سەدان هەڵسوڕاو و لایەنگری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەڤەری راپەڕین پشتیوانی لە لیستی 129 دەكەن

12:04 - 2024-10-08
کوردستان
190 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، لە رانیە سەردانی ماڵی قادر گوڵانی كرد، كە خۆی و بنەماڵەكەی و خزمەكانی، بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە نێو ریزەكانی ی.ن.ك.
لە دیدارێكدا، شێخ جەعفەر، رایگەیاند: ئێوە مێژوویەكی پڕ لە شانازی و فیداكاریتان هەیە لەنێو یەكێتیدا، كە حزبی خۆتانە و حزب شانازیی بەكەسانی خاوەن پێگە و كەسایەتییەوە دەكات. لە بەرامبەردا، قادر گوڵانی، جەختیكردەوە كە یەكێتی بووەتەوە جێی ئومێدی خەڵك و هەمووان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە تاكە حزبە بتوانێت داكۆكی لە ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بكات، بۆیە پشتیوانی لە لیستی 129 دەكەین.
لە شاری قەڵادزێش، لێپرسراوی ئەنجومەن، سەردانی ماڵی عەلی زودی هەڵشۆی كرد كە ماوەیەكە خۆی و سەدان بنەماڵەی هەڵشۆیی بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە نێو ریزەكانی یەكێتی و پێیوتن: یەكێتی، رێز لە تێكۆشان و قوربانیدانتان دەگرێت. لای خۆیەوە عەلی زودی، دڵنیاییدا كە هەموو پشتیوانییەكی یەكێتی و لیستی 129 دەكەن و وتی: بڕوای تەواومان بە سیاسەتی نوێی سەرۆك بافڵ و سەركردایەتیی یەكێتی هەیە.
هەر لە قەڵادزێ، شێخ جەعفەر، لەلایەن هەڤاڵ مەحمود حاجی ئاغای پشدەر و خزمانی هێرۆوە، پێشوازی كرا و سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی بنەماڵەی مەحمود ئاغای كرد كە هەمیشە پشتوپەنای شۆڕشی نوێ و یەكێتی بوون و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆریان بەخشیوە. مەحمود ئاغای پشدەریش، تەئكیدی لە هەڵوێستی نیشتمانیانەی بنەماڵەكەیان و خزمانی هێرۆ كردەوە لەسەر درێژەدان بە رێبازی سەرۆك مام جەلال و كاركردن بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەكێتی.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان