادە دەكات، تا ئەوانە دەكرێ پزیشكی سۆنەر دەرگای ژووری سۆنەری واڵاكردووە و چاوەڕێی بردنی نەخۆشەكەیە بۆ سۆنەر، پاش ئەوەی سۆنەری بۆ دەكرێت پێشبینییەكەمان بەڕاست دەگەڕێت و دەردەكەوێ خوێنبەربوونی ناوەكی هەیە، تیمی فرەجۆری نەشتەرگەری ئامادەیە پزیشكی پسپۆڕی بۆرییەكانی خوێن لە نەخۆشخانەی شار دەگات و نەخۆشەكە بەرەو هۆڵی نەشتەرگەری دەبرێت.
‎دوای ئەوەی دەردەكەوێ بڕێكی زۆر خوێن و پێكهاتەكانی پێویستە و ئەو بڕە زۆرە لە نەخۆشخانەكەدا نییە، پەنا دەبەینە بەر بانكی خوێن، سەعات نزیك یەكی شەوە، كارمەندی ئێشكگری بانكی خوێن بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە دەرگای ژوورەكەی واڵا دەكات و بڕی پێویست لەخوێن و پێكهاتەكانی دابین دەكات.

کارکردنی کارمەندان
تیمی فرەجۆری نەشتەرگەریی كە پێكهاتوون لە پزیشكی چەند پسپۆڕییەك و پەرستار و كارمەندی تەندروستی بەردەوامن لە كاری خۆیان، دوای تێپەڕبوونی چەند كاتژمێرێك خوێنبەربوونی نەخۆشەكە دەوەستێنن و ژیانی نەخۆشەكە لە مردن رزگار دەكەن، لەبەر بارودۆخی نەخۆشەكە پێویستی بە بەشی چاودێریی وردە و ئەو بەشەش لە نەخۆشخانەكەدا نییە، پەیوەندی بە نەخۆشخانەی شارەوە دەكرێت بەداخەوە لەوێش جێگە نییە، ناچار پەنا بۆ بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەیەكی تایبەت دەبەین و سەعات پێنجی بەیانی نەخۆشەكە دەگوازینەوە، لە ماوەی دوو رۆژ مانەوەی نەخۆشەكە لەچاودێری وردی نەخۆشخانەی تایبەت، چەند جارێك دوو تیمی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بەجیا سەردانی نەخۆشەكە دەكەن و لە بارودۆخی دەپرسن و لەوێش چاودێری دەكەن.
‎ئەمەی باسم کرد هەفتەی پێشوو روویداوە و خەیاڵ نییە، سەلمێنەری ئەوەیە هێشتا لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا خزمەتگوزاری زۆر و خەمخۆری و دڵسۆزی باڵی كێشاوە بەسەر كارەكاندا، سەرباری ئەو هەموو قەیران و بێ مووچەیی و كەموكوڕییەی لە کەرتی تەندروستیدا هەیە، کارمەندی نەخۆشخانە حكومییەكان پڕن لە كارمەندی دڵسۆز و سەرگەرمی خزمەتكردنن بە هاووڵاتیان.

كەموكوڕی هەیە
‎دوای دوو رۆژ مانەوە لە یەكەی چاودێری وردی نەخۆشخانەی تایبەت و باشتربوونی بارودۆخی نەخۆشەكەمان، لەسەر داوای پزیشكانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی نەخۆشەكەمان گەڕاندەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون، بەپێزانینەوە سەنتەری فریاكەوتنی خێرا 122 لەڕووی ئەمبوڵانس و كارمەندەوە هاوكارمان بوون، پاش گەیشتنەوەمان دووبارە تیمی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە ئامادەبوون و دوای رێكارەكان لە نەخۆشخانەكە هێڵدرایەوە، ئەوەی سەرنج و تێبینی بوو ئەو قاوشەی نەخۆشەكەمانی تێدا هێڵرایەوە چەند كەموكوڕی و پێویستییەكی هەبوو دەكرێت گرنگترینیان باس بكەین:
‎-1بینای نەخۆشخانەی منداڵبوون كۆنە و پێویستیی بە نۆژەنكردنەوەیە.
‎-2 كەلوپەل و پێداویستییەكان وەك تەختی نەخۆش و پێداویستییەكانی دیکە كۆنن و پێویستیی بە گۆڕینە.
‎-3 لەو قاوشەی نەخۆشەكەی ئێمەی تێدابوو لە شەفتی شەوان تەنیا دوو پەرستار بۆ 18 تەختی نەخۆش دابینكرابوو، ئەو ژمارەیە زۆر كەمە و سەرباری ئەوەی ماندوو دەبن هیچ كات ناتوانن مافی تەواو بە هەموو نەخۆشەكان بدەن.
‎-4 تەختی نەخۆشەكان پێویستیان بە ئامێری مۆنیتەرینە، بەڵام بەداخەوە یان نەبوو یان لەكار كەوتبوو.
‎-5 یەكەی چاودێری ورد زۆر گرنگە لە نەخۆشخانەكەدا هەبێت، بەڵام بەداخەوە نەبوو.

ماوەتەوە بڵێین
‎نەخۆشخانە حكومییەكان موڵكی هەموانن و بەبێ جیاوازی رۆژێك لە رۆژان روومان تێی دەكەوێت، ئەركی حكومەت و وەزارەتی تەندروستییە زیاتر بە تەنگ نەخۆشخانە حكومییەكانەوە بن و كەموكوڕییەكان پڕبكەنەوە و پێویستییەكانیان بۆ دابین بكەن لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی نەخۆشان و دەردەداران و هاووڵاتیان بە گشتی.
‎هەروەها جێی خۆیەتی بڵێین سوپاس بۆ ئێوە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، سوپاس بۆ ئێوە لە بانكی خوێن، سوپاس بۆ ئێوە لە سەرجەم نەخۆشەكانی  دیکە كە شەو و رۆژتان خستۆتە سەریەك بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان