16 ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکوک

رۆڵی یەکێتی لە ھاوسەنگکردنی لێکەوتەکانی ریفراندۆمدا

10:24 - 2024-10-16
ڕاپۆرت
226 جار خوێندراوەتەوە
لە دوای ریفراندۆم بارودۆخێکی نائاسایی لە کەرکوک دروست بوو

راپۆرتی: ھێمن ئەحمەد



شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، دەرهاویشتەی کۆمەڵێک رووداوی سیاسی بوو کە لە ناوچەکەدا روویاندا و ناوچە دابڕێنراوەکان وەک لێکەوتەی ریفراندۆم کەوتنە بەر شاڵاوی داگیرکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک تاکە هێز لەناو شارەکاندا مایەوە بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیان و رێگریکردن لە روودانی شەڕێکی خوێناوی، ئەوەش وایکرد هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و بە تایبەت کەرکوک لە دەنگداندا متمانەی خۆیان بە یەکێتی ببەخشنەوە.
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک ـ سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کردنی ریفراندۆم لە کات و ژینگەیەکی نەگونجاودا بووە هۆی ئەوەی لێکەوتەی سیاسی و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەدا لێبکەوێتەوە.

ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک ـ سەڵاحەدینی یەکێتی بۆ کوردستانی نوێ   : 
ریفراندۆم لە کات و ژینگەیەکی نەگونجاودا کراو بووە ھۆی ئەوەی لێکەوتەی سیاسی و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەدا لێبکەوێتەوە

 

دیبلۆماسیەتی یەکێتی
وتیشی: وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاش لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ناڕازی نەبوون، بۆیە بەغدا ئەو هەلەی قۆستەوە و رێگەی بەخۆیدا هێزی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ گرتنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، ئەمیش وایکرد کە هێزی پێشمەرگە لەوکاتەدا بەبێ پشتیوانی نێودەوڵەتی بێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک تاکە هێز لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک شەهیدی لەوپێناوەدا بەخشی، بۆئەوەی خەڵکی کەرکوک تووشی ماڵ وێرانی نەبن، بڕیاریدا دیبلۆماسییانە خۆی بە دوور بگرێت لە شەڕێک کە کاولکاری بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەو دیبلۆماسیەتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وایکرد، هاووڵاتیانی ناوچە دابڕێنراوەکان بە تاکە هێزی دڵسۆزی بزانن لە ناوچەکەدا و لە کۆتا دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا وەک هێزی یەکەم متمانەیان پێ بەخشییەوە.

قورسایی بەرگری لەسەر یەکێتی
محەمەد عەلی نووسەر و رۆژنامەنووس خۆی شایەتحاڵی رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بوو، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە روماڵی هەموو رووداوەکانی بەرەکانی جەنگم دەکرد و ئەوەی هەستی پێدەکرا کە قورساییەکی گەورەی سەربازی کەوتووەتە سەرشانی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
وتیشی: تاکڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ تورکیا و ئەنجامدانی ریفراندۆم وایکرد، سەرەڕای ئەو هەموو قوربانییەی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام لەدوای ریفراندۆم کورد بەبێ پشت و پەنا بمێنێتەوە، لەکاتێكدا لە پلانی ئەمریکییەکاندا بوو پاداشتی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بکەن بەسەر داعشدا، بەڵام بەداخەوە پارتی بارودۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزیی بردو ئەو دەرئەنجامەی شانزەی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە کە هەموو لایەک پشتیان تێکردین.
محەمەد عەلی نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: پارتی هەموو هەوڵەکانی لەوەدا چڕ کردبووەوە کە ئەجێندای تورکیا جێبەجێ بکات، لەو چوارچێوەیەدا هەموو بەرژەوەندییەکانی کوردی خستە مەترسییەوە و کارەساتی بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان دروست کرد.

 

هیوا عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ   کوردستانی نوێ   : یەکێتی تاکە ھێزی کوردی بوو لە کەرکوک توانی بەرگری لە خەڵکی شارەکە بکات و سەروەت و ماڵی ھاووڵاتیان  بپارێزێت .

رێکەوتن لەگەڵ وڵاتان
محەمەد عوسمان ئەندامی خولی سێیەمی پەرلـــــەمانی عیــــراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: یەکێک لەو بڕیارانەی کە ســـەرۆکی ئەوکــاتی هەرێــمی کوردستان بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا و عیراق و تورکیا و ئێران لە دوای نەمانی شەڕی داعش دای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بوو لە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەوەش رەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و بوو بە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بۆئەوەی دەوڵەتەکان هێز بێننە سەری بۆئەوەی تا سنووری هەولێر بکشێتەوە.
وتیشی: هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێزە عیراقییەکان لە شەڕی داعشدا خەندەقێکی گەورەیان لە دەوری کەرکوک لێدا و سنووریان لە قەزای دووبز و ناحیەی پردێی کەرکوک جیاکردەوە.

محەمەد عەلی نووسەر بۆ کوردستانی نوێ   :  پارتی ھەموو ھەوڵەکانی لەوەدا چڕ کردبووەوە ئەجێندای تورکیا جێبەجێ بکات، لەو چوارچێوەیەدا ھەموو بەرژەوەندییەکانی کوردی خستە مەترسییەوە


ئاڵۆزبوونی دۆخەکە

هیوا عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرماندەی پێشمەرگە، لەسەر لێکەوتەکانی ریفراندۆم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەر لە دوای ریفراندۆم، بارودۆخێکی ئاڵۆز هاتە ئاراوە و بەغدا بە هێزێکی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر بیرە نەوتەکانی کەیوان و دەوروبەری کەرکوک بۆ دەستبەسەراگرتن و داگیرکردنی، بەڵام لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆئەوەی دۆخەکە ئاڵۆز نەبێت بەرگری لەو داگیرکارییە کرد و رێگەی نەدا، لە کاتێكدا رۆژ لە دوای رۆژ بارودۆخی سیاسی کەرکوک بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە بەرەو خراپ بوون دەچوو.
وتیشی: هەر بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاکە هێزی کوردی بوو لە کەرکوک کە توانی بەرگری لە خەڵکی شارەکە بکات و سەروەت و ماڵی هاووڵاتیان بپارێزێت و شان بەشانی خەڵک لە کەرکوکدا بمێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئەمریکا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نەبوون، ئەمە دەستی حکومەتی عیراقی واڵاکرد بۆئەوەی دژی هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە و هێز بهێنێتە شارەکە.

#16 ی ئۆکتۆبەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان