بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی جێگری ئهدميراڵ ئێدوارد ئاڵگرن، راوێژكارى باڵاى بەرگریی بهريتانيا بۆ رۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد.
لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەگەڵ هاوپەیمانان کرا و جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت بەریتانیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عیراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و پێویستمان بە ستراتیج و پلانی نوێ هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.
پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ وتی، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت رێگریی لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکەمان تێکبدات.
پێشهاتەکانی سوریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەقامگیریی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی هەموو لایەک بە تایبەت کورد کردەوە.