شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تەئكیددەكاتەوە كە «شێوازی فەرمانڕەوایی لە هەرێم پێویستی بە گۆڕانكاریی بنەڕەتییە، تاكە هێزیش كە توانای ئەوەی هەبێت، تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە».
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ی.ن.ك، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، لە چوارقوڕنە لەگەڵ بەشێكی زۆر لە فەرماندە و تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتی، كۆبووەوە و ستایشی خەبات و فیداكاریی جەماوەر و فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەكانی دەڤەری راپەڕینی خۆڕاگری كرد و پێیڕاگەیاندن: ئێوە لە خەباتی شاخ و راپەڕینیشدا رۆڵی سەرەكیتان هەبووە لە بەدیهێنانی دەستكەوتەكاندا، لەم هەڵبژاردنەشدا بەدەنگەكانتان دەتوانن پارێزگاریی لەو دەستكەوتانە و پێكهێنانی حكومەتێك بكەن كە وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت.
راشیگەیاند: شێوازی فەرمانڕەوایی لە هەرێم كەموكورتیی هەیە و پێویستی بەگۆڕانكاریی بنەڕەتییە، تاكە هێزیش كە لەڕووی مەبدەئییەوە باوەڕی بە گۆڕانكاری و توانای ئەنجامدانی هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، وتیشی: ئێوەی تێكۆشەرانی دێرین و رێبوارانی رێبازی سەرۆك مام جەلال، رۆڵی بەرچاوتان هەبێت و كار بۆ نەهێشتنی خۆسەپاندن و قۆرخكاریی بكەن، تا حكومەتێكی نیشتمانی بهێنینە كایەوە كە كار لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك و گێڕانەوەی هیوا بۆ كۆمەڵانی خەڵك بكات، بۆ ئەوەش داواتان لێدەكەم دەنگ بە لیستی 129ی یەكێتی بدەن.
پاشان، قوباد تاڵەبانی، تیشكی خستەسەر ئاڵنگارییەكانی بەردەم پێكهێنانی دەسەڵاتێكی تەندروست و دادپەروەر، بەرنامەی یەكێتی-شی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی جددی لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمدا خستەڕوو و رایگەیاند: لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی سەركەوتنی یەكێتی دەبیستن.
باسی لەوەشكرد كە یەكێتی، ئێستا یەكڕیزە و بە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست كاردەكات و ناوماڵی خۆی رێكخستووەتەوە، كە ئەوەش داواكاریی جەماوەرەكەمان بوو، ئەوەندەش كەرەستە و ئەزموونی هەیە كە بتوانێت گۆڕانكاری لە حوكمڕانی و ژیان و گوزەرانی خەڵكدا بكات، بۆیە ئاسۆی سەركەوتن روونە و ئامرازەكەشی ئەوەیە كە هەمووان لە رۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بە لیستی 129ی یەكێتی بدەن.