شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی باڕۆیی کۆبووەوە

09:30 - 2024-09-26
کوردستان
412 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26 ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگوندی "باڕۆیی"ی ناوچەی قەرەداغ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کرد لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی سنوورەکە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا تێکۆشانی بێوچانی دانیشتوانی گوندی باڕۆیی و گوندەکانی دەوروبەری و خزمانی عەشیرەتی مەنمی بەرزنرخاند، کە لە نەبەردیی دوورو درێژی نەتەوەییدا مێژوویەکی پڕ لە شانازییان بۆ خۆیان و نەوەکانیان تۆمارکردووە، بەچەشنێک کە تەنها خودی گوندی باڕۆیی خاوەنی 20 شەهیدی قارەمانە.

جەختیشیکردەوە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی شانازیی بەکەسوکاری شەهیدانەوە دەکەن و هەرگیز فیداکاریی و قوربانیدانی دانیشتوانی ناوچەکانی بازیان و قەرەداغ بە گشتی و گوندی باڕۆیی بەتایبەتی لەیادناکەن و ئەوەی پێیان بکرێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەن.

پاشان لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بەگرنگی و بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو رایگەیاند: دەتوانین لەڕێی هەڵبژاردن و ناردنی نوێنەرانی دڵسۆزو راستەقینەی خەڵک بۆ پەرلەمان، بەشێوەیەکی ئاشتیانە شێوازی حوکمڕانی خۆمان بەرەو باشتر بگۆڕین، کە سەرەنجامەکەی حکومەتێکی خزمەتگوزاری ئەوتۆی لێبکەوێتەوە کە هاووڵاتیان لەمەینەتیی و بێ خزمەتگوزاریی رزگار بکات و ئومێد بەکۆمەڵانی خەڵک ببەخشێتەوە، دوای ئەوەی ساڵانێکی سەختی گرانیی و بێ هیواییان بەڕێکرد.

ئەو راستییەشی بۆ ئامادەبوان دووپاتکردەوە کە گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەرێم بووەتە پێویستییەکی قۆناغەکە و ئەوەش تەنها بەهێزێکی گەورە و بەرچاوڕوونی خاوەن روئیای ئایندەیی وەکو یەکێتی دەکرێت، هەر بۆیەش هانیدان، خۆیان و کەسوکاریان ساز و ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لە 20 مانگی داهاتوودا دەنگ بەلیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن و خۆیان بۆ شادی و ئاهەنگی سەرکەوتن ئامادەبکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لەئامادەبوان، کۆمەڵێک سەرنج و تێڕوانینان خستەڕوو و سەرەنجام گفتوگۆیەکی هەڤاڵانەی بەپێز و بەرهەمداری لێکەوتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان