قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا لەگەڵ جەماوەری ناحیەکانی سەنگەسەر و ژاراوە و گوندەکانی دەوروبەریان کۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانی لە هەردوو کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا ئاماژەی بەوەدا، پارتی هیچ کاتێک وەک ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆز و شڵەژاودا نەبووە، ترسێکی وەها گەورەیان لێ نیشتووە کە دەزانن وەک رابردوو ساختەکارییان بۆ ناچێتەسەر، پەنایان بردوەتەبەر زیرەکی دەستکرد و دەنگی بەندە و سەرۆک بافڵیان بە شێوەیەکی سەقەت دروست کردوە تا بە خەیاڵی خۆیان پاشەکشە بە یەکێتی بکەن.
وتیشی، ئەم هەوڵانە هەمووی لە ترس و دڵەڕاوکێی دۆڕانەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە دەزانن ئەم یەکێتییەی ئێستا، یەکێتییەکەی پێش سێ ساڵ نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەهێز کە هیوای بۆ خەڵک گەڕاندووەتەوە و وزە و ئیرادەیەکی بەهێزیشی بە کۆمەڵانی خەڵک بەخشیوە بۆ گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال جەختیشی کردەوە لایەنێک بیەوێت حکومڕانی باش بکات، تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بۆ حکومڕانییەکی باش بەکاردەهێنێت نەک بۆ تێکدانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن.
وتیشی ئێمەی یەکێتی وەکچۆن پێشتر لە چەندین پڕۆژەی وەک بایۆمەتری و سیستمی یەکپەنجەرە تەکنەلۆژیمان بۆ چاکسازی لە حکومڕانی و ئیدارەداندا بەکارهێناوە، لەمەودواش تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بۆ راستکردنەوەی حکومڕانی و کاراکردنی دامودەزگاکانی حکومڕانی بەکاردەهێنین.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا رایگەیاند، درۆ و بوختان و هەوڵی تێکدانی پرۆسەی هەڵبژاردن فریای نەیارەکانمان ناکەوێت، هەر حزبێک بیەوێت بەهێزبێت دەبێت وەک یەکێتی فێربێت کە چۆن خۆی رێکبخاتەوە و هێز و وزەی سەرکەوتن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەربگرێت.