بۆچی «هاونیشتمانیی کەین» مەزنترین فیلمە لە مێژووی هۆلیوددا؟

01:04 - 2024-10-03
ئەدەب و هونەر
97 جار خوێندراوەتەوە

و/ لە عەرەبیەوە: نەرمین عوسمان محەمەد

(1 - 2)


زۆر کات هەندێک لەفیلمەکان، پلەیەکی پێشکەوتوو بەدەستدەهێنن لە لیستی دە یاخود سەد باشترین فیلمەکاندا، ئەویش لەدوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە لە فرۆشتنی بلیتی تەماشاکردنیان لە سینەماکاندا، بەڵام کەمێک لەو فیلمانە هەر بە پێشەنگیی دەمێننەوە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکانیشدا، یەکێک لەو فیلمانە فیلمی «هاونیشتمانیی کەین»ە کە بۆ یەکەمینجار لە سینەماکانی ئەمریکادا لە ساڵی 1941نمایشکرا و تائێستا، دوای تێپەر بوونی زیاتر لە80  ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانیدا بەیەکێک لە بەرهەمە مەزنەکانی هۆلیوود هەژمار دەکرێت، ئەگەر مەزنترین بەرهەمیشیان نەبێت. رایان لێنتڵمان بەڕێوەبەری بەشی کات بەسەربردن لە مۆزەخانەی نیشتمانیی مێژووی ئەمریکا لە دیدارێکیدا بۆ گۆڤاری سیمسۆنیان دەڵێت: «رێڕەوەکانی رەخنەی سینەمایی چەند رێڕەوێکی تێپەڕن کە دێن و دەچن بۆیە زۆر سەرنجراکێشە ئەم فیلمە بە تایبەتی لەلایەن رەخنەگرانەوە و لە گشت ناوچەکانی جیهاندا بە درێژایی کات بە فیلمێکی ئەمریکیی مەزن هەژمار کراوە، لەوانەیە بە مەزنترینیش هەژمارکرا بێت بە رەهایی».
* چی وا لەم فیلمە دەکات ئەو پێگەیەی هەبێت؟
زۆرن ئەو رەگەزانەی پێکەوە کۆبوونەتەوە تا پێگەیەکی گرنگ لە مێژووی هۆلیوددا بۆ فیلمی «هاونیشتمانیی کەین» و دەرهێنەرەکەی و پاڵەوانەکەی «ئۆرسۆن وێڵز» کە هاوکات بەشداریی لە نووسینی فیلمەکەشدا کردووە، مسۆگەربکەن.
 ئۆرسۆن وێڵز تەمەنی تەنها  24ساڵ بوو کاتێک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (KRO/کەی ئاڕ ئۆ)دا ئیمزا کرد بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە. ئەم ئەکتەرە پێشتر هیچ فیلمێکی بەرهەم نەهێنا بوو تەنانەت نواندنیشی نەکرد بوو، بەڵام بەپێی ئەو گرێبەستە ئازادیی تەواوی لە هونەر و داهێناندا پێ بەخشرا.
 «هاونیشتمانیی کەین» وەکو کارێکی ئەزموونگەریی وابوو، «ئۆرسۆن وێڵز» تێیدا لادانی دروستکرد لە شیوازە باوەکانی دەرهێنان و زۆربەی شێوازەکانیی هونەری داهێناندا کە بە درێژایی چەندین دەیە دەرهێنەرە بەناوبانگەکان کاریگەر بوون پێی. وێڵز خۆی دەڵێت: «ئەو پابەند نەبووە بە شێوازە باوەکانەوە چونکە زۆر بە سانایی زانیاریی دەربارەی ئەو شێوازانە نەبووە» هەروەها یەکێک لەو بۆچوونە باوانەی لە سەردەمی ئەودا هەبوون ئەوە بوو کە خانمە ئەکتەرە بەناوبانگەکان لە فیلمدا بەکار بهێنرێن بۆ نواندن لە پێناوی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی فیلمەکە، بەڵام «ئۆرسۆن وێڵز» ئەو   بۆچوونەشی فەرامۆش کرد و زۆربەی پاڵەوانەکانی لە خانمان و پیاوانیش، کەسانی ناسراو نەبوون.  
چیرۆکی فیلمەکە:
لەگەڵ ئەوەی پارچە قوماشێک لەدەرەوەی قەڵاکە هەڵواسراوە لە دەستپێکی فیلمەکەدا و بەئاشکرا لێی نووسراوە «چوونە دەرەوە بێ رێگەپێدان قەدەغەیە»، بەڵام کامێرایەک لەپڕ دێتە ناو شوێنەکەوە و لەگەڵ خۆیدا دەمانباتە سەرجێگای مەرگی «شارڵز فۆستەر کەین» کە لەسەرەمەرگدایە و دواین وشەی کە دەیڵێت وشەی «Rosebud – رۆزبەد»ە و دوای ئەوە کۆچی دوایی دەکات. لەپڕ فیلمەکە دەمانبات بۆ لای تۆمارێکی هەواڵیی کە هەوڵ دەدات کورتەی چیرۆکی ژیانی کەینی ملیۆنێر و پایەی رۆژنامەگەریی ئەومان بۆ باسدەکات، کە لە سەردەمێک لەسەردەمەکاندا خاوەنی دەسەڵاتێکی گەورە بووە و دواتر بەشی زۆری سامانەکەی لە سەردەمی قەیرانە ئابوورییە گەورەکەی ئەمریکادا لەدەستداوە و هەموو خەون و ئاواتە سیاسییەکانی لەسەر بەردی ناپاکیی هاوسەرگیریی تێکشکاوە و ئیمپراتۆریەتەکەی داڕماوە و لە تەنهایدا کۆچی دوایی کردووە. تۆمارە هەواڵییەکە بە دڵی یەکێک لە سەرنووسەری رۆژنامەکان نابێت، بۆیە بڕیار دەدات ئەرکی دۆزینەوەی واتای دوا وشەی «کەین» کە وتوویەتی، بە یەکێک لە پەیامنێرەکانی بسپێرێت، چونکە پێی وایە ئەو وشەیە لە ناواخندا نهێنیەکی گرنگی ژیانی «کەین» ی هەڵگرتووە.
لە میانەی بەدوادا چوونی پەیامنێرەکەدا، هەندێک لە رووخسارەکانی ژیانی «کەین» و دیارترین وێستگەکانی ژیانیمان لە دیدی کەسە نزیکەکانیەوە بۆ دەردەکەوێت، دایکی «کەین» بڕیار دەدات منداڵە تەمەن هەشت ساڵەکەی بنێرێتە خوێندنگایەک کە بەشی ناوخۆیی هەبێت و دەیخاتە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەری یەکێک لە بانکەکان لەدوای ئەوەی خێزانەکە بە شێوەیەکی کتوپڕ دەوڵەمەند دەبێت، “کەین” لەتەمەنی 25 ساڵیدا سامانە گەورەکەی وەردەگرێت و دەبێتە خاوەنی یەکێک لە رۆژنامەکان. دەڵێت بە نیازە لە پێناوی داکۆکی کردن لە مافی چەوساوەکان لە سایەی رژێمی سەرمایەداریدا بە کاریبهێنێت و بە راستیش ئەو کارە دەکات. دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ برازای سەرۆکی وڵاتدا دەکات و دەسەڵاتەکەی وردە وردە زیاد دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا خەسڵەتەکانی لاوێکی نموونەیی لە دەستدەدات و بڵاو بوونەوەی فاشیزم لە ئەوروپادا فەرامۆش دەکات. «کەین» شکست دەهێنێت لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی سیاسی بەرزدا بە هۆی ناپاکیی  لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، کە دواتر دەبێتە هاوسەری دووهەمی، پاشان پەیوەندیی لەگـەڵ دەوروبـەردا تێکـــــدەچێت و دواجــــــــار لەتەنیــــاییدا کۆچــی دوایی دەکات.
 

چیرۆکی پیاوێک کە دەسەڵات و سامان دەخاتە سەروو هەموو شتێکی دیکەوە و بە ناشادی دەژی و دواتر لە تەنیایدا دەمرێت. دراما و تراژیدیایەکی مرۆڤایەتییە کە بەرگە دەگرێت و وێڕای تێپەڕبوونی ساڵەکان، ژمارەیەکی زۆر لە فیلمە بەناوبانگەکان پێی کاریگەر دەبن. هەروەها بوار بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە پاڵەوانە خراپەکان فەراهەم دەکات تا رۆڵ ببینن، ئەوانەی کە بینەر هاوسۆز دەبێت لەگەڵیاندا.
* شێوازێکی گێڕانەوەی داهێنەرانە: 
 فیلمەکە بە گرتەی مەرگی پاڵەوانەکە دەست پێدەکات، دواتر تۆمارێکی هەواڵیی دێت باس لە سەراپای ژیانی پاڵەوانەکە دەکات. ئەمەش شێوازێکە بە لایەنی زۆرەوە بۆتە مایەی توڕەبوونی رەخنەگرەکان لەو سەردەمەدا، چونکە رووداوی فیلمەکان لەوکاتەدا بە پێی رێکخستنێکی زەمەنی راستەوخۆ لەسەرەتاوە بەرێوە دەچوو تادەگەیشتە گرێچنی فیلمەکە و دوای ئەوە کۆتایی فیلمەکە.   ئەم تەکنیکەش ویلیام شکسپیر بەکاری دەهێنا کە هەر لەسەرەتای شانۆگەرییە بە ناوبانگەکەی (رۆمیۆ و جولێت)ەوە پێمان دەڵێت: هەردوو پاڵەوانەکە خۆیان دەکوژن، وەک چۆن ئەم رێگایە خوێندنەوە یاخود بینینی (رۆمیۆ و جولێت) ناشێوێنێت، بەهەمان شێوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فیلمی “هاونیشتمانیی کەین” نەبووە.
بینەر ناتوانێت هەناسە بدات لە کاتی بینینی سەرەتای فیلمەکەدا، کاتێک کتوپڕ چەند پارچەیەک گێڕانەوەی دیکەی بەرەوڕوو دەکرێتەوە، لەسەر زاری چەند کەسایەتییەکەوە کە لە رابردوودا لە “کەین “ ەوە نزیک بوون (وەکو هاوڕێیەکی پێشووی و بەڕێوەبەری کارەکانی و هاوسەری پێشووی) لەسەرەتادا ئەو پارچانە پچڕ پچڕ دەردەکەون، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە هەرگیز وا نییە چونکە بیرۆکەی فیلمەکە بە پێی وەسفکردنەکانی رۆژنامەی”Fort Worth Star Telegram” لە ساڵی 1941دا (دێتە خوارێ بە وێنەی تۆڕێكی جاڵجاڵۆکە بە رووی رەشەبادا، چەند سەرەداوێکی تێدایە هەریەکەیان بەرەو لایەنێک لە لایەنەکانی کەسێتی کەین - مان دەبەن. لە ئەنجامدا ئەمە چیرۆکێکی باشە و کەمێک نادیاریی و شیکاریی دژبەیەکی بۆ کەسایەتی پاڵەوانەکە تێدایە) دەرهێنەری بەناوبانگ “مارتن سکۆرسیزی” سەبارەت بە فیلمەکە، کە بە یەکێک لە پێنج فیلمی دڵخوازی خۆی دادەنێت، دەڵێت:(مەتەڵی نیگەرانکەری کەسایەتی -کەین – وات لێناکات بە باشی بیناسیت و ناتوانیت بیناسیت، هەروەها خۆی دەترسێت لە ناسینی خۆی، چونکە ئەو دەترسا شتێک بڵێت راستیی هەستەکانی دەربخات. ئەو دیوارێکی دروست کردبوو لە نێوان خۆی و جیهانی دەرەوەی خۆیدا. وێڕای زۆرجار بینینەوەی فیلمەکە ناتوانم هاوسۆز بم لەگەڵ «کەین»دا، بەڵام هاوسۆزم لەگەڵ ئەکتەر ئۆرسۆن وێڵز و نواندنی بۆ رۆڵەکەی چونکە من وەکو خۆم ئەوم زۆر بەدڵبوو).

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان