نەیمار دا سیلڤا ئەستێرەیەكی كوژاوە لە ئاسمانی پاریس

10:41 - 2022-07-03
وەرزش
510 جار خوێندراوەتەوە

ئارۆ سەنگەر

نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەرازیل بەشی یەكەمی كاروانەكەی لە یانەی پاریس سان جێرمان كۆتایی پێهێنا، ئەمەش دوای پێنج ساڵ یاریكردن بە درێسی ئەو یانەیە و لەو ماوەیەش بە هیچ یەكێك لەو ئامانجانە نەگەیشت كە هۆكاری رۆیشتنی بوو بۆ ئەو یانەیە.
نەیمار ساڵی 2017 بە بۆندێك كە بڕەكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو رووی كردە یانەی پاریس سان جێرمان كە تا ئێستاش ئەو بۆندە گرانترینە لە مێژووی تۆ پێ.
ئەو كات نەیمار بۆندێكی بۆ ماوەی 5 وەرز لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان ئیمزا كردو دواتریش ساڵی رابردوو بۆندەكەی بۆ 3 وەرزی تر نوێ كردەوە، بەمەش بۆندەكە ساڵی 2025 كۆتایی دێت.
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو كاروانی یاریكردنی نەیمار گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هات و ئەستێرەییەكەی لە ناو یاریگای باخچە شازادەكان كووژایەوە و بەهۆیەوە لە ركابەری كردن لەسەر خەڵاتە تاكە كەسیەكان دووركەوتەوە.
كاتێك نەیمار لە بارسێلۆنا بوو هەمووان وەكو جێنشینی لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەیریان دەكرد و ركابەری ئەو دوو ئەستێرەیەشی دەكرد لەسەر بردنەوەی خەڵاتە تاكە كەسییەكان.
ئەو ئەستێرەیە پێی وابوو بەهۆی بوونی مێسی لە یانەی بارسێلۆنا ناتوانێت بە ئامانجەكەی بگات ئەویش بردنەوەی تۆپی ئاڵتونیە، بۆیە رووی كردە پاریس سان جێرمان بۆ ئەوەی ببێتە سەركردەی یانەكەی شاری پاریس.
بەڵام نەیمار لە پایتەختی فەرەنسا دووچاری كێشەی گەورە بۆوە و بەهۆیەوە لە ئەستێرەی یەكەمی تیپەكەو سەركردەی پڕۆژەی پاریسیەكان و رەتكردنەوەی چەندین بۆندی گەڕانەوە بۆ بارسێلۆناوە بووەتە یاریزانێك كە یانەكە دەیەوێت لە كۆی خۆی بكاتەوە.
یەكەم كێشەی نەیمار لە پاریس لەدەستدانی كەسایەتی و خۆشەویستی بوو، كە چەندین جار لە كاتی پشوو سەردانی یانەی بارسێلۆنای دەكردەوە و لەهەموو دەرفەتێك دەگەڕایەوە بۆ ئەو شارە بۆ ئەوەی هاوڕێكانی ببینێت.
یەكێكی تر لە هۆكارەكانی شكستەكەی مامەڵەی یانە پاریسیەكە بوو لەگەڵی كە ئازادی تەواوی پێدرابوو، بەهۆی ئەمەش ئەو یاریزانە زیاتر سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕان بوو، كە ئەمە لە یانەی بارسێلۆنا رێگەی پێنەدەدرا.
گۆڕانی شێوازی ژیانی ئەو یاریزانە و زۆری گەشتەكان و كەمی سەرنجی لەسەر راهێنانی یانەكە بووە هۆی ئەوەی ئەو یاریزانە ببێتە نیچێری پێكان بەتایبەت پێكان لە پاژنەی پێی دایە كە لەماوەی ئەو پێنج ساڵە سێ جار دووچاری پێكان بووە لە پاژنەی پێیدا و بەهۆیەوە 10 مانگ لە یاریكردن دوور كەوتۆوە.
ئەوەی زیاتر دۆخی ئەو یاریزانەی خراپ كرد ئەو یاریزانە زۆرینەی كات لە كاتی یارییە گرنگەكان 
دووچاری پێكان دەبوو، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر یانەكە دروست دەكرد و ناچاربوون ئەستێرەی تر بهێننە ریزەكانیان.
نەیمار لە پاریس لەماوەی 5 ساڵ بەشداری لە 144 یاری كردوە كە بە رێژەیی دەكاتە 29 یاری لە هەر وەرزێكدا.
نەیمار لەو یارییانەی بەشداری كردوە كاریگەری گەورەی هەبووە كە 100 گۆڵ و 60 ئەسیستی هەبووە، لەبەرامبەردا مباپی لەو ماوەیەدا 216 یاری بە درێسی یانەكەوە كردوە واتە 72 یاری لە نەیمار زیاتر یاری كردوە.
مباپی هەرچەندە وەكو ئەستێرەیەكی لاو پەیوەندی بە پاریسەوە كرد، بەڵام لەو ژمارە یارییە 170 گۆڵی كردو 88 گۆڵیشی دروستكرد، بەهۆی ئەمەش نەیماری تێپەڕاند و بووە ئەستێرەی یەكەمی یانەكە.
مباپی و نەیمار لە هەمان میركاتۆ پەیوەندیان بە پاریسەوە كرد، بەڵام جیاوازی گەورە لە ژمارەكانیان هەیەو هەر بەهۆی ئەو جیاوازیەشەوە مباپی كرایە سەركردەی پڕۆژەی پاریسیەكان و یانەكە هەموو هەوڵێكی دا بۆ هێشتنەوەی، ئەمەش لە كاتێكدا نەیماری بۆ فرۆشتن داناوە.
نەگونجانی نەیمار لەگەڵ پلانەكانی ئۆنای ئیمری و ماوریسیۆ پۆچیتینۆ یەكێكی تر بوو لە هۆكارەكانی شكستی نەیمار، لەبەرامبەردا لەگەڵ تۆماس تۆخیل ئەو ئەستێرەیە باشترین ئاستی پێشكەش كرد.
یەكێكی تر لە كێشەكان خراپی پەیوەندی ئەو یاریزانەبوو لەگەڵ هاندەرانی یانەكە ئەویش بەهۆی شێوازی ژیانی یاریزانەكە لە دەرەوەی یاریگا و ئامادەبوونی لە ئاهەنگەكان، بۆیە لەدوای هەر شكستێك لە هەمووان زیاتر لۆمەی ئەو كراوە و پەنجەی تۆمەتی بۆ راكێشراوە و فیكەی ناڕەزایی بۆ لێدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان