ئا: جەمال ئارێز
داواتان لێدەکەم لە رۆژی دەنگدان، سندوقەکان سەوز بکەن و هێز بدەن بەئێمە، دەنگ لەسەر ئێوە و شەڕ لەسەر ئێمە
لە سەرەتای پەیامەکەیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روو لە گەرمیانییەکان وتی: گەرمیانییە ئازیزەکان... گەرمیانی ئاسن... ئەو گەرمیانەی کە هەرگیز نەشکاوە و ناشکێت، یەک بەیەک دەستتان ماچ دەکەم، شەرمەزارتان کردم بەو چەپڵەیە. هەروەها وتی: کاک قوباد زۆر باسی ئێوەی گەرمیانیم بۆ دەکات، ئێستا دەزانم بۆچی بەو جۆرە ئێوەی خۆش دەوێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاند: هاتووە تا داوای لێبوردن لە یەک بەیەکیان بکات و وتی: لەو کاتانەی کە یەکێتی پڕبوو لە گرفت، ئێمە ئێوەمان لەبیرکردبوو، بەڵام ئێوە هەرگیز ئێمەتان لەبیر نەکرد و ئێوەبوون کە نەتانهێشت یەکێتی بڕووخێت و دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و کاک کۆسرەت و هێرۆخان، بوونە بڕبڕەی پشتی حزبەکە و نەتانهێشت پارچە پارچە بین.
پاشان وتی: ئەم گەرمیانە پڕ لە قارەمان و پڕ لە ئەنفالە، بەداخەوە ئەم حکومەتە لەجیاتی ئەوەی وەکو تاجی سەری بتانپارێزێت، کەچی کەم کەس وەکو ئێوە فەرامۆش کراوە.
هەروەها داوای لێبووردنی لە گەنجان و ژنانی گەرمیان کرد، کە هیچ هەلی کار نییە بۆیان و ناچاربن ئەم شوێنە جوانە بەجێبهێڵن و لەشوێنی دیکە بەشوێن کاردا بگەڕێن.
ئەم ناوچەیە بەگشتی غەدری لێکراوە، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەم تایبەتمەندیی دەدەین بەم ناوچەیە، چونکە قەرزاری ئێوەین و دەرفەتێکمان بدەن ئەو قەرزەتان بدەینەوە
بەڵام وتی: ئەگەرچی داوای لێبووردنتان لێ دەکەم، داواکاریشم هەیە لێتان، داواتان لێدەکەم لە رۆژی دەنگدان، سندوقەکان سەوز بکەن و هێز بدەن بەئێمە، دەنگ لەسەر ئێوە و شەڕ لەسەر ئێمە، تا ئەم حکومەتە بۆگەن و گەندەڵ و خۆسەپێنە کۆتایی پێبهێنین.
دواتر رایگەیاند کە پارتی دەپرسن کۆتایی بەچی دەهێنن؟ بۆیە من لە هەولێر پێیان دەڵێم کۆتایی بەچی دەهێنم!.
وتیشی: کە ئێوە دەنگتان دا بە یەکێتی، یەکێتی وەکو حزبەکانی دیکە نابێت و کە کۆتاییمان پێ هێنان، ئێمە وەکو ئەوان سیاسەت ناکەین، ئێمە کوردستان بەیەک چاو دەبینین و وەکو یەک خزمەتی هەموو کوردستان دەکەین، لە هەرچوار پارچەکە.
سەرۆک بافڵ ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو ناوچەیە بەگشتی غەدری لێکراوە و وتی: بۆیە بەڵێنتان پێدەدەم تایبەتمەندیی دەدەین بەم ناوچەیە، چونکە ئێمە قەرزاری ئێوەین و دەرفەتێکمان بدەن ئەو قەرزە بدەینەوە و پێشمان دەکرێت.
روونیشیکردەوە کە ئەمجارە دەیگۆڕن و پێیان دەکرێت، چونکە ئەمجارە پارتی ناتوانن ساختەکاری بکەن، ناتوانن 450 هەزار زۆمبی لە قەبرەوە بێننەوە دەرەوە و دەنگ بدەن، ئەمجارە کۆمسیۆن و تالی سەنتەر هی ئەوان نییە، بۆیە تۆقیون.
ئەمجارە ناتوانن ساختەکاریی بکەن، ناتوانن 450 هەزار زۆمبی لە قەبرەوە بێننەوە دەرەوە و دەنگ بدەن، ئەمجارە کۆمسیۆن و تالی سەنتەر هی ئەوان نییە، بۆیە تۆقیون
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دووساڵ لەمەوبەر بە د. فوئاد حسێنی وتووە «وەرن با رێکبکەوین، بە کاک مەسعود بڵێ وەرن با رێکبکەوین بۆ خزمەتی کوردستان، (بەڵام وتیان نایکەین)، بۆیە ئەو رۆژە پێم وت بڕۆ پێیان بڵێ ئەو پارتی دیموکراتی کوردستانە دەخەمە سەر ئەژنۆ، بۆیە دوو ساڵ و نیوە لێیان دەبەینەوە».
هەروەها وتی: ئەم یەکێتییەی ئەمڕۆ ئەو یەکێتییە نییە ئێوە لەبیر بکات، چونکە یەک یەکێتییە و ئەو یەکێتییەیە کە ئێوە داواتان لێ دەکردین. وتیشی: پارتی لە ئێوە تۆقیووە، ئەوەی لە سلێمانی و لە کۆیە و هەڵەبجە و ئێرە بینیان، هێشتا هەولێر ماوە و هەرگیز پارتیم وا نەبینیووە، هەر سەیری جموجۆڵەکانیان بکەن، هەموو شتێکیان تاقیکردەوە، کاک نێچیرڤانیان هێنا وتیان فریامان بکەوە، قاتە جوانەکەیان پێ داکەند و وتیان تۆزێک بجووڵێرەوە ئەو برادەرە وادەکات، نازانن کە بافڵیزم هەر بە یەکێتی دەکرێت.
وتیشی: هەزار و یەک کاریان کرد، ویستیان هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام پێیان نەکرا، ئاخر کەی پارتی وابووە لە هەڵبژاردن رابکات؟ ئەوان لە یەک دیبەیت تۆقیوون، ئەگەرچی ئەوە کەمێک لە رووی پڕۆتۆکۆڵییەوە خەتای منی تێدابوو، چونکە من سەرۆکی یەکێتم، کاک مەسرور جێگری دووەمی سەرۆکی پارتییە.
دوای ئەوەی هەر هیچیان پێ نەکرا کەوتنە جنێودان بەمن، هەستاون پرۆگرامێکیان لە ئینتەرنێت کڕیووە بە 10 دۆلار دەنگێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە من و کاک قوبادە، خۆزگە بمزانیایە راوێژکاری ئەمانە کێیە تا لەجیاتی سوپاس وازێکیان بۆ بنێرم.
ئەم گەرمیانە پڕ لە قارەمان و ئەنفالە، لەجیاتی ئەوەی ئەم حکومەتە وەکو تاجی سەری بتانپارێزێت، کەچی کەم کەس وەکو ئێوە فەرامۆش کراوە
لەکۆتاییشدا دووبارە وتی: من هەڵە بووم کە پێشتر وتبووم دوو حزب هەیە لەم کوردستانە کە بتوانن شتێک بکەن کە یەکێتی و پارتین، بەڵام دوای ئەم کارە ئاست نزمانەی پارتی بۆم دەرکەوتووە و تێگەیشتم کە ئەوان تەواو بوون و تەنها یەک حزب هەیە، ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بەس.