ساڵی نوێی خوێندن و چەند سەرنجێک

12:59 - 2024-09-25
ڕاپۆرت
299 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمە تەقی
پەروەردە کایەیەکی فراوان و گشتگیرە، لە هەمان کاتدا پەروەردە وەک سیاسەت کاریگەریی لەسەر هەموو جومگە ژیارییەکانی ئایندەی کۆمەڵگە دادەنێت، بە شێوەیەکیتر دەتوانین بڵێین: کایەی خوێندن و پەروەردە پیادەکردنی سیاسەتە بەشێوە نەرمەکەی، چونکە کاروکردەوە و دنیا بینی مرۆڤ، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو زانست و رۆشنبیری و کەلتورەی کە لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانیدا لە کۆمەڵگە و ناوەندەکانی خوێندندا وەریدەگرێت.  

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا نەتوانراوە بەرنامەیەکی هاوچەرخ بۆ خوێندن دابنرێت، بەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتیدا

لە ئێستادا جموجوڵێکی بەرچاو لەم بوارەی پەروەردە و خوێندندا دەبینرێت، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم و وەزیری پەروەردەش هاتوونەتە سەر خەت، ئەمە جگە لە جموجوڵی مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن و تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە زیاتر جەختیان لە دامەزراندن و بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ کردەوە، کە وەک مژدانە و مەکرەمە لەم سەروبەندەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بە گوێی هاووڵاتییان و مامۆستایانیاندا چرپاند. 
بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لەبواری پەروەردەدا هەمە، چ لەسەردەمی شۆڕش و چ دواتریش لە حکومەتی هەرێمدا، تەنها دامەزراندن و هەڵاوسانی قوتابخانەکان بە مامۆستا، پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە پێشناخات و راستیناکاتەوە، بۆ راستکردنەوەی باری لاری پڕۆسەی پەروەردەوە و خوێندن دەبێت  کار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:
یەکەم/ ئەوەی پەیوەندیی بە مامۆستاوە هەیە:
یەکەم: ناکرێت هەموو کەس بە مامۆستا وەربگیرێت، دەبێت مامۆستا لەڕووی جەستەیی و قسەکردنەوە هیچ کێشەیەکی نەبێت، بۆ ئەوەی قوتابی بە ئاسانی لێی تێبگات و بە قیافەیەکی رێک و جوانەوە بچێتە پۆلەوە، چونکە لە کۆتایدا قوتابی دەیەوێت لاسایی مامۆستاکەی بکاتەوە.
دووەم: ژیان و گوزەرانی مامۆستا دەبێت تا ئاستێکی باش دابین بکرێت، مووچەی مامۆستا دەبێت لەسەرو مووچەی هاو بڕوانامەکانییەوە بێت، کە ئەمە هەم شکۆی مامۆستا دەپارێزێت و زیاتر دڵسۆز دەبێت بۆ کارەکەی، هەم وا لە مامۆستا دەکات بۆ بژێوی ژیانی پەنا نەباتە بەر هیچ کارێکیتر، بەتایبەتی هەندێ کار کە لەئاست ناوی پیرۆزی مامۆستادا نیە.
سێیەم: بۆ ئەوەی بەردەوام مامۆستای شارەزا و بەتوانا لە ناوەندەکانی خوێندندا هەبن، ناکرێت مامۆستایەکی تازە دامەزراوی بێ ئەزموون، راستەوخۆ بنێردرێتە ناوەندێکی خوێندنی گوندێک یان ناحیەیەک و راستەوخۆ بەشەوانەی بەسەردا بسەپێنرێت، دەبێت ئەو مامۆستا نوێیانە سەرەتا بەشێوەی گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ وەربگیرێن، بە مەرجێک بۆ ماوەی دوو ساڵ لە قوتابخانە پێشکەوتووەکانی ناو شارە گەورەکاندا، لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەر و مامۆستای بەئەزموونی ئەو ناوەندەدا وانە بڵێتەوە، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک لەدەرەوەی شارەگەورەکان درێژە بە وانەوتنەوە بدات، ئەگەر دەرکەوت گونجاوە بۆ کاری مامۆستایی و ئایندەیەکی باشی دەبێت، ئەوە بۆ هەمیشەیی دابمەزرێت، بەپێچەوانەوە دەبێت راژەکەی بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتێکی تر یان کارێکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە. مامۆستایی هەم پیشەیە هەم خولیا و داهێنان  
دووەم/ ئەوەی پەیوەندیی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە هەیە:
یەکەم: دەبێت ناوەندەکانی خوێندن دوور بن لە ناوچەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەر رێگا گشتییەکان، دەبێت شوێنی شیاو بۆ ناوەندەکانی خوێندن دیاریبکرێت، دوور بێت لە دەنگە دەنگ و ژاوەژاو.
دووەم: هەموو ناوەندێکی خوێندن، دەبێت گۆڕەپانی یاریکردن و باخچەی تایبەتی خۆی هەبێت، کە ئەمە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابی دادەنێت و ئارەزووی بۆ خوێندن زیاتر دەکات.
سێیەم: گەرمکەرەوە و فێنککەرەوەی پێویست لە ناوندەکانی خوێندندا، مەرجێکی تری سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەیە، بە هەمان شێوە ئەو کورسییانەی قوتابی لەسەری دادەنیشێت، نابێت تەختەیەکی رەق و تەق بێت، وێنە و تابلۆی ناو پۆلەکان و دەرەوی پۆلەکان دەبێت گوزارشت لە سروشت و خواستی قوتابی بکات.
سێیەم/ ئەوەی پەیوەندیی بە بەرنامە (منهج)کانی خوێندنەوە هەیە: 
یەکەم:  بەداخەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا نەتوانراوە بەرنامەیەکی هاوچەرخ بۆ خوێندن دابنرێت، بەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتیدا، کە قۆناغێکی زۆر هەستیارە بۆ بنیاتنانی کەسێتی قوتابی، زۆرجار هەست بە سەپاندنی ئەجندای حیزبی یان سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی دەرەکی دەکرێت لە بەرنامەکانی خوێندندا، زۆر لەوبەرنامانەش دوورن لە کەلتوری کوردی و خواستی ئایندەی نەتەوەکەمان. بۆیە دەبێت بەرنامەکانی خوێندن لەو ئاڕاستە و ئایدۆلۆژیانە پاکبکرێتەوە.
دووەم: دەکرێت سێ ساڵی یەکەمی خوێندنی قوتابی، جگە لە راهێنانی لەسەر خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی، فێری پاکوخاوێنی و کاری هەرەوەزیی و رێزگرتن و چۆنێتی پەڕینەوە لە شەقام و ژینگە پارێزی بکرێت، دەتوانرێت بە شێوەیەکی کرداری ئەم وانانە لە گۆڕەپان و باخچەی قوتابخانەکەدا فێری قوتابیەکان بکرێت. 
دوا سەرنجم بۆ وەزارەتی پەروەردە و دڵسۆزانی ئەم بوارە، ئەوەیە کە هاوکاری ماددی بە شێوەی خەرجی مانگانە (بڕە پارەیەک) بۆ ئەو قوتابیانە ببڕێتەوە کە لە گوندەکاندا دەژین، یان لە گوندەکان دەخوێنن، بەمەش هەم هاوکاری بوژاندنەوەی گوندەکان دەکرێت، هەم رێگەیەکە بۆ پێشخستنی زیاتری خوێندن و پەروەردە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان