سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ده‌ستپێكێكی خراپ

10:42 - 2023-12-17
وەرزش
259 جار خوێندراوەتەوە
#تیپی یانەی سلێمانی

تیشكۆ 


هه‌ردوو تیپی تۆپی پێی  یانه‌كانی سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ دوو خولی كوردستان و عیراقدا به‌شداریی ده‌كه‌ن، ساڵی پاریش ئه‌م دوو یانه‌یه‌ له‌ هه‌مان دوو خولدا به‌شدارییان كردبوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و دووخوله‌ ببڕن و بۆ خولی پله‌ به‌رزتر سه‌ربكه‌ون، پێده‌چێت ئەمساڵیش هه‌مان سیناریۆی ساڵی پار دوو باره‌ ببنه‌وه‌و ئه‌مساڵیش نه‌توانن له‌م دوو خوله‌دا بۆ خولی پله‌ به‌رزتر سه‌ربكه‌ون.
یانه‌ی سلێمانی
تیپی یانه‌ی سلێمانی وه‌رزی رابردووش هه‌ر له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستاندا به‌شداریی كردبوو، توانیان بگه‌نه‌ یاریی قۆناغی پله‌ی ئۆف و هه‌نگاوێكیان مابوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ خولی نایاب، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌یان بۆ نه‌بڕدراو له‌خولی پله‌ یه‌كدا مانه‌وه‌، ئه‌مساڵ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كیان له‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌دا كردوو چه‌ند یاریزانێكی نوێیان هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌ به‌و هیوایه‌ی بتوانن بۆ خولی نایاب سه‌ربكه‌ونه‌وه‌.
ئێستا ئه‌م تیپه‌ چوار یاریی كردووه‌ دوو یاری بردۆته‌وه‌و دوو یارییش یه‌كسان بووه‌، دوا یاریی هه‌فته‌ی رابردوو كردی و 1-1 له‌گه‌ڵ یانه‌ی پیشه‌سازی یه‌كسان بوو، بۆیه‌ ئێستا به‌ 8 خاڵ چواره‌مه‌و له‌دوای رزگاری یه‌كه‌م به‌ 12 خاڵ و كۆیه‌ی دووه‌م به‌ 10 خاڵ و پیشسازی سێیه‌مه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌میش 8 خاڵی هه‌یه‌ و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ و له‌ یارییه‌كانی هه‌فته‌ی پێنجه‌مدا میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی 
ئه‌میش له‌ خولی نایابی یانه‌كانی عیراقدا به‌شداره‌، ساڵی پاریش هه‌رله‌م خوله‌دا بووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی بۆ پله‌ی سه‌رووتر سه‌ربكه‌وێت، ئه‌مساڵیش پێده‌چێت هه‌مان سیناریۆی ساڵی پار دوو باره‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ یاریگای خۆیدا میوانداریی له‌ یانه‌ی كه‌رمه‌ كردو نه‌یتوانی بردنه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات و 2-2 یه‌كسانبوو، ئه‌م یه‌كسانبوونه‌ش سێیه‌م یه‌كسانبووونییه‌تی له‌ خوله‌كه‌دا و هیچ یارییه‌كی نه‌بردۆته‌وه‌و به‌ 3 خاڵه‌وه‌ حه‌ته‌می ریزبه‌ندیی گروپه‌كه‌یه‌تی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان