مامۆستایەکی ئایینی، ستایشی رێکارێکی سەرۆکی یەکێتی دەکات

01:37 - 2024-10-01
کوردستان
231 جار خوێندراوەتەوە

ئیدریس جەبار

پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حاجی جەلالی پوشێنی لە گەڕەکی کازیوە، ستایشی تێکدان و نەهێشتنی شوێنەکانی بەدڕەوشتی لە سلێمانی دەکات و رایدەگەیەنێت پێویستە لەسەر هەر تاکێکی ئەم میللەتە رووبەڕووی ئەو دیاردە نامۆیە ببێتەوە.
لەو رووەوە مامۆستا مەلا فاتیح مەروێی، رایگەیاند: دیارە ئەو کارە پەیڕەویکردنی فەرموودەی «کارکردن بە چاکە و نەهیکردنە لە خراپە» ئەوەش تەنها کاری مامۆستایانی ئایینی نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو موسڵمانێکە، چونکە دەبینن کۆمەڵێک رەفتار و دیاردەی نامۆ هاتووەتە ناو کۆمەڵگەی ئێمەوە، ئەوەش ئەرکی یەکە بەیەکەمانە رووبەڕووی ببینەوە، ئەوکاتە جا ئەوەی دەتوانێت بەدەست و ئەوەی ناتوانێت بە قسەی خێر و ئەوەش کە هەر ناتوانێت بەدڵ رقی لەو کردەوانە ببێتەوە و دژی بووەستێتەوە.
وتیشی: سوپاس بۆ خوا لای ئێمە وا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێت گۆڕانکاریی زۆر لە سلێمانیدا روویداوە و کۆمەڵێک شتی خراپ هەبووە نەهێڵراوە، دیارە ئەوەش بە دەسەڵات دەکرێت، چونکە ئێمەی بانگخوازەکان تەنها توانای قسەمان هەیە، بەڵام ئەوەی کە دەسەڵاتی هەیە، ئەو بەدەست دەتوانێت ئەو خراپەیە لابەرێت  و هەر بەکردەوەش لە سلێمانیدا لایبردووە، ئێمەش دوعای خێر و سەرکەوتنمان بۆیان هەیە و ئومێد دەکەین بەردەوام بن لە کارە چاکەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان